هۆشیاری عەبدولعەزیز
یەکێک لە گرنگترین ئەو فاکتەرانەی کە وادەکات دەوڵەت لە دۆخێکی جێگیر و سەقامگیردا بمێنێتەوە، گرێبەستی کۆمەڵایەتی و هاووڵاتیبوونە لەنێوان دەسەڵات و کۆمەڵگەدا، ئەویش بەپشتبەستن بە قووڵکردنەوەی دیموکراسی و پاراستنی مافی هاووڵاتیبوون و چەسپاندنی ڕێڕەوە یاسایی و ئەخلاقییەکانی دیکەی وەک پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری گشتی و سەقامگیری ئابووری و شەفافیەت لەنێوان بەرژەوەندییەکانی هاووڵاتی و خەرج و داهات کە دەوڵەت لە پرۆسەی حوکمڕانیدا مامەڵەی لەگەڵ دەکات، لەم چوارچێوەیەشدا هەموو لایەنەکانی بەشدار لە پرۆسەی حوکمڕانی دەوڵەتدا بەشدارن لە هەموو جۆرە سەقامگیری و هاوسەنگی و ناتەبایی و قەیرانێکدا و ناکرێ خۆیان لە هاوکێشە ئەرێنی و نەرێنییەکان بەدەربگرن و پێیانوابێ ڕەوتی ڕووداوەکان بارودۆخەکە هەڵدەسوڕێنێ و ئەوان بەرپرسیارنین، چونکە بەپێی هەموو پێوەرێکی حوکمڕانی، دەسەڵات بەرپرسیاری ڕاگرتنی هاوسەنگیی ئەو گرێبەستەیە، کە ئاماژەم پێکرد و پێویستە لەم پرۆسەیەدا ئاقڵانە مامەڵەبکات و نەکەوێتە ژێرکاریگەریی هیچ دۆخێکەوە، کە ببێتە مایەی مەترسی بۆسەر ئەو گرێبەستە کۆمەڵایەتییەی کە سەقامگیری گشتی بەرهەمدێنێ ئەگەر گرێبەستەکە یان پەیمانە کۆمەڵایەتییەکە کرابێ، واتا گرێبەستی کۆمەڵایەتی بۆخۆی جۆرێکە لە دیاریكردنی بنەمای پەیوەندییەكانی نێوان فەرمانڕەوا و هاووڵاتی و بە دەرەچەیەک دەزانرێ بۆ دەستبەرکردنی دادپەروەری و دروستکردنی پانتاییەک بۆ پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی، پێچەوانەش تێکچوونی ئەو گرێبەستە دەبێتە مایەی بەرهەمهێنانی ئاڵۆزی سیاسی و ئابووری و سەرهەڵدانی قەیرانی جۆراوجۆر و پەرتەوازەی کۆمەڵایەتی و نەمانی متمانە لەنێوان دەسەڵات و کۆمەڵگەدا.
گەورەترین هەڵەش لەم نێوانەدا نەمانی پردی پەیوەندیی نێوان خەڵک و دەسەڵات یان بەدیوێکی تردا کۆمەڵگە و ئایکۆنەکانی دەسەڵاتە، کە وادەکات دەوڵەت لەناوبەرێ، چونکە کە گرێبەستی کۆمەڵایەتی لە نێوان دەسەڵات و هاووڵاتیدا بوونی نەبوو، ئەوە بەجۆرێک لە جۆرەکان متمانە و بڕوابوون بە دەسەڵات لەق دەبێت و جۆرێک لە پەشێوی بەرجەستە دەبێت و دەسەڵات لە جەوهەری خۆیدا تووشی شکست و ئیفلیجبوون دەبێت، کە شکستی دەسەڵاتیش سەرهەڵدەدات دەرهاوێشتەکانی دەبێتە دەستپێکێکی مەترسیدار لە بەرجەستە کردنی ستەمکاری و قۆرخکردنی پایەکانی حوکمڕانی و سەردەکێشێ بۆ دروستبوونی جۆرێک لە پەشێوی سیاسی و ئاڵۆزبوونی دۆخی بەڕێوەبردن و پەشیمانبوونەوەی دەسەڵات لەو پڕۆژانەی کە پەیوەستن بە سێکتەرە گشتییەکانەوە و ئەمەش لە درێژمەودادا کۆمەڵگە تووشی جۆرێک لە داڕمان و لەبەریەک هەڵوەشانەوە دەکات و لەلایەکی تریشەوە دەسەڵات دووچاری بێزراوی و داڕمانی ئابووری و دواتر لەدەستدانی متمانەی جەماوەر و بەرەو دووڕیانی هەرەس و لەباربردنی قەوارە و دەستکەوتەکان مل دەنێت، وەک ئەوەی ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا درکی پێدەکرێ.
وەک دەوترێ ئەوەی زیاتر دەبێتە مایهی لەدەستدانی متمانەی هاووڵاتیش بە دەسەڵات نەبوونی ڕاستگۆیی و جێبەجێنەکردنی ئەو بەڵێن و بانگەشانەیە، کە بەرپرسان لە کات و شوێنی جیاجیادا بە خەڵکی دەدەن و دواتر پاشگەزدەبنەوە و هیچ دەرئەنجامێکی نابێ لەسەر ئەرزی واقیع، کە ئەمە ڕوویدا هاووڵاتی هەست بەوە دەکات ئەو بەڵینانە تەنیا خۆڵکردنەچاو و چەواشەکارییە و لەوە زیاتر هیچیتر نییە، ئەمە لەکاتێکدا ئەگەر کارەکتەرە دەسەڵاتدارەکان لەپرۆسەی دەوڵەتداریدا خۆیان هایلایڤ بژین و خەڵکیش لە هەژاریدا داغان بێت. لەم جۆرە کۆمەڵگەیەدا کە ئێمەش بەشێکین لێی، دەسەڵاتداران خۆیان خاوەنی دەیان کۆمپانیا و دەزگای وەبەرهێنان و میدیا و ناوەندی جۆراوجۆری ئابوورین و هەمووشی لەسەر حیسابی داهاتی نیشتمانی و گیرفانی خەڵکە و لەلایەن دەسەڵاتەوە قۆرخ دەکرێت و هەموو کۆمپانیا و دەزگاکانی خۆیان خەریکی بازرگانی و بازاڕ و کۆکردنەوەی پارە و سەرمایەدەبن، زۆرینەیەکی خەڵکیش لەژێر هێڵی هەژاریدا و لەنێوان ژیان و بەڵێنی هەڵخەڵتێنەرانەی حوکمڕانیدا دەکەونە ململانێ و ڕووبەڕووبوونەوە.
لێرەشەوە کاتێک ئەم تابلۆیە دەبینین و سەرنج دەخەینە سەر دیاردە و ڕووداوەکان و بەپرۆسەی حوکمڕانی کورد و ئەو دەرئەنجامانەدا دەچینەوە کە لە کایەی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی کوردیدا ڕوویانداوە و ڕوودەدەن، دەگەینە ئەو ڕاستییەی کە ئەوەی لێرە لەم کۆمەڵگەیەدا دەگوزەرێ، ڕێک ئەو پەتا نەگریسەیە کە ئاماژەم پێکرد، چونکە دەسەڵاتدارێتی کورد هەر دوابەدوای ڕاپەڕین و پێکهێنانی یەکەم کابینەی حکومەتی نیواونیوی نێوان هەردوو حزبی دەسەڵاتدار، وێڕای هەوڵدان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دەسەڵات و پایەکانی حوکمڕانی و چەسپاندنی سیستەمی بەشبەشێنە و جیاکردنەوەی سنوورە جوگرافییەکان لەنێوان خۆیاندا، پرسی گرێبەستی نێوان خۆیان و هاووڵاتییان دێزەبەدەرخۆنە کرد و کەوتنە پەلاماردانی یەکتر و دەسەڵاتیان دابەشکردە سەر بنەماڵە حوکمڕانەکاندا و وەک بزنس و کاری بازاڕگەری و کۆکردنەوەی سەرمایە سیاسەتیان هێنایە گۆڕێ و لەبەرانبەریشدا هاووڵاتییان وەک ئامرازی جووڵەی ئەو بازاڕە خستەکار و هەردوای ماوەیەک لە حوکمڕانی بەشبەشێنە، بوونە مایەی تێکدانی ژیانی خەڵک و کایەی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی کوردیان دەرگیری جۆرێک لە فەوزای شەڕی ناوخۆیی و ململانێ و کێشمەکێشی حزبی کرد بەڕادەیەک، کە کەس ئاگای لە کەس نەبێ و هەموو شتێک بە کەیف و مەزاجی ئەحزابی حوکمڕان تێدەپەڕی و ئاڕاستە دەکرا.
لە حەقیقەتدا ئەمەش جگە لە ماڵوێرانی و چەواشەکردن و تێکدانی شیرازەی کۆمەڵایەتی هیچیتری بەدوای خۆیدا نەهێنا و نەیانتوانی بەگەڕانەوە بۆ ڕای گشتی و ستراتیژێکی تەواو و درێژخایەنەوە رووبەڕووی ئەو دۆخە قەیراناوی و شڵەژاوە ببنەوە و چارەسەرێکی ڕیشەیی و لۆژیکی بۆ بدۆزنەوە، کە بتوانێ هاوسەنگی لەو قۆناغ و بارودۆخەدا ڕاگرێ، دواجار ئاماژەکانی قۆناغەکەش هەنگاوبەهەنگاو ئەوەی سەلماند، کە دەسەڵات بەئەنقەست و لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی هەندێ دیاردەی مەترسیدار و نەخوازراوەوە دەیەوێ لەپێناو هێشتنەوەی خۆی و بەرژەوەندییەکانیدا پەنا بۆ ستەم و چەواشەکاری زیاتر بەرێ وەک ئەوەی ئەمڕۆ دەبینرێ، کە ئەو هەلومەرجە هاتەگۆڕێ ئیتر هەموو ئەوانەی دەستیان بۆبرد وەک پرۆسەیەکی درێژکراوەی مەترسیدار، بووە هۆکاری دروستبوونی دۆخێکی ناجێگیر و شڵەژاوی وا، کە سیستمە سیاسی و ئابوورییەکەی هەرێم بەیەکجاری کەوتە نێوان تێکشکانێکی هەمەلایەنەی قووڵەوە و چارەسەرکردنیشی بووە مەحاڵ و متمانەی خەڵکیشیان لەدەستدا، بەمەرجێ ئەحزابی دەسەڵاتدار بەو هەموو پۆخڵەواتیەی خۆیانەوە ئاگادارن لەوەی متمانەی خۆیان لەدەستداوە و بوونەتە دەسەڵاتێکی بێزراو کەس متمانەیان پێناکات، کە متمانەش نەما ئەوە مەترسی هەرەسهێنان و داڕمانی پرۆسەی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە خێراتر گەشەدەکات و دەبێتە مایەی لەدەستچوونی ئەو ئەزموونە سیاسی و دەوڵەتدارییەی، کە دەکرا ببێتە نەواتی دەوڵەتێکی نوێ لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
هۆکاری ئەم حاڵەتەش جگە لە ململانێ و کێشمەکێشی حزبی و هەرێمایەتی لەسەر پرۆسەی ئیدارەدانی هەرێم، دەگەڕێتەوە بۆ کاریگەری و لێکەوتە خراپەکانی ئەو سیاسەتە سەقەتەی، کە لە دنیای ئەحزابی سیاسی دەسەڵاتداری ئەم هەرێمەدا مومارەسەکرا، لە بەرگریكردن لە گەل و نیشتمان و بەرژەوەندییە گشتییەکانەوە گۆڕا بۆ بەرگریكردن لە عەقڵییەتی خێڵەكی و بزنس و دروستكردن و بەهێزكردنی خێزانی سیاسی و كردنە ئامرازی حزب و دروستکردنی کۆمپانیای تایبەت و خولقاندنی دۆخێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی مەترسیدار، کە تەنانەت خۆشیان سڵی لێدەکەنەوە، بەمەش هێز و بنەماڵە سیاسییە دەسەڵاتدارەکان گورزێکی کەمەرشکێنی گەورەیان لە پرۆسەی سیاسی و ئابووری و کایەی کۆمەڵایەتی و کولتووری و فەرهەنگی کورد دا و بوونە خۆرکەی لەنێوبردنی ئەو قۆناغ و هەلومەرجەی، کە دوای ڕاپەڕین وەک دەرفەتێکی لەبار بۆ سەرکەوتنی خواستەکانی گەلی کورد ڕەخسابوو.
درێژەکێشانی وەها بارودۆخێکیش لەهەر کۆمەڵگەیەکدا بێت، ڕەنگدانەوە و کاریگەری کارەساتبارتری بەدوادا دێت، چونکە وەک چۆن ئێستا لەبری بیرکردنەوە لە ئەنجامدانی گرێبەستی کۆمەڵایەتی نێوان خۆیان و کۆمەڵگە و ئاساییکردنەوەی دۆخی قەیراناوی خەڵک و گەڕانەوەی متمانە، خەریکی گرێبەستی فرۆشتنی نەوت و گازی سروشتی ئەم وڵاتەن، ڕەنگە ئاواش ڕۆژێک لەپێناو مانەوە و پاراستنی کورسی حوکمڕانی خۆیان، دەستبدەنە فرۆشتنی کۆمەڵگەی کوردی و هەموو شتێک بدۆڕێنن و ناچار بن گرێبەستی نهێنی رەهنکردنی ئەزموونی کوردستان واژۆبکەن و کورد و ئەزموونەکەی بخەنەوە بندەستی دەسەڵاتی ناوەند و هیچ سەروەری و سەربەخۆییەکی سیاسی و ئابووری بۆ نەهێڵنەوە و بیکەنە قوربانی بەرژەوەندییە ئابووری و سیاسییەکانی خۆیان و ئەو کارەکتەرە بزنسمانانەی کە ئەم وڵاتە وەک میراتی دەبینن بۆ خۆیان و کوڕ و نەوەکانیان.