ن/ زیرەک کەمال
دوێنێ نازانم چەند شەممە بوو ، چەندی مانگیش بوو ، هەروەها ناشزانم بەیانی بوو یان ئێوارە ، چونکە گڕەگڕ و بەند و بالۆرە و هاتوهاواری هەندێک بەناو سیاسییە تازە هەڵتۆقیوەکان لەناو میدیا بەگشتی و شاشەی تیڤییەکان بەتایبەتی خەریکە ناوی خۆشمان لەبیر دەبەنەوە ، ئیدی با سەرتان نەیەشێنم و با لەکرۆکی باسەکەم دەرنەچم ، بەڵێ دوێنێ فریاد برادەری گیانی بە گیانی سەردەمی قوتابخانە و هاوڕێی پێشمەرگایەتی شاخم لەبەردەمی ماڵەکەی خۆی بینی ، لەسەر چیچکان دانیشتبوو سەری ماندووی پڕلەخەونی ڕەنگاڵەیی خستبووە سەر شان و ملی هیلاکی ، هەروەها بە چیلکەداری ناو دەستی لەسەر خۆڵەکەی بەردەمی وێنەی دڵێکی کێشابوو، پێموابوو دڵی خۆی بوو ، ئەو دڵەی لەسەردەمی ڕەنگاڵەیی لاوێتیدا لەپێناوی خەونە جوانەکانی نیشتمان لەودیوی شیشە پۆڵایینەکان و لەناو زیندانە تاریک و ترسناکەکانی بەعسدا بۆ ماوەی چەندین ساڵ دیل کرا ، سەردەمانێکیش هەر ئەو دڵەی لەپێناو نیشتمان و هێنانەدیی ژیانێکی شایستە بە مرۆڤ بردە ناو ئەشکەوتەکان و بە چەندین هەوراز و نشێوی سەخت و دژواردا سەریخست و نشێوی کردەوە و کردی بە هاوڕێی چەک و لەپێناوی هێنانەدیی خۆری ئازادی بۆ ئاسمانی نیشتمان جوانترین و رەنگاڵەییترین وێستگەکانی بەهاری تەمەنی خستە سەر لەپی مەرگ ، لێی نزیک بوومەوە
گوتم: فریاد چۆنی ؟
گوتی: بۆ هاوڕێم ئێستا باش هەیە؟
گوتم: خێر ؟
گوتی : هاوڕێم رۆژانە دەیان دیاردەی دزێوی سیاسی دەبینم و دەیان لێدوان و وتاری جۆراوجۆری سیاسی بەناونیشانی جیاجیاوە بە بەرگ و فۆرمی جیاجیاوە دەبیستم و دەبینم بەبەرچاوی من و هەموو دڵسۆزانی گەل و نیشتمان لەلایەن کەسانی نابەرپرس و دەرچوو لە پڕەنسیپە سەرەکییەکانی مافی مرۆڤ و بەرژەوەندییە باڵاکانی گەل و نیشتمان ، کەچی ئێمەی دڵسۆزانی نیشتمان و ئاشتی و جوانی و ئاوەدانی ناتوانین لەبارەیانەوە هەڵوێستی خۆمان دیاریبکەین و سەرنجی خۆمان بخەینەڕوو ، چونکە بەهەر بارێکەوە بدوێی و بەهەرشێوەیەک قسە لەسەر حکومەت و ئۆپۆزسیۆن بکەی ،دەتخەنە چوارچێوەی لایەنگری و سەنگەربەندی لایەنێکی سیاسی ، زۆرجار کە وتارێک دەنووسی خۆتی پێوە ماندی دەکەی و بەناوەڕۆکێكی مانادار و واقعی لە چوارچیوەی زمانێکی باڵا دایدەڕێژی تۆ پێتوایە لەم بوارەدا ئەرکێکی نیشتمانیت جێبەجێکردووە ، بەڵام بەداخەوە لەلایەن بەچکە سیاسییە ناحاڵییەکان و مەفرەزە دڕندەکانی ناو ڕارەوە ترسناکەکانی فەیسبووک لەهەموو لایەک بەردەبنە گیانت و بە چەکی تیرۆر و ناوزڕاندن و تۆقاندن و شێواندنی مێژوو،و پێگەی کۆمەڵایەتی سیاسیت لە گرێژنە دەبەن دەڕوشێنن ،دواتر فریاد درێژەی بە قسەکان دا و گوتی لە ئێستادا لە سایەی کلتووری بەجێماوی شەڕی ناوخۆ و سیاسەتی بەرژەوەندیخوازی بەرتەسکی نابەرپرسیارانەی هەردوو حزبی حکومڕان تووشی دۆخێک بووین ئاوا بڕوا هەر لەم هەرێمەی خۆماندا کۆتر لەبەر ئەوەی ڕەمزی ئاشتییە ، ماسی لەبەر ئەوەی مەلەوانە ، پەپوولە لەبەر ئەوەی جوان و بێدەنگە ، دایک لەبەر ئەوەی میهرەبانە و گوڵ لەبەر ئەوەی جوانە و بولبول لەبەر ئەوەی خۆشخوانە ، من و تۆش کە دوژمنی دکتاتۆرییەت بووین هەموومان دەخرێینە ناو قەفەسی دادگاییکردن لەلایەن مەفرەزە دڕندە و تیرۆریستەکانی ناو فەیسبووک .