
بەشی چوارەم
هۆشیاری عەبدولعەزیز
هەرچەندە بە دیوە ئاشکراکەیدا و لەپێش چاوی میدیا و سۆشیال میدیادا و لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا ئاماژە بە ناتەبایی درۆزنانە و ساختە دەکەن، بەڵام لەواقیعدا و لەکایەی سیاسی و ئابووریدا ئام بابەتە تەواو پێچەوانەیە و هەردوو هێزی دەسەڵاتدار هەڵگری جۆرێک لە توخمی هاوبەشی بازرگانی و سەرمایەن و لە واقعیشدا دەبینرێت و بووەتە مەترسی بەسەر پرۆسەی پاراستنی بەرژەوەندییە گشتییەکانەوە و تائێستاش هەرێم دوو زۆنە بە دوو دەسەڵات و دوو میتۆدی جیاوازەوە مامەڵەدەکەن و نەیاتوانیوە ئەو دۆخە بگۆڕن و متمانە بگێڕنەوە بۆ خەڵک و کۆمەڵگا بەئاراستەیەک کە ببێتە فاکتەری سڕینەوەی ئەو ناکۆکی و ناتەباییە حزبی و بەرژەوەندخوازییەی کە ساڵانێکە لەنێوانیاندا وەک قڵشێک کۆمەڵگای کوردی پێدەهاڕن، بۆیە گەر بە دیوە زانستییەکەیدا لە پرۆسەی حوکمڕانی کوردی بڕوانین و هەڵسەنگاندنێکی کوردی بۆ بکەین، ئەوە دەیبینین لێرە جگە لە حکومڕانییەکی حزبی هیچیتر نییە و نەیانتوانیوە عەقڵیەتی قەڵەمڕەوی خێڵ و بنەماڵەی تێپەڕێنن و بگرە زۆر لەوەش خراپتر مامەڵەکراوە کە لە چوارچێوەی دەسەڵاتی خێڵگەرایەتیدا دەبینرێ، ئەم جۆرە حوکمڕانییە بەدەردێک براوە، کە هیچ ئاسۆیەکی باش بەدیناکرێت و لەبەرژەوەندی خەڵک و کۆمەڵگادا نییە و تەنها دەسەڵاتدارییەکی حزبی خێڵەکییە نەک دەوڵەتداری، هەر ئەمەشە وایکردووە کە تا ئێستا دوو زۆنی لەیەک دوو کانتۆنی ئیدارەدان لەلایەن هەردوو حزبی دەسەڵات و وەک دوو حکومڕانی جیاواز بوونی هەبێ و نەتوانراوە هەرێمێکی یەکپارچەی کوردستانی بونیادبنرێ، کە ئومێدی کۆمەڵگا لە یۆتۆپیاوە بگۆڕێ بۆ حەقیقەتێکی سەلمێنراوی وا، کە لانیکەم بنەما سەرەتاییەکانی ژیانی تێدا دەستەبەر کرابێ، دەستەبەر نەبوونی ژیانێکی شایستەش بە خەڵک وەک ئەوەی لە حەقیقەتی سیاسەت و دەوڵەتدارێتیدا ڕەوایەتی پێدەدرێ، بۆخۆی مەترسییەکی کوشندەیە لە بەرهەمهێنانی کۆمەڵگای شێواودا و بووەتە هۆکاری درێژەپێدانی چەوساندنەوە و برسێتی و نادادی زیاتر و کاریگەری نەرێنی کردۆتە سەر ژیانی ئاسایی هەر تاکێک کە لەو کۆمەڵگایەدا دەژێت و سەریکێشاوە بۆ قووڵکردنەوەی زیاتری ستەمکاری و دروستبوونی گرووپگەلی مافیایی وەک ئەوەی کە ئێستا بوونی هەیە.
ئەم جۆرە گۆڕانکارییە کە وەک پێشتر ئاماژەم پێکرد، ڕاپەڕینی لە دۆخێکی دڵخۆشکەرەوە گۆڕی بۆ دووبارە بونیادنانەوەی ستەمکاری و تێکدانی کۆمەڵگا و شێواندنی تەواوی کایەی ئابووری و کۆمەڵایەتی و ئەو هەلومەرجەی کە ڕاپەرین بەرهەمیهێنا، گۆڕانکارییەکەش لە ڕواڵەتدا تەنها دەموچاوەکان و ئیدیۆمی زمانی گۆڕی لە عەرەبییەوە بۆ کوردی، بەڵام لە ناوەخندا هەمان ستەم و چەوساندنەوە و جیاکاری و سەپاندنی دەسەڵاتی حزب و ترس و تۆقاندن و شێواندنی کۆمەڵگا وەک خۆی ماوەتەوە و بەردەوامیی هەیە.
واتا دەسەڵاتی حزبی كوردی لەپڕۆژەی ڕاپەڕیندا نەك هەر بووە درێژەپێدەری سیاسەتی بەعس و ڕژێمەکەی، بەڵكو بەشێوەیەكی زۆر ناشیانە و بەدوور لە هەر پێوەرێکی زانستی حوکمڕانی، بووە هۆکاری شێواندنی دۆخی کۆمەڵایەتی و دەستكاریکردنی چینەكانی كۆمەڵگا و نەهێشتنی چینی مامناوەند، کە ڕایەڵەی رێكخستنی پەیوەندیی نێوان چینەكانی كۆمەڵگا و دابینكردنی ئارامی ناخی كۆمەڵگای پێوەبەندە، لەکاتێکدا ڕێکخستنی کۆمەڵگا و دابەشکردنی چینەکان لە پرۆسەی بەڕێوەبردن و ئیدارەدانی کۆمەڵگادا زەروورەتێکی مێژوویی گرنگە و پەیوەستە بە فەلسەفەی سیاسی و سیستەمی حوکمڕانییەوە و نابێ بەشێوەیەکی نەزانانە مامەڵەی لەگەڵ بکرێ وەک ئەوەی كەئێستا ئەحزابی دەسەڵاتدار لە ئیدارەدانی كۆمەڵگای کوردیدا کاری لەسەردەکەن.
ئەوەی دەسەڵاتی كوردی دوای راپەڕین بەرامبەر كۆمەڵگای كوردی ئەنجامیداوە، بەعس لە پرۆسەی شێواندنی کۆمەڵگادا دەستی بۆ نەبرد و نەیتوانی بیکات، چونکە بەعس هەرچی کرد نەیتوانی شکۆ و ئیرادەی تاک بشکێنێ، بەڵام لێرە شکۆ و ئیرادەی تاک شکێنرا و بووە بابەتێکی بێبەهای وا کە کەس مەزاجی ئەوەی نییە باسیشی بکات، لێرە و لەم کۆمەڵگایەدا داڕێژەران و ڕێبەرانی ئەم فۆڕمە لەسیاسەت، لایەنگر و ئەندامانی ئەم نەوعییەتەی حزبایەتی و دەسەڵاتدارێتی کە لەدوای ڕاپەڕین و شەڕی ناوخۆییدا سەریهەڵداوە، حزب وەك ئامرازی تەملیکكردنی دەسەڵات و ئیدارەدان و سەرچاوەی بازرگانی و خۆژیاندن دەبینن و وا لەبەهای سیاسەت و مەهامی حزب گەیشتوون، کە پتر پڕۆژەی خۆدەوڵەمەندکردن و قازانجخوازی و سەرمایەگوزاری شەخسییە و نابێ لەدەستبدرێ، لەولاشەوە هەرچی بابەتی گەشەپێدانی مرۆیی، مەسەلەی نەتەوە و هزری نیشتمانی و بەرژەوەندیی گشتیشە خراوەتە پەراوێزەوە و کەس ئاوڕی لێناداتەوە، پشتدەستخستنی ئەو خاڵە جەوهەرییانەش کە هاوسەنگی کۆمەڵگا ڕادەگرێ و هاوتەریبە لەگەڵ ڕێکخستنەوەی سیستەمی دەوڵەتداریدا، بووە هۆکاری بەرهەمهێنانی شکست و داڕوخانی کۆمەڵگای کوردی و بەرەو ئاراستەیەکی مەترسیداری برد .
کارەسات ئەوەیە جگە لە پاراستنی پایەکانی بەرژەوەندی حزب و بنەماڵە و ئیحتکارکردنی سوڵتەی سیاسی، ئەمانە بوونە مایەی خوڵقاندنی دەیان جۆر لە قەیرانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و وایلێهاتووە وەک ڤایرۆسێکی مەترسیدار هەموو بوارەکانی ژیانی گرتووەتەوە و تادێت قووڵتریش دەبێتەوە، کەچی سەرەڕای ئەوەش ئەوەی بەلای دەسەڵاتدارانەوە مەسەلە نییە باشکردنی گوزەرانی خەڵک و هاوسەنگی کۆمەڵگای شێواندوە و گەیشۆتە ئەوەی کە خەڵک بۆخۆی نازانێ لەکوێی ڕەوتی هاوکێشەکەدایە و چۆن مامەڵە دەکات لە ژیانی ڕۆژانەیدا و بەو هۆیەشەوە دەیان دیاردە و حاڵەتی دزێو و نەخوازراوی ڕۆژانە درک پێدەکرێت و کەسیش ناپرسێ بۆ، ڕوودانی هەموو ئەوانەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەبدەیتکردنەوەی ئەو عەقڵیەتەی کە لەدوای ڕاپەڕینەوە ئەحزابی دەسەڵاتدار مامەڵە و سەودای پێوەدەکەن دژی یەک.