ستار ئەحمەد

 

 

​میدیای عەرەبی لە مێژووی خۆیدا وەک ئامرازێکی سیاسیی توندڕەو بۆ چەسپاندنی هەژموونی نەتەوەیی بەکارهاتووە. ئەم دەزگایانە لەبری گواستنەوەی ڕاستییەکان، بوونەتە کارگەی بەرهەمهێنانی پڕوپاگەندە و شێواندنی ناسنامەی گەلانیتر. عەقڵییەتی عەرەبچێتی ڕەگی لەناو هەموو جومگەکانی ڕاگەیاندنی ئەو وڵاتانەدا چەسپاوە. ئەوان بە بەرنامە کار بۆ سڕینەوەی مێژووی نەتەوە ڕەسەنەکانی ناوچەکە دەکەن. کورد لە دیدی ئەم میدیایانەوە هەمیشە وەک مەترسی بۆ سەر یەکپارچەیی خاکی عەرەب نیشان دراوە. ئەمە چەواشەکارییەکی گەورەیە، چونکە مافی سروشتیی گەلان بە خیانەت و جوداخوازی وێنا دەکەن. زمان و گوتاری میدیای عەرەبی پڕە لە زاراوەی تەمومژاوی بۆ پەردەپۆشکردنی ڕاستییەکان. کاتێک باس لە خاکی کوردستان دەکەن، تەنها ئاراستە جوگرافییەکان بەکاردێنن بۆ ئەوەی ناوی پیرۆزی کوردستان نەهێنن. ئەمە هەوڵێکی بەردەوامە بۆ بچووک کردنەوەی دۆزی نەتەوەیەک لە کێشەیەکی ناوخۆیی و تەکنیكیدا.

​دراما و فیلم و بەرنامە مێژووییەکانیان لێوانلێون لە دزیی ناسنامە. پاڵەوانانی نەتەوەکانی تر دەبەن و پۆشاکی عەرەبییان بەبەردا دەبڕن. ئەوان دەیانەوێت مێژوویەک تەنها بۆ خۆیان دروست بکەن، ئەگەر لەسەر حیسابی سڕینەوەی مێژووی ڕاستەقینەی ناوچەکەش بێت. ئەم دامەزراوە میدیاییانە کۆمەڵێک زاراوەی تەمومژاوییان داهێناوە تا ڕاستییەکان لەناو مێشکی جەماوەردا بشێوێنن. یەکێک لەوانە ناوزەدکردنی نەتەوەکانی ترە بە میوان یان پەنابەر لەسەر خاکی باوباپیرانی خۆیان. ئەمە هەوڵێکی نامرۆڤانەیە بۆ نکوڵیکردن لە مێژووی هەزاران ساڵەی گەلان. کاتێک باس لە بزووتنەوە ڕەواکانی کوردستان دەکەن، وشەی یاخیبوو یان تێکدەر بەکاردێنن، تا وێنەی خەباتێکی پیرۆز بۆ داواکردنی ماف و ئازادی، وەک کارێکی تێکدەرانە و دژ بە یاسا نیشان بدەن. چەواشەکارییەکان تەنها لە هەواڵەکاندا نین، بەڵکو لە شێوازی پەروەردەکردنی نەوەکانیشیاندایە. میدیای عەرەبی وای لە تاکی خۆی کردووە کە جگە لە خۆی، هەموو نەتەوەکانی تر بە پاشکۆ و نەیار ببێنێت. کاتێک کارەساتێکی مرۆیی بەسەر گەلی کورددا دێت، ئەم میدیایە یان بێدەنگی هەڵدەبژێرێت، یان بە جۆرێک ڕووداوەکان دەگۆڕێت کە قوربانییەکە وەک تاوانبار نیشان بدات. ئەمە لوتکەی بێڕەوشتیی پیشەیی و میدیاییە.

​ئەوان وەک سوپایەکی ئەلیکترۆنی و میدیایی بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی ڕژێمە دیکتاتۆرەکان کار دەکەن. هەموو ئەو کەناڵە ئاسمانییە گەورانەی کە بانگەشەی ئازادی و دیموکراسی دەکەن، کاتێک دەگەنە سەر مافی کورد، دەبنە دەرباری دەسەڵاتە نەتەوەپەرستەکان. پڕوپاگەندەی عەرەبی دیوارێکی ئەستووری لە دەوری ڕاستییەکان کێشاوە. ئەم دیوارە ڕێگرە لەوەی جیهان و تەنانەت تاکی عەرەبیش تێبگات کە نەتەوەکانی تر خاوەن مێژوو و خاکی خۆیانن. ئەم شێوازە لە کارکردن نەک خزمەت بە ئاشتی ناکات، بەڵکو تۆوی ڕق و کینە لە ناوچەکەدا دەچێنێت. میدیای عەرەبی پێویستی بە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی هەیە تا لەم بازنە تەسکەی نەتەوەپەرستییە دەربچێت. بێدەنگ کردنی دەنگی ڕاستەقینەی گەلان و گۆڕینی ڕاستییەکان، تەنها تەمەنی کێشەکان درێژ دەکاتەوە. پێویستە لێکۆڵینەوەی ورد لەسەر ئەو هەموو درۆ و چەواشەکارییانە بکرێت کە ڕۆژانە لەم میدیایانەوە بڵاو دەبنەوە. ئەوان بە زانستییانە ڕاستییەکان دەشێوێنن و مێشکی جەماوەرەکەیان ژەهراوی دەکەن. ئەمە جەنگێکی میدیاییە دژی ناسنامەی ئێمە. هەر بۆیە دەبێت بە ئاگاییەوە مامەڵە لەگەڵ گوتاری ئەم میدیایانەدا بکرێت. ناسیۆنالیزمی توندڕەوی عەرەبی لە ڕێگەی شاشە و ماڵپەڕەکانەوە دەیەوێت واقیعێکی نوێ بسەپێنێت، بەڵام ڕاستی مێژوو بە چەواشەکاریی میدیایی ناسڕێتەوە.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا