هۆشیاری عەبدولعەزیز 

لە هەر پرۆسەیەکی کلتوری کۆمەڵایەتی دا درۆکردن بۆخۆی وەک ڕەفتارێکی ناشرین و بێزراو وێنا دەکرێت و لە شوێن و کاتی خۆیدا کاریگەری نەرێنی و هەندێجاریش مەترسی دەبەخشێتە کۆمەڵگا ئەم چەمکە لە کایەی سیاسەتیشدا بابەتێکی تاڕادەیەک مشتومڕئامێزە و هەندێکجار ئاڵۆزە چونکە زۆرجار سیاسیەکان لە بەرانبەر شاردنەوەی حەقیقەت واقع وەک کردەیەکی فڕوفێڵاوی تەزویردەکەن و پێچەوانەی دیدوتێڕوانیە هزری و کرداریەکان خاڵی دەکەنەوە لە هەمووشتێک، واتا لە پێناو شاردنەوەی زانیارییەکی ڕاست و دەستکەوتنی بەرژەوەندی تایبەتدا درۆکردن خۆی دەبێتە پرنسیپ، هەرچەندە لە کایەی سیاسەتدا وەک هەر کایەیەکی تری مرۆیی لە سنوورێکدا درۆ ڕێگەپێدراوە و دەکرێت لە سیاسەتیشدا کاری پێ بکرێت بەڵام لە حەقیقەتدا درۆ جگە لە فرت و فێڵ و چەواشەکاری ڕای گشتی هیچ واتایەکی تر هەڵناگرێ و هەمان کاریگەری نەرێنی هەیە کە دەستەو تاقمێک لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندیە تایبەتیەکانی خۆیاندا بەکاری دێنن 

زۆرجار درۆزنە سیاسیەکان بە پاساو بیانووی جیاجیا هەوڵدەدەن بە شێوەیەکی رووپۆشکراو کارلەسەرجیاکردنەوەی هێڵی نێوان حەقیقەتی واقیع و دیاردە تایبەتیەکان بدەن و لە سیاقی ڕاستی بیخەنە دەرەوە ، بەڵام ئەمە لە بنەڕەتدا خۆدزینەوەیە لە حەقیقەتی واقیع و شاردنەوەیەکی وەهمی دیارە، چونکە واقیع دیاردەو ڕووداوێکی شاراوەنیە و ناتوانرێ نکۆڵی لێبکرێ بەو ئاستەی کە لە ئێستای واقیعی کۆمەڵگای کوردیدا دەبینرێ ، لێرە سیاسیەکانی ئەحزابی حوکمڕان هەمیشە و بەردەوام دەیانەوێ لە هەموو فاکتەکاندا درۆ بخولقێنن و وێنەیەکی ساختەی واقیع لەڕێگەی پڕوپاگەندەو و میدیاوە ببەخشنە کۆمەڵگا ، بۆیە کاتێک لە جەوهەری ئەم حەقیقەتە ورد دەبینەوە تێدەگەین کە سیاسەت لای ئەمانە چ پەیوەندیەکی قووڵی لە گەڵ درۆ هەیە، و چۆن بە درێژای مێژوو بەدرۆ کار لە سەر چەواشەکردنی ڕاستی و دروستی دیاردە و ڕووداوەکان کراوە و چۆن بوەتە بەشێک لە فەزای گشتی و گوتاری سیاسی کوردی  

سیاسەت لای ئێمە هێندە سوک و چرووک کراوە پڕە لە فرتوفێڵ و فریدوان و چەواشەکاری و ڕێک وەک کەلوپەلی هەڕاجی لێهاتوە ، گەر کەمێک ڕوونتر دیقەتی لێ بدەین دەبینین هەموو کەس قسە لەسیاسەت و بازاڕ دەکات، سیاسییەکانیش حەقیقەت دەشارنەوە و وەهم و گەوجاندن دەبەخشنەوە و بەزمانێکی میللی و زۆر سادە کۆمەڵگا دەگەمژێنن ، ئەم حاڵەتەش وایکردوە کە چەمکی درۆ لای سیاسیە دەسەڵاتدارەکان و ئەوانەی بانگەشەی گۆڕانکاری دەکەن گوزارشتە لە کۆمەڵێ گۆڕانکاری کە بە شێوەیەکی نابەجێ لە ژیانی ڕۆژانە و لە سیاسەت و کولتوور و میدیا و ڕەفتاری خەڵک و ڕای گشتیدا ڕەنگیان داوەتەوە و کاریگەری نەرێنیان جێهێشتوە

لێرە درۆی سیاسی بووەتە ڕا و بۆچوون و مشتومڕ و ئەجێندای شەخسیی و دەیبەستنەوە بە هۆکاری ستراتیژی و لۆژیکی و دەیانەوێ بە درۆ بە ئامانجی سیاسی و ئابووری و پایەی کۆمەڵایەتی خۆیان بگەن و ئەوەشیان بەلاوە گرنگ نیە کە لەچ ئاستێکی فیکری و مەعریفیدان ، بەڵکو ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە چۆن بتوانن لەو گەمەیەدا سەرکەون، چۆن لە ڕێگەی هەواڵی درۆ و ساختەکاری و درۆی ئۆرگانیزەکراوەوە بگەنە پایەی دەسەڵات و یاری بە ئیحساسی خەڵک و پیرۆزیەکانی کۆمەڵگا بکەن و درۆ و ڕاستی تێکەڵکەن و بیکەنە بەربەستێک لە نێوان خۆیان و، هاووڵاتییاندا تا خەڵک بەناچاری بگەڕێتەوە سەر ئەوسنورە دەستکردانەی کە ئەمان بۆ مەرامی خۆیان کاری لەسەر دەکەن و وەک بزنس و کاری بازرگانی ودەسکەوتی بێ بەها بیبەخشنەوە خەڵک و ڕای گشتی پێ قۆرخکەن

بەکورتی درۆ لە ئەجندا و گوتاری سیاسی ئەمڕۆی ئەحزابی حوکمڕانی کوردستاندا بوەتە گەورەترین مەترسی و وای لێهاتوە خەریکە کۆمەڵگا بە یەکجاری تووشی داهزران و پوکانەوە دەکات و دەبێتە مۆکڵەی تێپەڕاندنی  واقیع ، لە گەڵ ئەوەشدا جگە لە درۆ و چەواشەکردنی کۆمەڵگا و هەڵخەلەتاندن و بەلاڕێدابردنی راستیەکان، دەرهاوێشتەو کاریگەریە نەرێنیەکانی ئەم  ئەم کلتورە سیاسیە سەقەتە کە پتر لە حەقیقەت درۆ بەرهەمدێنێ ، وایکردوە تاکی کورد لە بارودۆخێکی ناهەموار و پڕ نیگەرانی و سترێسدا ئەزموونی ژیان دەکات و توشی خراپترین دۆخی بێزاری و حەزی تێکشکاندن و لەناوبردنی ئیرادە و خەساندن  بوەتەوە و خەریکە هیچ ڕاستیەک نامێنێ

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

     

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە