
ئەو دەنگانە كەم نین ئەمڕۆ، وەك كاردانەوەیەك بەرامبەر بە ستەم و زوڵمی دەستەڵاتی هەردوو حیزبی حوكمڕان، پێشوازی لە گەڕانەوەی دەستەڵاتی ناوەندیی عێراق دەكەن بۆ سەر قەوارەی هەرێمی كوردستان. ئەم مەیلە، كە بەشێك لە كۆمەڵگەی كوردستانی گرتووەتەوە، مەیلێكی سروشتی و لەخۆوە دروستبوو نییە، بەڵكوو دەرئەنجامی كەڵەكەبوونی كۆمەڵێك هۆكار و هەڵوێست و سیاسەتە لە ماوەیەكی درێژدا كۆبوونەتەوە و ئەم دۆخەیان دروست كردووە.
ئاراستە و كردەوەكانی هێزە حوكمڕانەكانی هەرێم بۆ سەپاندنی كۆنترۆڵی تەواو بەسەر كۆمەڵگە و هەموو بوارەكانی ژیاندا، بە شێوەیەكە هیچ فەزا و پانتایییەكی گشتیی سەربەخۆیان بۆ كۆمەڵگە و هاووڵاتییان نەهێشتووەتەوە. یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی ئەم دۆخە، و لەوەش خراپتر، دەستبەسەرداگرتنی هێزە چەكدارەكان، ئابووری، دارایی و جومگە سەرەكییەكانی حوكمڕانییە. ئەم مۆدێلەی حوكمڕانی نەك تەنها هیچ هەناسەیەكی بۆ كۆمەڵگە نەهێشتووەتەوە، بەڵكو وای كردووە هاووڵاتی هەست بە داخراوی، تەنگەتاوی و تەنانەت خنكان بكات.
ئەم مۆدێلەی حوكمڕانی، هیچ مانایەكی بۆ پێگە و ڕۆڵی هاووڵاتی، چەمكی هاووڵاتیبوون، بەشداریی سیاسی و مانای هەڵبژاردن نەهێشتووەتەوە. لە ئەنجامدا، پارتی و یەكێتی زیاتر لە ڕێگەی دەستبەسەرداگرتنی جومگەكانی حوكمڕانییەوە هێزیان بەدەستەوەیە، نەك لە ڕێگەی شەرعییەتی میللی و ڕەزامەندیی هاووڵاتییان و پرۆسەیەكی دیموكراتیی هەڵبژاردنەوە.
ئەگەر تا دوێنێ مافە ئابووری، كۆمەڵایەتی، سیاسی و مەدەنییەكانی هاووڵاتییان لەبەردەم هەڕەشە و پێشێلكارییەوە بووبن، ئەمڕۆ كۆی قەوارەی هەرێمی كوردستانیش ڕووبەڕووی هەمان هەڕەشە و پێشێلكارییەكان دەبێتەوە. واتە، ئاستی مەترسییەكە لە پێشێلكردنی مافەكانی تاك و كۆمەڵگەوە تێپەڕیوە و گەیشتووەتە ئاستی هەڕەشە لەسەر قەوارە و بوونی سیاسیی هەرێم. ئەمەش دۆخێكە بەرپرسیارێتیی جددی لەسەر هەموو لایەك دروست دەكات.
لەبەرامبەر ئەم بارودۆخەدا، پرسیارێكی گرنگ سەرهەڵدەدات: ڕۆڵی هێزەكانی دەرەوەی دەستەڵات چییە؟ ئایا ئەوانیش لەبەردەم پرسیار و بەرپرسیارێتیدا نین؟
لە ئەزموونی سیاسیی زۆرێك لە وڵاتاندا، كاتێك دەسەڵات لە جیاتی چارەسەركردنی قەیرانەكان و بەڕێوەبردنێكی باش، خۆی دەبێتە سەرچاوەی قەیران، ئەوا ئەركی هێزەكانی دێكەی سیاسی دێتە پێشەوە؛ ئەوەش بریتییە لە پێشكەشكردنی جێگرەوەیەكی باوەڕپێكراو و باشتر، كە بتوانێت متمانەی خەڵك بەدەستبهێنێت و ببێتە هەڵبژاردەیەكی جددی بۆ حوكمڕانی. پرسیارەكە تەنها ئەوە نییە دەستەڵات چی كردووە، بەڵكو ئەوەشە كە هێزەكانی دەرەوەی دەستەڵات چییان بۆ پێشكەشكردنی جێگرەوەیەكی سیاسیی ئامادە كردووە؟
دەبێت ددان بەو ڕاستییەدا بنێین ژینگەی كاری هێزی ئۆپۆزسیۆن لە كوردستان ژینگەیەكەی دژوار و پڕ لە بەربەستە؛ بەڵام ئەم دژوارییەش بەشێكە لە لێكەوتەكانی هەمان مۆدێلی حوكمڕانی و مانای داخراوی هەموو ڕێگاكانی جێگرەوەیەكەی باشتر نییە.
لەگەڵ ئەوەشدا، جگە لە كێشەی گوتاری پۆپۆلیستی و بنەماڵەییبوونی زۆربەی هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن، هاوشێوەی هێزە حوكمڕانەكان، چوارچێوەیەكی دیاریكراو بۆ رێساكانی ململانێی سیاسیی مەدەنی بە تەواوی تەسك كراوەتەوە. لە ژینگەیەكی وەهادا، هاووڵاتی و هێزی سیاسیی سەربەخۆ لەبەردەم دوو هەڵبژاردەی ساختەدا دادەنرێن: یان لەگەڵمان بن و ببنە بەشێك لە سیستەمەكە، یان دژمان بن و وەك دوژمن مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت!
بەهۆی كۆنترۆڵكردنی سەرچاوە ئابوورییەكان، دامەزراوە ئەمنییەكان و میدیاشەوە، بە ئاسانی وێنەی ئۆپۆزسیۆن وەك هێزێكەی دژە ئەزموون و دژە ئارامی پیشان دەدرێت. لەوەشەوە، لێدان و لاوازكردنی هێزە ناڕازییەكان ئاسان دەبێت و هەر هەوڵێك بۆ دروستكردنی پرۆژەیەكی سیاسیی جێگرەوە لە دەرەوەی بازنەی دەستەڵاتی حوكمڕان، ڕووبەڕووی بەربەستی جددی دەبێتەوە.
كاتێك دەسەڵات چیتر توانای چارەسەركردنی قەیرانەكانی خۆی نامێنێت لە هەمان كات خۆی دەبێتە بەربەست لەبەردەم سەرهەڵدانی هێزێكی جێگرەوە، كۆمەڵگە دەكەوێتە دۆخێكی داخراوەوە. لەم دۆخەدا، گەڕانەوە بۆ چوارگۆشەی یەكەم وەك دەرئەنجام دەبێت و پەنابردن بۆ دەستەڵاتی ناوەندی لە بەغدا، وەك ڕێگایەكەی دەرچوون لە قەیرانەكان دەردەكەوێت لە غیابی هۆشیاریی سیاسیدا.
بەڵام ئەمە بە مانای ئەوە نییە هەموو دەرگاكانی تر داخراون، یان چارەنووسی كۆمەڵگە و قەوارەی هەرێم بگەرێتەوە ژێر دەسەڵاتی حوكوومەتی بەغدا؛ لە كاتێكدا دۆخی شارەكانی ناوەڕاست و باشووری ژێر دەستەڵاتی بەغداد، ئەگەر خراپتر نەبێت، باشتر نییە لە شارەكانی كوردستان.
ئێمە ناچار نین لەنێوان دوو هەڵبژاردە یەكێك هەڵبژێرین: هاوشێوەی ڕەش و سپیی دوو زۆنە حیزبییەكە، یان گەڕانەوە بۆ ژێر كۆنترۆڵی تەواوی بەغدا، یان بەردەوامبوون لە مۆدێلی شكستخواردووی حوكمڕانیی ئێستا. لەنێوان ئەم دوو هەڵبژاردەیەدا، ڕێگایەكەی سێیەم هەیە؛ ڕێگایەك كە لەسەر بنەمای دیموكراسی، هاووڵاتیبوون، دادپەروەری، بەشداریی سیاسی و بەڕێوەبردنی دامەزراوەیی بێت.
ڕێگای سێیەم ئەوەیە كە تووڕەیی و ناڕەزایەتیی خەڵك ، لە هەستێكی كاتی و كاردانەوەیەكەی تاكەكەسییەوە بگۆڕدرێت بۆ هۆشیارییەكی سیاسیی ڕێكخراو و هێزێكی كۆمەڵایەتیی بەهێز. هێزێك كە نەك تەنها توانای پاراستن و بەڕێوەبردنی خۆی هەبێت، بەڵكو بتوانێت قەوارەی هەرێمی كوردستانیش لە سەر بنەمای دیموكراتی و دادپەروەرانەوە بپارێزێت و بەڕێوەی ببات.
ئەمە ئەو جێگرەوەیەیە كە پێویستە لەسەر بنەمای بەرنامەیەكی سیاسیی ڕوون، پرۆژەیەكی ئابووریی دادپەروەرانە، دامەزراوەیەكی بەهێز و سەربەخۆ، و ڕێزگرتن لە ماف و ئازادییەكانی هاووڵاتییان بنیاد بنرێت. لە وتارەكانی پێشوودا، باسی ڕێگای سێیەم و بنەما و مەرجەكانی كراوە و بەردەوام دەبێت.
كێشەكە تەنها ئەوە نییە كە دەسەڵاتی ئێستا شكستی هێناوە؛ كێشەی سەرەكی ئەوەیە كە ئایا ئێمە توانای دروستكردنی جێگرەوەیەكمان هەیە ئەو شكستە دووبارە نەكاتەوە؟!
