نووسینی: جەوهەر سەیدا

لە ئاست میهرەبانی و مەزنیی دایکمدا، کە ئازیزترین مرۆڤی ژیانم بوو، وشەکان هەموو کورت دێنن. دایکم، ئەو کەسەی ڕۆژگار هەر خەمی بۆ دەباراند، بەڵام هەرگیز لە بەرامبەر نەهامەتییەکاندا کۆڵی نەدا و تەنانەت جارێکیش گلەیی لە چارەنووسی نەکرد. ئەو بۆ من تەنها دایک نەبوو، بەڵکو مامۆستا و ڕابەر و ڕۆمانێکی پڕ لە وانەی خۆڕاگری بوو.
کاتێک دایکم لە ڕۆژگارە سەختەکان دەدوا، یادی ئەو ژنە شۆڕشگێڕە شیوعییانەی دەکردەوە کە لە بوێری و چالاکیدا وێنەیان نەبوو. لە پیرە هەولێری ئەوکاتدا، ئەوان ئەستێرەی درەوشاوەی ڕێگای تێکۆشان بوون؛ خوشکە مامز، زوهرا، ئەمینە حەسەن و چەندانی تر، کە بە چاونەترسییەوە ئەرکە نهێنییەکانی حزبیان بەڕێوە دەبرد.
دایکم چیرۆکێکی پڕ لە وریایی دەگێڕایەوە: جارێک ماڵی "خوشکە مامز" لە پشت بانکی ڕەشید بوو، نامەیەک یان بەریدێکی حزبی هەبوو کە دەبوو بگەیەنرێتە گەڕەکی تەیراوە. دایکم دەیگێڕایەوە کە چۆن زەمبیلەیەکی پڕ لە سلق و تور و سەوزەی هێنا، بەریدەکەی لە بنەوەی زەمبیلەکە شاردەوە و بەو شێوەیە، بە یاوەریی ئێمە، توانیان بە سەلامەتی ئەرکەکە جێبەجێ بکەن.
دایکم هەمیشە دەیوت: «لەو هەولێرەدا، ژنەکان لە هیچ پیاوێکی ئازا کەمتر نەبوون، مێژووی ڕاستگۆ دەبێت بە شکۆوە ناوی ئەوان بهێنێت.» ڕاستییەکەی، ئەگەر مێژوونووسێک بیەوێت بە ڕاستگۆیی ڕووداوەکان بنووسێتەوە، ناتوانێت ناوی دایکم (محتبر) داپیرم (ئامینە)، خوشکە مامز و زوهرا نەهێنێت؛ هەر هەوڵێک بۆ فەرامۆشکردنیان، زوڵمێکی گەورەیە لە مێژوو.
ئەو سەردەمە، کە ڕەشەبای "حەرەس قەومی" و نۆکەرانیان بۆ چەند فلسێک شارەکەیان خستبووە بەر هەڕەشە و کوچە و کۆڵانەکان پڕ ببوون لە شەمشەمەکوێرەکان، ئەو ژنانە لەپاڵ پیاوە ئازاکان، وەک قەڵغانێک بەرامبەر بە نادادپەروەری ڕاوەستان.
ئەو مێژووەی ئەوان نووسییان، بەرهەمی ئەمڕۆی ئێمەیە. ڕاستە ئەوان بە جەستە لە نێوماندا نەماون و ڕووحیان شاد بووە، بەڵام لە هزری پاک و ویژدانی زیندووماندا هەمیشە بە نەمری دەمێننەوە. ئەوان ئەستێرەی درەوشاوەی مێژووی دوێنێن و ئەزموونێکی بەنرخن بۆ ئێستا و داهاتووێکی گەشاوە.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسیfgdsgsdgsdfgsdgعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا