هیوا عومەر

 

تادێت جیهانی ئەمرۆمان نائارامتر دەبێت، نائارامییەك سەرلەبەری سێكتەرەكانی ژیانی گرتۆتەوە، لە نائارامی ژینگەی ئیشكردنەوە (شوێنی كار) دەستپێدەكات بۆ نائارامی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی تا دەگاتە نائارامی لە ئاسایشی ئاشتی، لە جیهاندا .

گۆڕانكارییە خێراكان بەجۆرێك ڕوودەدەن و نەخشەیان بۆ دادەرێژرێت، مرۆڤ زیاتر و زیاتر  هەستی نامۆیی و بێدەسەڵاتی و پەراوێزخستنی لا دروست دەبێت، هەستێك وەك ئەوەی لەناو كەشتییەكدا جێنشینكرابیت بەبێ‌ ئەوەی بزانێت ئاراستەی ئەو كەشتییە بەرەو كام كەنارە، بەبێ‌ ئەوەی بزانێت دیزانی ئەو كەشتییە بۆ چ جۆرە سەفەرێكی ژیان، ئامادەكراوە !

ئەو نائارامییە كە بەشێوازی تر و لەئاستی جیاجیا ڕووبەڕووی ژیانی مرۆڤی ئەم سەردەمە دەبێتەوە لە ئاستی ژیانی ئابووری و سیاسی و كۆمەڵایەتی، بەڵام بۆ مرۆڤێكی كورد ئەم نائارامییە زۆر لەوە زیاترە، بەجۆرێك  مرۆڤی كورد سەرباری نائارامییەكانی تر، ڕووبەڕووی نائارامی لە سڕینەوەی شوناس و بوونی خۆشی، زیاتر دەبێتەوە.

لە ڕووی سیاسیيەوە، ڕووداوەكانی ئەم چەند رۆژەی سوریا و ئۆكرانیا و لوبنان و ناوچەكە، ئاماژەی زیاترمان پێدەدەن لە خێرایی ڕووداوەكان و ویستی داڕشتنەوەیەكی تری نەخشەی سیاسی ناوچەكە، پیشدەچێت پڕوشكی گۆڕانكارییەكان لەسەر دۆزی كورد لە رۆژئاوای كوردستان و باشوور و باكوور و تەنانەت لە رۆژهەڵاتیش خێراتربێت.

دەستپێكردنەوەی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا و گۆڕانكارییە خێراكان لە سوریا و رۆژئاوای كوردستان و دۆخی بێكاری و بێمووچەیی و بەردەوامی قەیرانی سیاسی و ئابووری لە هەرێمی كوردستان پرس و ڕووداوی لێكدابڕاونین لەناو نەخشەی تازەی گۆڕانكارییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەراست .

لەوەش زیاتر، دابەشنەكردنی  مووچە لەدوای دەرئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەولەویەتی هاووڵاتيیان زیاتر بەئاراستەی گونجاندنی ویستی ناوەندێتی بەغدا ئاراستەدەكات، ئەوەش وەك دەرئەنجامی شكستی ئیدارەدانی هەرێمی كوردستانە لەماوەی سی و چوار ساڵی ڕابردوودا.

لەم دۆخە پڕ گۆڕانكارییەدا، ئەزموونی هەرێمی كوردستان و رۆژئاوای كوردستان لەهەموو كات زیاتر ڕووبەڕووی هەڕەشە دەبێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا لێرە دۆخی نائومێدی و دەستبەخۆداشۆڕكردنەوە زیاتر دەبێت، لەمرۆدا لەهەموو كات زیاتر پێویستمان بە سەرڕێگاخستن و یەكخستنی وزە و تواناكان هەیە بەئاراستەی بزووتنەوەیەكی ئازادیخوازی و دادپەروەری، كە بتوانێت لەجیاتی دەستبەخۆداشۆڕكردنەوە، خاوەنی دید و ئیرادەبێت.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە