
كمال چۆمانی
بێهیوایی، پاولۆ فرێیرە دەڵێ، کە فۆرمێکە لە بێدەنگیی، لە رەتکردنەوەی ئەو دونیایەی کە تێیداین. بەڵام ئەو رەتکردنەوەیە، بۆ ئەوە نییە فۆرمێکی تر لە ژیان و سیاسەت دروستبکرێ، بەڵکو فۆرمێکە بۆ راکردن لێی.
مرۆڤ هەرچەند لە واقیعی ناشیرین رابکات، بە فۆرمی تر و لە شوێنی تر هەر روبەڕوی دەبێتەوە؛ بۆیە، بێهیوایی راکردنە لە واقیعی تاڵ کە بە ملتەوە گرێدراوە و هەرچەند لێی رابکەیت لێت نابێتەوە.
بەڵام هیواش مانای ئەوە نییە بە هەمان ئەو پارادایمە سیاسەت و ژیان بکەی کە خۆت شەڕی دەکەیت. ئەوکات هیوا دەبێتە فۆرمێکی خودشەیدایی ناشیرینتر لە ئەوەی لە بەرانبەریدا سیاسەت و شەڕ دەکەیت. کوردایەتی فۆرمێکی هیوا بو دژ بە بەعسیزم و شۆڤێنیزمی عەرەبی، بەڵام چونکە پارادایمی کوردایەتی هەمان پارادایمی شۆڤێنیزیمی ناسیۆنالیزمی عەرەبی و بەعسیزم بو، ئێستا ناسیۆنالیزمی کوردی (کوردایەتی) فۆرمێکی ناشیرینتری ناسیۆنالیزمی عەرەبییە. حوکمڕانیی کوردیی، فۆرمێکی زۆر گەندەڵتری حوکمڕانیی بەعسیزمە.
هەر بە قسەی پاولۆ فرێیرە، مرۆڤ بونێکە لە پراکسیس، واتا هزر و چالاکی. ئەو پراکسیسە مرۆڤ لە ئاژەڵ جیادەکاتەوە. ئاژەڵ لە دونیا تێناگا، ناتوانێت بیگۆڕێ، ژینگەیەکی هەیە و لەو ژینگەیەدا دەژیێ. مرۆڤ دەتوانێت ژینگەکەی بگۆڕێ، ژینگەکە بە کاڵا بکا. مرۆڤ لە دونیادا قوڵ دەبێتەوە و ورددەبێتەوە، لەگەڵ یەکتر گفتوگۆ دەکەن و تێیدا روئیای تر بۆ ژیانکردن پێشدەخەن. ئاگایی مرۆڤ بەبەردەوامی دەکرێ لە گەشەدان بێ. مەیمونێک نابینیت ئۆتۆمبێلێکی دروستکردبێ. یان بۆق و چێڵ نابینیت بەیەکەوە کۆببنەوە و لەسەر گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی پێکبێن. یان قازەکان کۆببنەوە ریفراندۆمێک بکەن تا بزانن چەند خواردن بخۆن لە کاتی وشکەساڵیدا. لەو رۆژانە ڤیدیۆیەکم بینی جوجەڵەی باڵندەیەک لە خوشک\براکەی دەدا چونکە خواردنیان کەم بو. گەورەکە هێند لێی دەدا تا دەیکوژێ تا خۆی بمێنێتەوە. بەڵام ئینسان لە دۆخی وادا دەتوانێت بیربکاتەوە.
فرێیرە ئاماژە بە وتە بەناووبانگەکەی لێنین دەکات <<بەبێ تیۆرییەکی شۆڕشگێڕی، هیچ بزوتنەوەیەکی شۆڕشگێڕی دروستنابێ.>> لای ئێمە، حیزب و کەسایەتی نوێ نوێ زوزو سەرهەڵدەدەن، وەک نەوەی نوێ، بەڵام وەک ئاردی ناودڕییان زو پەرشوبڵاودەبن و بۆت کۆناکرێنەوە.
بزوتنەوەی گۆڕان دژ بە یەکێتی و سیستەمی سیاسیی کوردستان دروستبو، بەڵام چونکە خاوەنی هزر نەبو، خاوەنی تیۆری نەبو، تەنها وەک چالاکی مایەوە و ئێستا ون بوە.
نەوەی نوێ بە هەمان دەرد چو، هاوپێیمانێتییەکەی بەرهەم ساڵح زو ون بو. بەرەی گەل بەر لەوەی دەربکەوێ ون بو.
رەوتی هەڵوێست بە هەمان دەرد دەچێ، چونکە رەوتی هەڵوێستیش تەنها خاوەنی هاتوهاوارەکەی شاسوار عەبدولواحیدە.
یەکێتی هەمان پارادایمی پارتی بەکاردێنێ بۆ روبەڕوبونەوەی پارتی، لە هزر و چالاکیدا، لەڕوی سیاسەتی گشتیشەوە، یان پۆڵسییەوە، یەکێتی تەنها لە قسەکردن جیاوازە لە پارتی نەک جەوهەردا. بێگومان لێرە و لەوێ جیاوازیی بچوک-بچوک هەن، بەڵام ئەو جیاوازییانە جەوهەری نین.
بەرەی گەل و نەوەی نوێ و گۆڕان و رەوتی هەڵوێست و تەنانەت ئیسلامییەکانیش، تەنها لەڕوی هەندێک قسەوە لە یەکێتی جیاوازن نەک لە جەوهەردا. بۆ نمونە هەر هەمویان سیاسەتی ئابوریی نیۆلیبرالیزم جەوهەری کارکردنیانە. هەر بەڕاست، تۆ لە کامپینی هەڵبژاردنی هەمو ئەوانەدا چ شتێکت بیرماوە کە ئەلیف لە با جیابکاتەوە و چاوەڕێ بیت لە پارلەمانی عێراقدا شەڕی بۆ بکا؟
بە کورتی، ئۆپۆزسیۆنی ئێمە ئەگەر کۆی کورسییەکانیش بەدەستبێنێ، ئەگەر حوکمڕانیش بگرێتە دەست، بەو عەقڵییەت و هزر و چالاکییەی ئێستایان، ناتوانن ببنە خاوەنی پارادایمێکی نوێ. هەروەک چۆن کوردایەتی روی ناسیۆنالیزمی عەرەبی سپیکردەوە، هەروەک چۆن یەکێتی روی پارتی سپیکردەوە، بە هەمان شێوەش ئۆپۆزسیۆن روی دەستەڵاتدارێتی یەکێتی و پارتی سپیکردەوە.
زۆر بەداخەوە هەڵبژاردن لای ئێمە وای لێ هاتوە تەنها چێژ لەوە ببینین کە کێ دەرناچێ، یان کێ دەیباتەوە، نەک بڕوایەک بێ بە دیموکراسی و بیر لەوە بکەینەوە وەرچەرخانێک روبدا. واتا حەز یا رقێکی شەخسی یا بنەماڵەیی و عەشیرەتیمان هەیە، یان حیزبی، بۆ ئەوەی فڵان هێز یان کەس بباتەوە یا بدۆڕێنێ نەک بۆئەوەی سیاسەت بگۆڕێ، بەڵکو تەنها بۆ گۆڕینی میزاجمان بۆ چەند رۆژێک. لە ئەڵمانی بەمە دەڵێن شادێنفرۆیدە Schadenfreude واتا چێژ بین و دڵخۆشی بە دۆڕان و نەهامەتی و بەدبەختی بۆ ئەویتر. ئەوەش ئەوپەڕی بێقیمەتکردنی هەڵبژاردن و دیموکراسییە کە پارتی و یەکێتی و ئۆپۆزسیۆنیش وایان لێ کردین هەڵبژاردن وەک یارییەکی بەرشەلۆنە و ریاڵ مەدرید ببینین نەک وەک گەمەیەک بۆ وەرچەرخاندنی سیاسەت و پێشخستنی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری.
کۆمەڵگای کوردی ، رۆشنبیری کوردی، میدیای کوردی، ئۆپۆزسیۆنی کوردی، و سیاسەتی کوردی، هەر بە قسەی پاولۆ فرێیرە، پێویستی بە دایەلۆگە لەگەڵ خۆی و لەناو خۆیدا بۆ پێشخستنی پارادایمێکی نوێ، ئەلتەرناتیڤێکی نوێ، ئەگەرنا هەر خولانەوە دەبێ لەناو بازنەدا.