م. هێمن عەلی گۆران

 

ساڵانی رابردوو واتە تا دەستپێکی خوێندنی ئەمساڵی (٢٠٢٤-٢٠٢٥) مێژووی دامەزراندنی کۆماری مەهاباد و کۆمەڵێک لە رێکخراو و حزبە سیاسییەکان دەخوێندرا، بەڵام لە چاپی نوێی مێژووی پۆلی (٩)ی بنەڕەتی سەرجەم بابەتەکانی تایبەت بە دامەزراندنی کۆماری مەهاباد و پەیوەندیدار لە وانەی (پۆلی نۆی بنەڕەتی) لە هەرێمی کوردستان لادران، بەڵام وانەکانی دامەزراندنی دەوڵەتی عوسمانی و سەفەوی و بە دەیان بابەتی تر بەهەمان شێوەی رابردوو ماونەتەوە !

روون و ئاشکرایە دەسەڵاتدارانی هەرێم نەتەوەیی نین هەر بۆیەش حکومەتی هەرێم هیچ بەرنامەیەکی دروست و درێژخایەن بۆ پەروەردە و زانستی نەتەوایی نەبووە.

هەمووان دەزانین دوو حزبی دەسەڵاتداری هەرێم  ئەمە بۆ کام دەوڵەتە و لەپای چیدا دەیکەن، بەڵام سەیرەکە لەوەدایە هیچ مامۆستا و مێژوونووس و نووسەرێک لەسەری وەدەنگنەهاتووە! دەشکرێ ئاگاداری ئەم گۆڕانکارییە نەبووبن کە زۆر  ژیرانە و لەناو خوڵقاندنی دەیان قەیراندا ئەنجامدراوە!

 بەئاشکرا دەبینین چەند بەبەرنامە و بەقۆناغ لە رێگەی راگەیاندن و خوێندن لە سەرووی هەمووانەوە یاریکردن و دەستبەسەرداگرتنی قووتی خەڵک هاتوون گەنج و پیری نیشتمان لە خوێندن و زانیاری نەتەوایەتی دەتەکێندرێنەوە و بێزاردەکرێن لە خاک و نیشتمان !

لابردنی ئەم بابەتە لە وانەکاندا نیشاندەدات کە دەستێکی بەرز لە وەزارەتی پەروەردەی هەرێمدا هەیە و کار بۆ شکاندنی بەها بەرزە نەتەوایەتییەکان دەکات و دەیەوێت وانەکان بەشێوەیەکی تر بگۆڕێت کە نەوەیەکی وەک خۆیان نانیشتمانی و نائاگا بەرهەمبهێنێت.

ئەم بابەتە نەک هەر کاریگەری لەسەر هەستی سەربەخۆییمان و داهاتووی نەوەکانمانەوە هەیە، بەڵکو کەلتوور و بەها کۆمەڵایەتییەکان لاواز دەکات ئەویش لەکاتێکدا کە کورد هەلێکی باشتر لە رابردووی لە ئاستی جیهاندا بۆ رەخساوە و پێویستی بەوەیە مێژووی خۆی و ئەوەی بەسەریهاتووە، بەتایبەت مێژووی کۆماری مەهاباد و راپەڕین بەوردی و ڕاستگۆیانە لە بەرنامە پەروەردەیی و راگەیاندنەکاندا بخاتەڕوو، كە تەنیا ئەو کاتە دەتوانین ناسنامەی نەتەوەیی خۆمان بەزیندوویی بهێڵینەوە.

بۆیە پێویستە لە قۆناغەکانی خوێندن و میدیا و فێستیڤاڵە کولتووری و توێژینەوەکاندا، گرنگییەکی تایبەت بەم بابەتە بدرێت و دڵنیابن لەوەی نەوەکانی داهاتوو بەدروستی لە مێژوو، و ناسنامەی نەتەوەییان دەزانن و دەناسن…

(ئومێد دەکەم شارەزایانی ئەو بوارە لە ئاست ئەم کارە بێدەنگی نەنوێنن)

 

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا