هۆشیاری عەبدولعەزیز 

لە فەلسەفەی حوکمڕانی و پێکهاتەکانی سێستەمی فەرمانڕەوایی دا، هەمیشە پەیوەندی نێوان "دەسەڵات" و "هاووڵاتی"  وەک پەیوەندیەکی پڕ لە گرێۆگۆڵی مەترسیدار بینراوە. چونکە کاتێک دەسەڵات لە فۆڕمی ئامرازێکەوە بۆ ڕێکخستنی کۆمەڵگا دەگۆڕێت بۆ ئامانجێکی مەترسیداری کۆنترۆڵکردنی  سەروەری و ئیرادەی گشتی ، یەکەم قوربانی نەک تەنها ئازادییە سیاسییەکان، بەڵکو خودی "کەرامەتی مرۆیی"یە و کۆمەڵگا بەرەو ناسەقامگیری و ستەمکاری دەبات. 

بۆیە دەوترێ مەترسی دەسەڵاتی ڕەها لە ڕەهەندە مێژوویەکەیدا  تەنها بەکارهێنانی توندوتیژیی فیزیکی نییە، بەڵکو لەو پرۆسە سیستماتیکییەدایە کە هاوڵاتی لە "بونەوەرێکی خاوەن ئیرادە"وە دەگۆڕێت بۆ "ئامرازێکی بێدەنگ و بێکاریگەری پاسیڤ و توانای هیچ ڕووبەڕووبوونەوەیەکی نامێنێ ، لەکاتێکدا کەرامەت مافێکی سروشتی و بنەڕەتی هەموو مرۆڤێکە و پێویستە دەوڵەت لە فەزای پاراستنی سەروەریدا وەک بنەمای سەرمایەی کۆمەڵایەتی بیپارێزێ ولەناو مەکینەی دەوڵەتدا نەیتوێنێتەوە. بەڵام کاتێک دەسەڵاتی سیاسی لە ئەرکە ڕەسەنەکەی لادەدات، کە پاراستنی مرۆڤ و بەها گشتیەکانێتی و دەست بۆ کەرامەتی تاک دەبات و دەکەوێتە پێشێلکردنی سەروەری  یاسا و پەلاماردانی نەیار و دەنگە ناڕازیەکان، مرۆڤ دەکاتە ئامراز بۆ گەیشتن بە ئامانجە سیاسییەکانی خۆی و هیچ بەهایەک ناهێڵێتەوە بۆ ڕەوایەتی دەسەڵات و ئەرکەکانی 

ڕوودانی ئەم گۆڕانکاریەش دەبێتە هۆی دروستبوونی ژینگەیەکی مەترسیدار و ترس شوێنگەی سەقامگیری و ئاسایشی کۆمەڵایەتی دەگرێتەوە و کۆمەڵگا دەخاتە دۆخێکی شڵژاوەوە و گەشە و جوڵەی بزاوتی بەرەوپێشچوون ڕادەوەستێ هیچ شتێک لە شوێنی خۆیدا نامێنێتەوە و ترس و سەرکوتکردن دەبێتە نۆرمێکی نوێی ژیان و کاردەکاتە سەر کایەی مەعریفیی کۆمەڵگا . 

لەم دۆخەشدا هەر جۆرە ڕەخنە و  ناڕەزاییەک وەک خیانەتی نیشتمانی لێکدەدرێتەوە و کۆمەڵگای پێ لە قاڵب دەدرێ و کار لەسەر هەڵوەشاندنەوەی پەیوەندییە ئاسۆییەکانی نێوان هاووڵاتیان و کۆمەڵگا  دەکات و مرۆڤ لە ئامانجەوە دەگۆڕێ بۆ ئامراز ، و وەک کەرەستەیەک بۆ مانەوەی خۆی یان وەک ژمارەیەک لە هاوکێشەکاندا بەکاردەهێنێ، و بەمەش هاووڵاتی ناچار دەکات لە نێوان کەرامەت و بژێویدا یەکێکیان هەڵبژێرێت، تا لەو ڕێگایەوە ڕۆحی گشتیی بکوژێت و تاک تووشی جۆرە نامۆبوونێکی قووڵی کۆیلە ئاسا بکات بەرامبەر بە خاک و دەوڵەت و هیچ ئینتمایەکی نەمێنێ. 

بۆیە کە لە ڕوانگەی ئەم حەقیقەتەوە لە مێژووی حوکمڕانیی کوردی دەڕوانین و ڕۆدەچینە قوڵایەکانی سیاسەتی حوکمڕانیدا تێدەگەین کە ئەم دەسەڵاتە بە چی ئاراستە و هاوکێشەیەکدا هەنگاو دەنێ و دەیەوێ چی کات و چۆن دەسەڵات لە ئامرازێک بۆ خزمەت، بگۆڕێ بۆ ئامانجێکی ڕەها بۆ مانەوەی خۆی 

ئەو گرێچنە مەترسیدارەی کە ئەمڕۆ لە هەرێم دەبینرێت، دەرەنجامی گۆڕانی فۆڕمی دەسەڵاتە بۆ چەمکی "خاوەندارێتی". لێرەدا دەوڵەت یان حکومەت، چیتر ڕێکخراوێکی بێلایەن نییە بۆ بەڕێوەبردنی جیاوازییەکان، بەڵکو بووەتە ئامێرێکی گەورەی کۆنترۆڵکردن و  لە کایەی گشتییەوە گوازراوەتەوە بۆ کایەی خێزانی و حیزبی و تێکڕا کار لەسەر تێکشکاندنی ئیرادەی گشتی دەکات و خەریکە  هەنگاو بە هەنگاو ئیرادەی نوخبە دەسەپێنرێت. 

لەولاشەوە سەبر سەبر بەرەو ستەمکاریی مۆدێرن هەنگاو دەنێ و لە ئێستادا لە قۆناغی "ستەمکاریی نەرم"دایە و خەریکە کۆمەڵگا دەخنکێنێ  ئەویش لە ڕێگەی پەراوێزخستنی یاسا و قایمکردنی ئابووری حزبی و  بەکارهێنانی سامانی گشتی و هێزە چەکدارەکان لە هێزی نیشتمانیەوە بۆ هێزی حزبی و  پاسەوانی بەرژەوەندییە تایبەتیەکانی دەسەڵاتداران .

ئەم هەنگاوانە و زۆریتریش کە ئەم  دەسەڵاتە دەستی داوەتێ ، لەکاتێکدایە پرسی کورد و مافە ڕەواکانی لە بەردەم هەڕەشەی نێو دەوڵەتی و گۆڕانکاریەکانی ناوچەکە و بەرژەوەندیە هاودژەکاندایە ، دەوروبەرە هەرێمایەتییەکە و هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان لە گۆڕانکارییەکی خێرای "دژە کورد"دان و هەموو هەوڵەکان بە ئاراستەی شێواندنی ناوخۆ و تێکشکاندنی ئینتیمای نیشتمانی و دورخستنەوەی هاووڵاتییانە لە دڵسۆزی بۆ قەوارەی هەرێم ، چونکە کاتێک هاوڵاتی هەست بە شکاندنی کەرامەتی دەکات هیچ مەیلێکی بۆ بەرگری و قوربانیدان لە خاک و نیشتمان نامێنێت ، نەمانی ئەم ئینتیما و مەیلەش لەم قۆناغ و هەڵومەرجەدا  گەورەترین دەسکەوتە بۆ وڵاتانی ناوچەکە و باشترین دەرفەتە بۆ داڕمانی دەسکەوتەکان و ئەزموونی حوکمڕانییەکە و چیتر پێویستیان بە جەنگی گەورە نییە بۆ ڕوخان، بەڵکو بە فشارێکی دەرەکی بچووک تووشی هەرەس و داڕۆخان دەبێت و ئیتر پرسی کورد لە "دۆزێکی مرۆیی و نەتەوەیی"یەوە کورتدەکرێتەوە بۆ "کێشەی دەسەڵاتێکی ناوخۆیی"، ئەمەش دەستکراوەیی دەداتە هێزە ئیقلیمییەکان بۆ دەستوەردانی زیاتر و سڕینەوەی ئەو مەیلە نێوودەوڵەتییەی کە زیاتر لە ٣٥ ساڵە پشتگیری لە پرسی کورد دەکات بۆ بەرجەستەکردنی جۆرێک لە سەقامگیری نەتەوەیی لە ناوچەکەدا .

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا