
مێژووی سیاسیی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت دوای ڕووداوەکانی ساڵی ٢٠١٧ و قۆناغی دوای ڕیفراندۆم، بووەتە جێگەی مشتومڕێکی قووڵ لەنێوان هێزە سیاسییەکان و خەڵک، بەشێک لە چاودێران و ڕەخنەگرانی سیاسی پێیان وایە کە قووڵبوونەوەی ناکۆکییە ناوخۆییەکان، ململانێ لەسەر دەسەڵات و داهات، و دوورکەوتنەوە لە گوتارێکی نیشتمانیی هاوبەش، پێگەی هەرێمی کوردستانی لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە لاواز کردووە و لە بەرامبەردا حزبی قەڵەو کردووە،
بەپێی ئەم ئاراستەیەبێ پەیڕەوکردنی سیاسەتی تاکلایەنە و گوێنەگرتن لە پێشنیار و ئەزموونی لایەنە جیاوازەکان، وایکردووە کە متمانەی نێوان هاووڵاتیان و دەسەڵات کەم ببێتەوە و جۆرێک لە دووبەرەکی و دابەشبوونی جوگرافی و ئیداری دروست ببێت، ڕەخنەگران ئاماژە بەوە دەکەن کە لە کاتێکدا ناوچەکە بە گۆڕانکاریی خێرادا تێدەپەڕێت، سەرقاڵبوون بە بەرژەوەندییە حزبییەکان دەرفەت دەداتە وڵاتانی دراوسێ و هێزە ئیقلیمییەکان کە ئەجێنداکانی خۆیان لە دژی قەوارەی هەرێم جێبەجێ بکەن، بەجۆرێک بەنێو ئەو درزانەدا بێن کە خۆمان بۆ خۆمان دروستمانکردووە، هەروەها، لە دیدی زۆرێک لە شرۆڤەکارانەوە، پشتبەستنی ڕەها بە هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکان، وەک ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ناتوانێت جێگرەوەی یەکڕیزیی ناوخۆیی بێت و تاسەر ئەوان لەگەڵت نامێننەوە، چونکە زلهێزەکان لە کۆتاییدا لە چوارچێوەی بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی خۆیاندا مامەڵە دەکەن.
لە بەرامبەردا، لایەنەکانی ناو دەسەڵات و ئەو شرۆڤەکارانەی بەرگری لە سیاسەتەکانی حکومەت دەکەن، خوێندنەوەیەکی جیاوازیان بۆ دۆخەکە هەیە. ئەوان پێیان وایە کە هەرێمی کوردستان لەژێر فشارێکی توندی ئابووری، یاسایی و ئەمنیدایە لەلایەن بەغدا و وڵاتانی ناوچەکەوە و هەوڵەکانی حکومەت بۆ پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێم و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو فشارانە بووە، وەلێ هەرگیز ئاوڕیان لە یەکڕیزی نەداوەتەوە و گوێشیان لە حزبە خاوەن ئەزموونەکان نەگرتووە، بە دیدی ئەوان، ئەو هەنگاوانەی نراون بۆ ڕێکخستنەوەی داهات و چاکسازی، بەشێک بوون لە پلانێکی ستراتیژی بۆ بەهێزکردنی پارتەکانیان، لەبەرامبەردا پەراوێزخستنی لایەنەکانی تر و خەڵک و داخستنی ئازادیکانی شەقام، ئەو هۆکارانەن کە بەسەر کۆسپی لەناکاوی سیاسی و پلانی نێودەوڵەتیدا دەکەون، بەجۆرێک دەرفەتی خۆکۆکردنەوەیان تەنیا لە بەیاننامەی هاوبەشدا کورت دەکەنەوە، کە دەبوو زۆر زووتر بیریان لێکردبایەوە.
سەرەڕای ئەم جیاوازییانە لە لێکدانەوەدا، زۆرینەی هەرە زۆری چاودێرانی سیاسی و خەڵکی کوردستان لەسەر یەک خاڵی جەوهەری کۆکن، ئەویش ئەوەیە کە تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە هەستیارە پێویستی بە گەڕانەوە بۆ دیالۆگێکی نیشتمانیی ڕاستەقینە هەیە. ئاشتکردنەوەی شەقام، گەڕاندنەوەی متمانە لەنێوان هێزە سیاسییەکان و سوودوەرگرتن لە ئەزموونی هەموو لایەنەکان بە مەبەستی داڕشتنی ستراتیژێکی یەکگرتوو، وەک تاکە ڕێگەچارە دەبینرێت بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی هەر هەڕەشەیەکی دەرەکی کە ئاراستەی هەرێمی کوردستان دەکرێت.
جگە لە گەڕانەوە بۆ خەڵک و یەکڕیزی و دانانی پلانێکی تۆکمە بۆ پاراستنی هەرێم و کۆبوونەوەیەکی خێرا، دوورنییە ئەوساتمەیەی زەیدی ببێتە چاڵێکی قوڵ و هەموان بکەوینە ناوی، بەپێچەوانەوە بەتەنیا حزب ئەو گرێکوێرەیەی هەرگیز پێناکرێتەوە.
