هۆشیاری عەبدولعەزیز 

لە فەرهەنگی سیاسیی هاوچەرخدا، دیموکراسیی کارتۆنی نوێترین و مەترسیدارترین جۆری دیموکراسی ستەمکارییە لە کۆمەڵگا دا ، چونکە لە پانتای تابلۆی پرۆسەکەدا وەک شانۆگەریەک ڕەوایەتی دەبەخشێتە بەردەوامیدان بە دەسەڵاتێک کە لە فەزای گشتیدا و لە ڕێگەی سندوقی دەنگدانەوە هەڵبژێردراوە و مافی بەڕێوەبردن و حوکمڕانی هەیە، ئەم جۆرە سێستەمە  وەک ژان بۆدریار فەیلەسوف و کۆمەڵناسی فەرەنسی ئەڵێ "دیموکراسی کارتۆنی هێندە مەترسیدارە کە زۆرجار ڕووداو دیاردە ساختەکان لە ڕاستییەکە ڕاستیتر پێشاندەدات" واتا ئەم سێستەمە بۆخۆی گوزارشتە لە پرۆسەیەک کە هەموو ڕوواڵەتەکانی دیموکراسی وەک (هەڵبژاردن، پەرلەمان، و دەستوور) بەشێوەیەکی ساختەکارانە و وەک کارتۆنێکی بێ‌ڕۆح نمایش دەکات و بەمەش هەوڵدەدات ناوەرۆکە ڕاستەقینە مەترسیدارەکەی ئەم پرۆسەیە کە "قۆرخکاریی دەسەڵاتە" بشارێتەوە. مەترسیی گەورەی ئەم مۆدێلە لەوەدا کورت دەبێتەوە کە "وەهمی ئازادی" بە هاوڵاتی دەبەخشێت و ململانێی سیاسی لە کێبڕکێی بەرنامە وپڕۆژەی چاکسازی و خزمەتگوزاری گشتی دەگۆڕێت بۆ تەمسیلێکی بێ‌مانا و تەنها پرسە ڕواڵەتیەکان دەکرێتە پڕۆژە و دەخرێتە ڕوو . 

ئەم مۆدێلە لە حوکمڕانی، کە لە ناوەرۆکدا خاڵیە لە هەر جۆرە بەهایەکی مرۆیی و یاسایی. هەوڵدەدات خۆی وەک شانۆیەکی ڕێکخراو وابەستە بەحەقیقەتەوە پێشان بدات ئەمەش بە جۆرێک لە جۆرەکان پرۆسەیەکە بۆ داشارینی ئەو تێگەیشتنە چەواشەکارانەیەی کە کارلەسەر پێشاندانی سندوقەکانی دەنگدان، پەرلەمان، و دەستوور دەکات و دەیەوێ لەو ڕێگایەوە ڕەوایەتی  بە دەسەڵاتێکی چەقبەستووی قۆرخکار بدات کە ناوەخنەکەی جگە لە ئیحتکارکردنی سوڵتە و دیسپلینکردنی ڕای گشتی هیچ بەهایەکی خودی و بابەتی نییە . 

مەترسیی ئەم جۆرە دیموکراسییە لەوەدایە کە حزب لە هەناوی خۆیدا گەورەدەکات و کۆمەڵگا بە ئاراستەیەکی ناهاوسەنگ و شێواو دەبات و لە هەمانکاتیشدا هەموو ڕێڕەوەکانی بڕیاردان و سەرچاوەکانی هێز لە لایەن گروپگەلێکی مافیای یان بنەماڵەیەکی سیاسییەوە قۆرخ دەکرێ و  بەپێی مەزاج و بەرژەوەندی خۆیان مامەڵە دەکەن و پێویستیان بەوە دیموکراسییە ڕاستەقینەیە نییە کە کۆمەڵگا خەونی پێوە دەبینێ . 

لەم جۆرە سێستەمەدا کە لەسەر بنەمای "پڕۆسەیەکی بێ ناوەرۆک" کار دەکات. هەڵبژاردن دەکرێت، بەڵام پێشوەختە ئەنجامەکان لە ژوورە تاریکەکاندا دیاری دەکرێ، پەرلەمان هەیە، بەڵام تەنها بۆ مۆرکردنی بڕیارەکانی سەرۆک یان مەکتەبی سیاسییە؛ یاسا هەیە، بەڵام تەنها وەک قامچییەک بۆ سزادانی نەیارەکان و خەڵکانی بێپشت و پەنا بەکاردێت. لەم چوارچێوەیەشدا "ئیرادەی گشتی" دەکرێتە قوربانیی بەرژەوەندییەکانی دەستەبژێرێکی سیاسی بازرگان کە دیموکراسییان وەک ئامرازێک بۆ مانەوە لە دەسەڵات قبووڵە، نەک وەک ڕێگەیەک بۆ تاودانی دەستاودەستکردنی ئاشتییانەی دەسەڵات و لێپێچینەوە. 

کاتێک ئەو پانتایە نامێنێ و هەمووی دەکەوێتە دەستی کەسانی بەرژەوەندخوازی حزبی ، ئیتر کار لەسەر دروستکردنی "ئۆپۆزسیۆنی کارتۆنی" و "کۆمەڵگای مەدەنیی دەستەمۆ و بێهێزکردنی هەموو ئەو دامەزراوانە دەکرێ کە دواجار دامەزراوەی چاودێرین و دەتوانن دەوڵەت بهێننە پای لێپرسینەوە. لەم ژینگەیەدا تەنها سیاسەت و کۆمەڵگا تەوق ناکرێ بەڵکوو میدیای ئازاد دەکرێتە بارمتەی پارەی سیاسی، و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی دەکرێنە پاشکۆی حزبەکان و بەم شێوەیە، کایەی گشتی چۆڵ دەکرێت لە هەر جۆرە گفتوگۆیەکی ڕاستەقینە و تەنها دەنگی دەسەڵات و پاشکۆکانی دەبیسترێت. جەماوەر لەم دۆخەدا تووشی جۆرێک لە بێئومێدی و بێدەربەستیی سیاسی دەبێت؛ چونکە دەزانێت دەنگەکەی تەنها ژمارەیەکی بێبایەخە لە ناو هاوکێشەیەکدا کە پێشوەختە کۆتایی هاتووە. لەم ئاستەشدا مەترسیی هەرە گەورەی دیموکراسیی کارتۆنی، داڕمانی بەها ئەخلاقی و سیاسییەکانی هاووڵاتیبوونە. کاتێک هاووڵاتی دەبینێت کە یاسا تەنها بۆ لاوازەکانە و سندوقی دەنگدان هیچ گۆڕانکارییەک دروست ناکات، ئیدی پەنا دەباتە بەر جۆرێک لە "کۆیلایەتیی سیاسی" یان بەرژەوەندیخوازیی کەسی. ئەمەش وادەکات کە کۆمەڵگا لە ناوەوە بپوکێتەوە و هەستی نیشتمانپەروەری جێگەی خۆی بۆ دڵسۆزیی حزبی و ناوچەیی چۆڵ بکات. بەمەش دەسەڵات دەبێتە چەترێک بۆ پاراستنی گەندەڵی و ستەمکاری، و شێواندنی کایەی کۆمەڵایەتی ، وەک ئەوەی ئێستا لە کایەی سیاسی کۆمەڵگای کوردستاندا دەبینرێ. 

بۆیە ئەوەی لێرەدا درکی پێدەکرێ ڕێک ئەو پرۆسەیەیە کە ئاماژەم پێکرد ، پەرلەمان وەک بەرزترین دامەزراوەی یاسایی، پشتگوێخراوەو گۆڕاوە بۆ هۆڵێکی بێدەنگ و بێ بەها و تەنها وەک دامەزراوەیەکی فەرمیی حزب کە هیچ کاریگەریەکی نیە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت ، سندوقەکانی دەنگدانیش هێندە بێ ئەرزشن چیتر ناتوانن ببنە ئامرازی لێپرسینەوە و دەستاودەستکردنی دەسەڵات  وەک ئەوەی لە ناوەخنی فۆڕمی سێستەمی دیموکراسی ڕاستەقینەدا کاری پێدەکرێ و وەک فێڵێکی مێژوویی بەکاردێت بۆ نوێکردنەوەی تەمەنی ئەو ستەمکاریەی لەژێر پەردەی شەرعییەتی جەماوەریدا مامەڵە دەکات. ئەمە ڕێک ئەو خاڵەیە کە ژان بۆدریار ئاماژەی پێ دەکات؛ کاتێک "ساختەکە لە ڕاستییەکە ڕاستیتر دەردەکەوێت"، هاوڵاتی لە ناو وەهمی دامەزراوە کارتۆنییەکاندا وندەبێ و وا هەست دەکات خاوەن بڕیارە، لە کاتێکدا تەنها تەماشاچیی شانۆگەرییەکی سیاسیی چەواشە کارە و هیچی تر .

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا