
نووسینی :- زیرەك كەمال
هێمنی هاوڕێم ئەوەی بۆگێڕامەوە،
كەتەمەنم بووە شەش ساڵ، باوكم ناردمی بۆقوتابخانە، فەتۆش كە بەتەمەن لەمن ژۆرڕاتربوو هاوپۆلم بوو،بەڵام من زیرەكی پۆل و ئەویش تەمبەڵی پۆل بوو.
هەڵبەت زیرەكی من ،بەرهەمی كۆشش و سەعیكردن و خوێندنەوەی بەردەوامی وانەكانم بووم، تەمبەڵی فەتۆش بەرهەمی ئەوەبوو كەبەردەوام خەریكی ڕاونانی سەگ وپشیلە و كوشتن و تێكدانی هێلانەی كەو و كۆترو چۆلەكە و پەڕەسێلكەبوون، من بەو منداڵییەمەوە بەردەوام گوێم لەقسەكانی باوكم وپیاوە بەتەمەن و بەئەزموونەكانی دیوەخان دەگرت، كەپڕبوو لەحیكمەت ،
فەتۆش بەردەوام خەریكی خواردن و نووستن و دروستكردن و هێنان وبردنی قسەوقسەڵۆك بوون لەنێوان خەڵكی ئاوایی.
هەرجارێكیش مامۆستا دەهاتەناوپۆل و ئەرك و وانەی دوێنێی لێمان دەپرسی من وەكو بولبولی سەرچڵ وانەكانم دەگووتەوە، كەچی فەتۆ تەمبەڵ و تەوەزل هیچی نەدەزانی،
كە مامۆستاش لێی دەپرسی كە بۆچی وانەكەت نازانی یەكسەر دەیگوت ئاخر مامۆستا وانەكان زۆرو قورس بوون، دواتر مامۆستا زیرەكی منی دەكردە بەڵگەی ناڕاستی قسەكانی ئەوو پێی دەگوت ئەی بۆ ئەو منداڵە كە زۆر لە تۆ بچوكترە، بەڵام هەموو وانەكان دەزانێت؟ ئیدی فەتۆ دۆش دادەما و ئیدی لەسەر ئەوە هەموو جارێك مامۆستا چوارداری لێدەدا.
ئیدی كەزانی زیرەكی من هۆكارێكە بۆ داركاری کردنی ئەو، ڕۆژێك لەكاتی چوونەوەمان بۆماڵەوە، فەتۆ وڕێی لێگرتم بەهەڕەشەوەپێی گوتم: هەركاتێك مامۆستا هاتە ناوپۆل و پرسیاری وانەی لەمن كرد، ئەگەر من وانەكانم زانی تۆش بڵێ دەزانم، ئەگەر منیش نەمزانی تۆش بڵێ نازانم، ئەگینا هەركاتێك مامۆستا لەمنیدا، لەكاتی تەواوبوونی دەوام منیش ڕاست و چەپ تۆ دەكوتم.
هەڵبەت لەكۆتاییدا فەتۆ نەیتوانی من لەڕەوتی زیرەكی و سەركەوتنەكانی ژیانم داببڕێت و، لەكاروانی جوانی ژیان بموەستێنێت ، سەرەنجام من بوومە خاوەن پێگەیەكی دیاری كۆمەڵایەتی و هەبوو، فەتۆش تەمبەڵی و تەوەزەلی فڕێیدایە ناو لۆچەكانی ژیان و هێندەش بێ كەڵكە، تەنەكە ئاوێك بخواتەوە كەس پێی ناڵێ عافیەتت بێت.
لە هەمووی سەیرتر ئێستا كوڕ و نەوەكانی فەتۆ لەلاپەڕەكانی خۆیان لە فەیسبووك هاوشێوەی باوك وب اپیرەیان چاویان بە پێشكەوتن و بوونی من هەڵنایەت ڕاست و چەپ لە دژم دەنووسن، تێناگەم، من وەمزانی فەتۆ بەس لەگوند هەیە، نەمزانی دنیای سیاسەتیش پڕی فەتۆیە.
دواتر هێمنی هاوڕێم پێی گوتم، هیچم بەخۆم شك نایەت، بەس بزانم فەتۆیەكان كێن و چیان لەمن دەوێ؟ منیش پێم گوت هێمن گیان، وەكو سروشتی هەمیشەییت هێمن بەو گوێمەدێ.
فەتۆیەكان ئەوانەن كۆمەڵ و مێژوو فڕێیداونە دەرەوەی بازنە، تاكە هونەرێكیش كەبیزانن درۆو جنێوەو، تاكە شوێنێك بۆیان مابێتەوە خوارەوەی مەجلیس و ناو لاپەڕەپەی فەیسبوكە.