
نووسینی/ زیرەک کەمال
(بوستان)ی سەعدی کە لە چوار هەزار بەیتی شیعری پێکهاتووە، بە یەکێک لە دەقە ئەدەبییە هەرە گەورەکانی مێژووی ئەدەبی ئێران و بگرە جیهان دێتە ئەژماردن. دەڵێن سەعدی شیرازی لەبارەی بوستانەوە گوتویەتی ئەوەندە بە نووسینیەوە ماندووبووم خەریک بوو وەکوو چۆن هەندێک ئافرەت بەسەر منداڵەوە گیانیان دەردەچێت، منیش خەریک بوو ئاوا بەسەر بوستانەوە گیانم بچێ، گوتووشیەتی بوستانم بە قەد منداڵێکی خۆم خۆش دەوێت. ئێرانییەکانیش لەبارەی ئەو دیوانەوە دەڵێن: بە حەوت ساڵی بوستانی سەعدی بخوێنیتەوە، بە تەمەنی حەفتاساڵی تێی دەگەی، بەڵام شێخی سەعدی کە خاوەنی ئەو شاکارەیە، هەموو ئێران و بگرە ئەدەبدۆستانی جیهانیش لە ئاستیا دەست لەسەر سنگ دەوەستن، بوستانەکەی پێشکەشی بە (ئەتابەگ ئەبوبەکری شیرازی ) کردووە، چونکە لە کاتی هێرشی دڕندانەی مەغۆلەکان، ئەتابەگ توانی شاری شیراز لەو هێرشە بپارێزێت و مەغۆلەکانیش تێک بشکێنێت. ئاخر شێخی سەعدی جگە لەوەی شاعیرێکی گەورە بووە، هەروەها وڵات پەروەرێکی گەورەش بووە. هەڵبەت شاعیری ڕاستەقینەش هەردەبێت وابێت. کەچی کە داعش هێرش و پەلاماری بۆ سەر کوردستان دەست پێ کرد و جاڕی کوشتنی پیاوەکان و بە جاریەکردنی کچ و ژنی کوردیدا، ئا لەو کاتەدا لەسەر شاشەی تیڤییەکان و میدیاکان بەگشتی، گفتوگۆ گەرم بوو لەسەر ئەوەی ئایا کە پێشمەرگە لە شەڕی ڕووبەڕووبوونەوەی داعش گیانیخۆی بەخت دەکات شەهیدە یان نا؟ نەک هەر ئەوە، چەند ڕۆژێک بەر لە ئێستا لە شەڕی نێوان شەڕڤانانی کورد و لەشکری (ئەحمەد شەرع) لە شاری حەلەب دەنیزی کچەقارەمان لەگەڵ کۆمەڵێک شەڕڤانی تر گیانی خۆیان بەخت کرد، کەچی دیسان لە جیاتی ئەوەی لەسەر ئاستی نەتەوەیی و کوردستانی، سەری ڕێز و کوڕنوش بە باڵای ئەو شەهیدانە دابنوێنین، هاتووین دیسان لەناو میدیا و سۆشیاڵمیدیا باس و خواسی ئەوەمان گەرمە ئایا دەنیز و شەڕڤانەکان شەهیدن یان نا؟ لێرەدا دەبێت پرسیارێک لە حزبە کوردیەکان بکرێت، کە بۆچی بەدرێژایی تەمەنی خۆیان نەیانتوانی کانیاوی توانا فیکری و مەعریفییەکانی تاکی کوردی لەسەر بنەمای تازەگەری و نیشتیمانپەروەری بتەقێننەوە؟ بۆچی حزبی کوردی نەیتوانیوە، یاخود نەیویستووە گەلەکەی بباتە ناو جیهانی تازەگەری؟ کەچی توانای هەیە بە هەزارویەک شێوە گەلەکەی بگەوجێنێت و بە سەدان ئاراستەدا بەلاڕێیدا ببات؟ بۆچی حزبی کوردی کە خاوەنی میدیایەکی هێندە زەبەللاحە، دەتوانێت بە بوقێک دنیا بهەژێنێت، کەچی نەیتوانیوە تاکەکانی کۆمەڵگا وا گۆش بکات کە گیان بەختکردن لە پێناو وڵات لووتکەی شەهیدبوونە؟ دوای تەواو کردنی ئەم نووسینەم شەهید دەنیزی کچەشەڕڤانم هاتەخەون و پێی گوتم: دڵنیام تۆش لەسەر ئەو نووسینەت لەناو سۆشیالمیدیا له رووى ڕۆحی و دەرونی بە دەستی جههل شەهید دەکرێی.