فەرەیدوون سامان
٢ - ٢
زمان بە یەکێک لە پایە گرنگەکانی ناسنامەی نەتەوەیی دادەنرێت. بۆیە بە هێرشکردنە سەر زمانی کوردی، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ هێرش کردنە سەر خودی شوناسی نەتەوەیی، ئەمەش لە ڕەچاوکردنی سیاسییەوە سەرچاوە دەگرێت. ئەو سنوورە سیاسیانەی کە کوردستانیان دابەش کردووە بەسەر چوار وڵاتدا، ئەم سنوورانە بەهۆی هەلومەرجی مێژوویی و کۆلۆنیالیزمەوە سەپێندراون، پەیوەندی زمانەوانی و کارلێکی ڕاستەوخۆی نێوان کورد لە پارچە جیاجیاکانی کوردستان سنووردار کردووە، ئەمە هۆکارێکی بنەڕەتییە بۆ نەتوانینی کورد لە زاڵبوون بەسەر هەموو زارەکانیدا. هەر جۆرە هەوڵدانێک بۆ گۆڕینی پڕۆژەیەکی پەروەردەیی وەک ئامرازێک بۆ دووبارە نووسینەوەی مێژوو و هەڵوەشاندنەوەی زمانی کوردی، کە لەسەر بنەمای ڕاستگۆیی لەگەڵ مێژووی نەتەوەکەماندا بنیات نراون، نەک لەسەر داهێنانی ناوی نوێ بۆ خزمەتکردنی ئەجێندا سیاسییە کاتییەکان، لە ئەنجامدا خزمەت بە ئەجیندای داگیرکەرانی کوردستان دەکەن، بۆ نموونە: ماوەیەکە باس لە زمانی ئێزیدی و خوێندن بە زمانی ئێزیدی دەکرێت، لە ڕاستیدا کەس ناڕەزایەتی نییە بەرامبەر بە کردنەوەی قوتابخانە یان دامەزراوەیەکی پەروەردەیی، بۆ خوشک و برا ئێزیدییەکانمان، بەڵکو ئەمە بە زەروورەتێکی کەلتوری و نەتەوەییشی دەزانم، بەڵام گوتنی ئەوەی کە "یەکەم قوتابخانەی زمانی ئێزیدی" کرایەوە، بە ڕای من ئەوەندەی دەستکەوت نییە، بەڵکو ساختەکردنی مێژووی نەتەوەکەمانە، چونکە ئێزیدی ئایینێکی دێرینی کوردستانە، زمانەکەشیان سەر بە زاری کرمانجییە، واتە زمانێکی سەربەخۆ نییە، بەپێی ئەوەی لە توێژینەوە زمانەوانیدا ناسراوە، سەبارەت بە زمانی زۆرینەی ئێزیدییەکان بە درێژایی مێژوو، هەر زمانی کوردی-زاری کرمانجی بووە، کە تێیدا میراتی ئایینی و کولتووری ئێزیدییەکان نەوە لە دوای نەوە پارێزراوە، جا ئەگەر زمانێکی سەربەخۆی ئێزیدی هەبووبێت، کەواتە کتێبە مێژووییەکانیان لە کوێن و کوا یاسا زمانەوانییەکانی؟ لە کوێ میراتی نووسراوەکەی کە بە درێژایی سەدەکان درێژ بووەتەوە، بۆچی دەقە ئایینی و میراتی زارەکی ئێزیدی بە زاری کرمانجی پارێزراون؟
 لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، بە هاندانی پارتی ناسیۆنالیستی دەسەڵاتدار لە ئەرمەنستان، بەشێک لە کوردانی ئێزیدی لەناکاو ئەو بیرۆکەیەیان پەرەپێدا، کە گەلێکی سەربەخۆن و هیچ پەیوەندییەکیان بە کوردەوە نییە، تەنانەت کوردیان بە دوژمنی سەرسەختی ئێزیدییەکان دەزانی و کوردستانیان بە تابو دەزانی، باشووری کوردستانیان بە "باکوری عێراق" و باکووری کوردستانیان بە "ڕۆژئاوای ئەرمینیا" ناودەبرد، ئەم بیرۆکەیە لەلایەن ناسیۆنالیستە ئەرمەنییەکان و بەشێک لە ئەندامانی پەرلەمانی ئەرمەنستان و هەندێک نووسەر و ئەکادیمی ئەرمەنستانەوە پشتیوانی لێکرا. ڕۆژانە پەخشی ڕادیۆیی ٣٠ خولەکی تایبەت بە سووکایەتی کردن بە کورد و کوردستانیان پێدەدرا و جەختیان لەوە دەکردەوە کە ئێزیدییەکان گەلێکی سەربەخۆن و کوردنین، کورد دوژمنی هەردوو گەلی ئێزیدی و ئەرمەنە. تەنانەت ئەوەندەش ڕۆیشتن کە بانگەشەی ئەوە بکەن کە زمانی کوردی نییە، تەنیا زمانێکی ئێزیدییە.
لە ساڵی١٩٨٩ بەشی ئاماری ئەرمەنستان ڕایگەیاند کە ئێزیدییەکان گەلێکی جیاوازن لە کورد و هیچ پەیوەندییەکیان بە نەتەوەی کوردەوە نییە. پەرلەمانی ئەرمەنستانیش دانی بە زمانی ئێزیدیدا نا و دەستی کرد بە چاپکردنی کتێبی خوێندن بە زمانی ئێزیدی و بە شێوەیەکی موجیزە، زمانی کوردی بوو بە زمانی ئێزیدی. ئەو کوردە ئێزیدییانەی دژایەتی ئەو بێماناییانەیان دەکرد، کەوتنە بەر هێرشی جەستەیی. لەوانەش ئەکادیمیستەکان شاکر خدۆ و کارلین چاچان و ئەوانی تر لەلایەن ئەم گروپەوە لێیاندرا بەهۆی ئەوەی ڕایانگەیاند "ئێمە کوردی ئێزیدین ".تەنانەت هێرشیان کردە سەر کەسایەتییە ئایینییە ئێزیدییەکان و میر تەحسینیان بە خائین ناساند، بەهۆی پێداگری لەسەر کورد بوونی ئێزیدییەکان، ئەم ئێزیدییە نوێیانە پاڵپشتی سەرکردایەتی سیاسی ئەرمەنیان هەیە. بۆ نموونە کاتێک پترۆسیان سەرۆک کۆماری ئەرمینیا بۆ بەشداری کردن لە پرسەی تورگوت ئۆزال سەردانی تورکیای کرد، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، "لە ئەرمینیا کورد نییە؛ ئێزیدی هەیە، ئەوانیش کورد نین".
ئەوەی گرنگە لە سەرەتاوە جەخت لەوە بکەینەوە کە ئەم جۆرە پرسە زمانەوانییانە پێویستیان بە خوێندنەوەیەکی بابەتییانە هەیە، نەک سۆزدارانە و دوور لە سادەکردنەوە یان حوکمدانی نادادپەروەرانە، چونکە زمان لە جەوهەرەکەیدا، دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی ئاڵۆزە، کە مێژوو و کولتوور و سیاسەت تێکەڵ دەکات و ئەمەش وای کردووە ئەم باسە لە ڕادەبەدەر گرنگ بێت، بەتایبەت کاتێک باس لە ناسنامەی پێکهاتەیەکی کۆمەڵگەی کوردستان و سیستەمی زمانەوانییان دەکرێت.
 دیاردەی ناساندنی پرسی ئێزیدییەکان وەک نەتەوە و ناساندنی زارەکەیان وەک زمان(زمانی ئێزیکی)، جگەلە پیلانێکی قێزەونی ناحەزانی نەتەوەکەمان، پرسێکی  تازەش نییە و ساڵانێکی زۆرە لەلایەت ناسیۆنالیستی تورک و عەرەب و ئەرمەنەوە کاری بۆ دەکرێت.
 بەشێوەیەکی گشتی گەلان لە کاتی دامەزراندنی دەوڵەتەکانیاندا بەربڵاوترین زارەکانیان لەبەرچاو دەگرن، وەک زمانی ستاندارد وەریاندەگرن، کە دواتر بە زمانی فەرمی دەوڵەت دەناسرێن، بەڵام ئەم شێوەزارانە، لە جەوهەردا بەشێک لە سیستەمی فراوانتری زارە لەناو یەک زماندا دەمێننەوە، نەک بە تەواوی بوونێکی جیاواز، ئەم شێوازە لە زۆربەی ئەزموونە زمانەوانییەکان لە سەرانسەری دنیادا دووبارە دەبنەوە، ئەمەش پشتڕاستی دەکاتەوە کە ئەوەی لە دۆزی زمانی کوردیدا ڕوودەدات، هەڵاوێر نییە، بەڵکو یاسایەکی گشتییە کە بۆ هەموو گەلان کاری پێدەکرێت.
 بێگومان ئەگەر کورد دەوڵەتی نەتەوەیی خۆی دامەزراندبا، لە نموونەی گەلانی دیکەی جیهان و بەرفراوانترین زاری خۆی هەڵدەبژارد، وەک زمانی ستاندارد، هەڵبەتە دوای پاککردنەوەی له وشەو زاراوە بیانییەکان، ئەمەش لەسەر بنەمای ئەو زەخیرە بەرفراوانەی وشەسازیی ڕەسەنی کوردی کە لە فەرهەنگە کوردییەکاندا دەبینرێن. پاشان ئەم زارە لە دامەزراوە دەوڵەتییەکان، قوتابخانەکان، زانکۆکان و لە بەڵگەنامەکردنی بەرهەمە هزرییەکانیاندا بەکاردەهێنرێن. دواتر پێیان دەڵێن زمانی فەرمی، هەروەک چۆن گەلانی دیکەی ناوچەکە و جیهان کردوویانە.
 ئەمە ڕێڕەوی سروشتی و لۆژیکییە بۆ وەرگرتنی یەکێک لە زارەکانی وەک زمانی ستاندارد و فەرمی خۆی، گەلان بە زۆری لە کاتی بنیاتنانی دەوڵەتە مۆدێرنەکانیاندا دەیکەن، کە پێویستیان بە زمانێکی یەکگرتوو هەیە بۆ ئیدارە و پەروەردەو فێرکردن، بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە کە ئەوان بە زمانێکی نوێ هاتوون کە ئەوانەی بە زاری دیکە قسەیان دەکرد نەیاندەتوانی لێی تێبگەن. ئەمەش بەو واتایەیە کە ئەگەر ئێمە مامەڵە لەگەڵ بەربڵاوترین شێوەزاری کوردی بکەین، بۆمان دەردەکەوێت کە گەلی کورد خاوەنی هەموو توخمێکی پێویستە بۆ ئەوەی زمانێکی کوردی ستانداردی هەبێت، کە بتوانێت هەموو کورد یەکبخات و وەک زمانی هاوبەشی خۆی خزمەت بکات. ئەو بەربەستەی لە ئێستادا ڕێگری لە کورد دەکات بۆ گەیشتن بەم کارە سیاسییە، نەک زمانەوانی، زمانی کوردی زمانێکی بەهێز و دەوڵەمەندە و چەندان زار و شێوەزاری هەیە. 
ئاشکرایە کە هێزی هەر زمانێک تەنیا بە ژمارەی  ئاخێوەرەکانی ناپێورێت، بەڵکو بە توانای بەرهەمهێنانی مەعریفە و پانایی وشەسازییەکەی و هەمەجۆریی پێکهاتە ناوخۆییەکەی، جگە لە توانای گونجاندنی لەگەڵ زانستە مۆدێرنەکاندا، زمانی کوردی دەوڵەمەندە بە وشەسازی، نەرم و نیان و خاوەنی میکانیزمی دروستکردنی وشەی نوێ، کە لە خودی جەوهەر و ڕۆحی زمانەکەوە وەرگیراوە، وەک زمانێکی ئەگلۆتیناتیڤ پۆلێن دەکرێت، وەک زمانی ئینگلیزی، فەرەنسی، ئەڵمانی و ئەوانی تر، واتە زۆرجار دوو وشە کۆ دەکرێنەوە و وشەیەکی نوێ بە مانایەکی نوێ پێکدەهێنن. زمانی کوردی خاوەنی ئەم توانایەیە کە هاوسەنگ بێت لەگەڵ زاراوەی مۆدێرنی ڕۆژئاوایی کە بۆ وەسفکردنی داهێنان و دۆزینەوەکان بەکاردێت.
جیاوازی شێوەزارەکان دیاردەیەکی سروشتییە و کاریگەری لەسەر یەکگرتوویی زمان و یەکیتی نەتەوەیی نییە، ئەگەر جیاوازی زۆر لە وشەسازی لە نێوان ناوچەیەکی تردا بدۆزینەوە، ئەمە بەو مانایە نییە کە کورد لە ناوچەیەکدا بە زمانێکی جیاواز  قسە دەکەن، جیاوازە لەو زمانەی کە کورد لە ناوچەیەکی دیکەدا قسەی پێدەکات، ئەم جۆرە ئارگیومێنتە یان دەرەنجامە لە ڕادەبەدەر بێمانایە و یان لە نەزانییەوە سەرچاوە دەگرێت، ئەو کەسە لە جیاوازیی نێوان زمانێک و زارێک تێناگات، یان لە هەوڵێکی بە مەبەست بۆ تێکدانی خودی زمانی کوردی و گومان خستنە سەر بوونی زمانی کوردی. جیاوازییە بەرچاوەکانی بەکارهێنانی وشەسازیی دیارکراو لە ناوچەیەکی کوردییەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە، دەرخەری دەوڵەمەندی و فرەچەشنی زمانی کوردییە، هەر ناوچەیەک خاوەنی وشەسازی تایبەتی خۆیەتی، جیای دەکاتەوە لە دانیشتوانی ناوچە کوردنشینەکانی دیکە، لەگەڵ ئەوەشدا لە چوارچێوەی یەک زماندا دەمێنێتەوە و لە زمانی ڕەسەنی کوردییەوە لک و پۆپ دەکات. زمان سەرچاوەیە، زارەکانیش لک و پۆپن. 
ئەم فرەچەشنییە لە شێوەزارەکاندا، لە واقیعدا، لاوازی نییە، بەڵکو هێزێکە بۆ زمانەکەمان، چونکە ڕەنگدانەوەی زیندوویی و دەوڵەمەندی و فرەچەشنی زمانە، توانای بەرگەگرتنی لە سەرانسەری جوگرافیایەکی فراوان و لە ژێر بارودۆخی سیاسیی جیاواز و ئاڵۆزدا. بۆیە بۆمان دەردەکەوێت کە وشەسازیی کوردی بەسەر هەموو ناوچەکانی کوردستاندا دابەش بووە، ئەگەر لە یەک ناوچەدا قەتیس بوایە، بەشێکی زۆری دەوڵەمەندی خۆی لەدەست دەدا و بەشێکی زۆری بە تێپەڕبوونی کات نەدەما. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە دانیشتوانی ئەو ناوچەیە نەیاندەتوانی هەموو وشەسازییەکانی ناو فەرهەنگی کوردی بەکاربهێنن؛ بەڵکو شێوازێکی تایبەتی وشەیان هەڵدەبژارد و ئەوانی دیکەیان بەجێدەهێشت، کە دواتر لەگەڵ بەسەرچوونی کاتدا کاڵ دەبووەوە و نەدەما.
 دابەشبوونی جوگرافی و هەروەها دابەشبوونی کتێبخانەی زمانەوانی بەرفراوانی کوردی لە سەرانسەری هەموو ناوچەکانی کوردستاندا، بەشداری کردووە لە پاراستنی ئەم میراتە زمانەوانییە دەوڵەمەند و بەرفراوانە. سەرەڕای ئەو سیاسەت و شەڕە تایبەتانەی کە زمانی کوردییان کردە ئامانج، ئەو قۆناغانەی کە بەکارهێنانی قەدەغەکرابوو و سەرەڕای هەڵمەتەکانی شێواندن و ئینکاری، هەر وەک زمانێکی زیندوو و بەهێز دەمێنێتەوە، ئەمە خۆی لە خۆیدا بەڵگەیە لەسەر توانای مانەوە و بەرگەگرتن و ئەوەی کە زمانێکە بەرگەی لەناوچوون دەگرێ. تەنانەت ئەو کەسانەش بە شڵەژانی دەروونی و دوور لە میتۆدێکی زانستی ڕەخنە لە هەوڵی زمانناسانی کورد دەگرن، هەوڵەکانیان دەچێتە خانەی خزمەت بە ئەجیندای داگیرکەرانی نەتەوەکەمان.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسیfgdsgsdgsdfgsdgعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا