بێگومان لە نەبوونی زمانێكی پەیڕەوكراوی ستانداری كوردیدا، كە وەك زمانی فەرمی نەتەوە بناسرێت و پەیڕەو بكرێت و ببێتە زمانی كار پێكراوی  دەوڵەت، ئەوا شێوە جیاوازەكانی چۆنیەتی نووسین و دیاریكردنی ڕێسایەك بۆ زمان دەردەكەون و ئەم ڕێسایانەش گەلێك جا، زادەی تێڕوانینی كەسین و لە بنەڕەتدا دیاریكردنی زمانی ستاندار و یەكگرتووش، ئەركی نووسەرێك نییە گەر زمانزان و شارەزایەكی زۆریشی لە بارەی زمانەوە هەبێت، بەڵكو ئەمە ئەركی دامەزراوە ئەكادیمی و پلانی فەرهەنگی وەزارەتی ڕۆشنبیرییە، كە بە ڕاوێژ یەك شێوەی زمان دیاری بكەن، چونكە ئەستەمە لە نەبوونی دەوڵەتی نەتەوەییدا،  سەربەخۆیی زمان پارێزراوبێت، بەو پێیەی زمانی نەتەوە، بنەماو سەروەریەكی دیكەی نەتەوەییە. لەو سۆنگەیەوە گەر سەرنج بدەین، دەبینین زۆربەی هەرە زۆری ئەو كتێبانەی لە بارەی زمانەوە دەنووسرێن  هەڵەیان تێدایە، چونكە پەیوەندی بەو دیدگا كەسییەوە هەیە، نەك دامەزراوەیی زمانی و زانستی، ئەمە وێرای ئەوەی ئەم جۆرە لێكدانەوە كەسییانە، زمان دەشێوێنن و شێوازو چۆنیەتی ڕێنووس كە دیاری دەكەن، بەهەڵە دا ئەبن. كتێبی (ڕێسایەكانی ڕێنووسی كوردی بە پێی چەند پێوەرێك) كتێبێكە لە بارەی دەستنیشانكردنی چەند ڕێسایەك، بۆ ئەوەی لە میانەی نووسیندا، پەیڕەو بكرێت و زمان بەرەو ئاراستەیەكی ستاندار و یەكگرتوو ببات، هەڵبەتە ناونیشانی كتێبەكە ڕوونە، بەڵام لە ناوەڕۆكدا، نووسەر تەنها باس لە دەنگ و بڕگەی زمان دەكات و هیچ شێوەیەكی نووسینی دیاری نەكردووەو ئەوشی دیاری كردووە هەڵەیە. نكۆڵی لەوە ناكرێت دەنگ و بڕگە، كە بچووكترین یەكەی پێكهێنەری زمانن گرنگن، بەڵام لە نووسین و دەربڕیندا، هیچ بایەخێكیان نییە، چونكە زمان لەو دوو حاڵەتەدا، جەخت لە ناوەڕۆك و مانا دەكاتەوە، نەك ئەوەی وشەكان چەند بڕگەیین و چۆن دەنگەكان دەقرتێنرێن ! لەبەر ئەوەی لە نووسین و دەربڕیندا، گوتارەكە گرنگە كە مەبەست چییە و زمان چ پەیامێك دەگەیەنێت. بە نموونە گەر ئێمە لە شیعرێكدا وشەكانی (پێشمەرگە، شاخ ، هەڵۆ ) ببینین، ئەوا ئێمە لە سەر بڕگەكان ناوەسیتین، بەڵكو دیوی مانایی وشەكانمان لە ڕووی فەرهەنگی و هێماییەوە بۆ گرنگە، لێرەوەش بینبینی زمان تەنها لە ڕوانگەی بڕگەییەوە، وایكردوە نووسەر بە هەڵە لە چەند وشە و چۆنیەتی نووسینیان بگات. نووسەر دەڵێت : ئاساییە بنووسرێت:_ (داییك _ مایین _ بییست)  ئەم شێوازە لە نووسین هەڵەیە، لە زمانی كوردی هەرگیز ناوی دایك بە دوو پیتی (ی) نانووسرێت، چونكە ڕوونە كە ناو ناگۆڕدرێت، وێرای ئەمەش ئەوەی شێوازی نووسین لە زمانی كوردیدا دیاری دەكات گۆكردنە، چونكە زمانی كوردی تاكە زمانە، نووسین و دەربڕینی هاوشێوەی یەكترییە و وشەیەك چۆن دەردەبڕدرێت، دەبێ بەو شێوەیەش بنووسرێت. بۆیە هیچ كام لە وشەكانی  (داییك _ مایین - بییست) لەكاتی گۆكردنیاندا پیتی (ی) درێژ نابێتەوە، بەڵام لەوشەكانی (ستاییش ، زایین ، نماییش) گەر سەرنج بدەین، لە كاتی دەربڕینیان پیتی (ی) ناڕاستەوخۆ درێژ دەبێتەوە، بەڵام ئەم بارە لە وشەی (دایك) نییە ، كەواتا نابێ بە دوو پیتی (ی) بنووسرێت ! هەر لە درێژەی ڕێساكانی دیاری كردوون، ئەمجارەیان دەڵێت:_( دەبێ وشە دووبارەكان هەردەم بەیەكەوە بلكێنرێن  وەك:_( زمزم ، هەنجهەنجن،  كونكون ) بێگومان ئەمەشیان زۆر هەڵەیە، چونكە وشە دووبارەكان  تەنها ڕێنووس نین، بەڵكو پەیوەندییان بە گۆكردنیشەوە هەیە و گەر سەرنجیان بدەین دەبینین ئەم وشانە جۆرێك لە كرداریین. بەو مانایەی كە دەڵێین:_( زم زم، ئەنجن ئەنجن ، كون كون ، سەبر سەبر ، كەم كەم )  ئەوا هەر تەنها وشەكە نا، بەڵكو كردارەكەش دووبارەیە و جۆرە پچڕان و قرتانێكی تێدایە،  كەواتا نابێ ئەم وشانە بە یەكەوە بلكێنرێن، وەك ئەوەی نووسەری ئەم كتێبە دەیڵێت. لە بارەی ژمارەكانیشەوە نووسەر بڕوای وایە دەبێ بە یەكەوە بلكێنرێن واتا بنووسرێت:_(حەفتملیار _ شەستترلیۆن_ هەشتهەزار) ئەم وشانەش هەڵەن، چونكە ئەم وشانە لە بنەڕەتدا، بنچینە زمانیەكەیان لێكدراو نییە،  بەڵكو دوو وشەی ژمارەیی جیان لەیەكتری، بۆیە دەبێ بە سەربەخۆیی بنووسرێن . وێرای ئەمانەش، نووسەر بە درێژایی كتێبەكەی ئەو وشانەی پیتی بزووینی (وو)یان تێدایە، بە یەك (و) نووسیوە و باوەڕی بە پیتی (وو) نییە ! كەواتا دەكرێ تۆ ڕێسا بۆ زمان دابنێی، بەڵام پیتێكی سەربەخۆ و جیاواز فڕێ بدەیت و كاری پیچ نەكەیت؟ دواجار دەڵێین زمان هەر تەنها بڕگە و پیت نییە، بۆیە نابێت لە یەك ڕوانگەوە زمان ببینین چونكە دەكەوینە هەڵەوە . 

 


پەراوێز:
ناوی كتێب : ڕێسایەكانی ڕێنوسی كوردی بە پێی چەند پێوەرێك ، نووسینی : كازم عەباس زەندی ، بڵاوكراوەی : دەزگای موكریانی ، زنجیرە (1105) ساڵی چاپ _ 2025.

•     ئەم بابەتە لە ڕۆژنامەی هەولێر ژمارە (4549) لە 2/6/2026 بڵاوكراوەتەوە.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسیfgdsgsdgsdfgsdgعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا