عوسمان زیندانی
لە ڕوانگەی مافی مرۆڤەوە
دەستدرێژی دەرەكی و ناعەدالەتی ناوخۆیی
بەپێی جاڕنامەی گەردوونی مافەكانی مرۆڤ پێویستە هەموو مرۆڤێك بەئازادی بژی و ژیان وچارەنووسی پارێزراو بێت ٠
ئەوەی ئێستا لە هەرێمی كوردستان و لە تەواوی بەشەكانی تری كوردستانی دابە شكراو ڕوو دەدات، لە سەر ئاستی ناوخۆیی و دەرەكیدا پێشێلكردنی زەقی مافەكانی مرۆڤە.
ئەنقەرە و تاران و دیمەشق و بەغداد سەرباری ناكۆكیەكان، لەهەر چوار لاوە یەكیان گرتووە و هێرش وفشاری سیاسی و ئابووری و سەربازی و ئەمنی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیان هەیە بۆ سەر گەلی كوردستان ٠
لە ڕۆژئاوا و باكور : توركیا ڕاستەخۆ هێرشی سەربازی كردۆتە سەر ڕۆژئاوا و بەشێكی داگیر كردووە و بەردەوامە لە بۆردوومانی شوێنە خزمەتگوزاری و مەدەنیيەكان و خاپوور كردنی ژێرخانی ئابووری و كوشتنی خەڵكی مەدەنی و ڕۆژانە بەدەیان كەس دەبنە قوربانی هێرشی ئاسمانی وزەمینی سوپای توركیا ، لەلایەكی تریشەوە دەوڵەتی سوریا سەرەڕای كێشە سیاسيیەكانی خۆی و بەرخودانی گەلی ڕۆژئاوا دژی داعش بۆ پاراستنی سوریا، بەڵام ئامادە نيیە دان بەدەستووریبوونی دەسەڵاتی خۆسەری ڕۆژئاوادا بنێت و بەردەوامە لە سیاسەتی نكوڵیكردنی ناسنامەی گەلێكی چەوساوە و بێهەڵوێستە لەهەموو ئەو داگیركاریيەی توركیا بۆ سەر ڕۆژئاوا ٠
لەناوخۆی توركیاشدا حكومەتی ئەردۆغان بەردەوامە لە پێشێلكردنی پرەنسیپەكانی دیموكراسی و گرتن و زیندانیكردنی پەرلەمانتاران و سەرۆك شارەوانيیە هەڵبژێردراوەكان و چالاكانی مەدەنی و سیاسی ٠
لەڕۆژهەڵات : كۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوامە لەسەر كوتی سیاسی و ڕووتانەوەی ئابووری گەلانی ئێران و گەلی كورد بەتایبەتی ، كەم ڕۆژ هەیە لاشەی ڕۆڵەیەك یان چالاكوانێكی سیاسی نەكرێت بەدارەوە، یان ژنانی ئازادیخواز نەكەونە بەرلێدان و ئازار و كوشتنی سوپای پاسداران، لەڕۆژهەڵاتەوە لەجیاتی هەموو ڕۆژێك خۆر هەڵبێت بەپێچەوانەوەی سووڕانی گەردوونەوە خۆری ئازادی زیاتر دوور دەكەوێتەوە و ئاوا دەبێت و فەزای كۆمەڵگە كراوەتە سەربازگەیەكی گەورە و سەركوتی ڕاستەخۆی شۆڕشی ژینا و ئازادی گەل و چەوساوەكان دەكرێت، فشارەكانی بەرامبەر ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینەی ئێران زیاتر كردووە جگە لە بۆردوومانی ئاسمانی و كوشتن و فڕاندنی سەركردە و پێشمەرگەی لایەنە سیاسیەكانی ڕۆژهەڵات و ئێران و بەپشتبەستن بەدەوڵەتی عێراق فشارەكانی لەڕێگەی ڕێكەوتنێكی نادادپەروەرانە و نایاساییەوە زیاتر كردووە لەسەر ئۆپۆزسیۆنی موجود لە هەرێمی كوردستان ٠
لەهەرێمی كوردستان : دەسەڵاتی تاران و ئەنقەرە و بەغداد بەردەوامن لەسەر هەوڵدان بۆ بچوككردنەوە و نەمانی قەوارەی هەرێم، عێراق لە ڕێگەی فشاری دارایی و یاسایی و سیاسی بەپشتبەستن بەبڕیارەكانی دادگای فیدرالی و لەلایەكی ترەوە بەجێبەجێنەكردنی هەندێك ماددە وبڕگەكانی دەستووری عێراق لە بارەی كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكانی لە هەرێمی كوردستان وبێدەنگبوون و بێهەڵوێستی لەڕووی كرداریيەوە بەرامبەر ئەو هەموو پێشێلكاریيانەی دەوڵەتی توركیا و ئێران دەیكەنە سەر هەرێم وخەلكەكەی، كە پێچەوانەی یاسای نێو دەوڵەتیيە، توركیاش لەڕێگەی درۆن و فرۆكەی جەنگی و تیرۆرەوە بەردەوامە لەسەر كوشتنی گەریلا و چالاكوانانی سیاسی وهێرش بۆ سەر كەمپی ئاوارەكان و فڕۆكەخانەی سلێمانی وعەربەت٠
ئێران بەئاشكرا و بەڕۆژی ڕووناك و بەبەرچاوی دنیاوە دەڵێ من بۆردوومانی هەولێرم كردووە ، درۆنەكانی لەڕێگەی ( حشدی شەعبی ) ئێرانی لە عێراقدا بۆردوومانی فڕۆكەخانەی هەولێر و دەوروبەری دەكەن ٠
دەوڵەتە زلێهزەكانی جیهانیش كە خۆیان بەپارێزەری ئازادی و دیموكراسی دەزانن سەرباری ئەوەی بەرژەوەندی سیاسی و ئابووریيان هەیە لە عێراق و هەرێمی كوردستان، بەڵام لەڕووی مەیدانی و كرداریيەوە هیچ هەوڵێكی نێو دەوڵەتی، یان ناوچەیی نادەن لەباری سیاسی و قانونیيەوە بۆ پاراستنی هەرێم و خەڵكەكەی ٠
لەم دۆخە دژوار و سەپاوەش خراپتر ئەوەیە گەلەگەمان و بەتایبەت خەڵكی هەژار و مووچەخۆران دەناڵێنێت بەدەست ستەم و ناعەدالەتی دەسەڵاتی ناوخۆی هەرێمەوە لە پێشێلكردنی ماف و ئازادی هاونیشتمانیان و بێكاری گەنجەكان و بێ مووچەیی و ناكۆكی سیاسی، كە بووەتە هۆی لاواز بوونی ئیرادە و دابەشبوونی شەقامی كوردستانی، ئەم ڕەوش وهەلومەرجە مەترسیدار و نادادپەروەرەی ڕاستەخۆ و ناڕاستەوخۆ لە ناوەو دەرەوی هەرێم هەیە، دەرئەنجامە خراپەكانی لە سەر ئیرادە و ژیان و چارەنووسی خەڵك كەوتۆتەوە و پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ و یاسا و ڕێسا نێودەڵەتیيەكانە ٠
لەم قۆناغەدا پێویستە گەل و چین و توێژە چەوساوەكان و ئینسانە ناڕازیەكانی كۆمەڵگە خۆیان ڕێكبخەن و ئاراستەی سیاسی خۆیان بەباشی بدۆزنەوە كە ئەم دەسەڵاتانە حوكمی بۆرژوازی و سیاسەتی سەرمایەدارانەیان هەیە دژی ئینسان و كۆمەڵگە ، كە تەنها گەل خۆی سەرچاوەی ڕزگاربوونیيەتی لە ناعەدالەتی ناوخۆی دەسەڵاتی هەرێم و ستەمكاری و هێرشی دەوڵەتە دیكتاتۆرەكانی ناوچەكە ، مێژووی گەلان ئەزموونی زۆری هەیە لەم جۆرە لە قۆناغی سیاسی كە ئاڵنگاریيەكان هەمەلایەنە و فرە جەمسەرن، هەر بۆیە ڕووبەڕووبوونەوە دەبێت بەبەرنامەیەكی هەمەلایەنە و بە یەكگرتوويی بێت بەرامبەر بە ستەمی ناوخۆیی و خۆپاراستن لەمەترسی دەرەكی ٠