ژیانی هاوسەرگیری یەکێکە لە ئاڵۆزترین و پیرۆزترین پەیوەندییە مرۆڤایەتییەکان کە بنەمای خێزان و کۆمەڵگەی لەسەر بنیاد دەنرێت. دروستبوونی خێزانێکی بەختەوەر و بەردەوام، پێویستی بە هەوڵدان، هاوکاری، و تێگەیشتنی بەردەوامی هەردوو هاوبەشی ژیان هەیە. وەکوو چۆن ڕووەکێک بۆ گەشەکردن و مانەوەی پێویستی بە ئاو و ڕووناکی هەیە، کۆڵەکەی هاوسەرگیریش میهرەبانی ،  ڕێز، و بایەخدانە. بەڵام لە جەنجاڵییەکانی ژیانی ئەمڕۆماندا، بەهۆی گوشارە ئابوورییەکان، ئاڵۆزییەکانی کۆمەڵگە، و دابەشبوونی سەرنجەکان بەسەر چەندین بواردا، زۆرجار ساردی دەست بەسەر ئەم پەیوەندییەدا دەگرێت. لەم نێوەندەدا، کەمتەرخەمی ژن بەرامبەر هاوسەرەکەی وەک یەکێک لە دیاردە بێدەنگەکانی ناوماڵ سەرهەڵدەدات؛ بابەتێکە کە زۆرجار لە پشت دەرگا داخراوەکاندا دەمێنێتەوە و ڕەهەندە شاراوەکانی لە میدیا و نووسینە کۆمەڵایەتییەکاندا کەمتر شیکردنەوەی دروستیان بۆ دەکرێت.
کاتێک باس لە کەمتەرخەمی دەکرێت، زۆرجار تەنها لایەنە ڕووکار و دیارەکانی وەک پشتگوێخستنی ئەرکە ڕۆژانەییەکان بەدی دەکرێن، بەڵام مەترسیدارترین ڕەهەندەکانی ئەم دیاردەیە لە بوارە دەروونی و هەستییەکاندا شاراوەن. سەرەکیترین ڕەهەندی کەمتەرخەمی، بێدەنگیی هەستی و وشکبوونی سۆزە. لە سروشتی مرۆڤدا، پیاو تەنها پێویستی بە دابینکردنی ژەمە خۆراکێک یان خزمەتگوزارییەکی نێو ماڵ نییە، بەڵکوو بەدوای پەناگەیەکی دەروونیدا دەگەڕێت کە تێیدا هەست بە بەها، ڕێز، و پێزانینی خۆی بکات. کاتێک ژن لە ئاست هەوڵدان، ڕەنج و ماندووبوونی ڕۆژانەی هاوسەرەکەی بێدەنگ دەبێت و هیچ وشەیەکی دەستخۆشی یان سوپاسگوزاری ئاراستە ناکات، ڕەهەندێکی شاراوەی دابڕان دروست دەبێت کە بەرە بەرە بنەمای متمانە و هاوسۆزی دەڕووخێنێت.
ڕەهەندێکی دیکەی شاراوە لە دەستبەسەرداگرتنی کات و وزەی هزری لە دەرەوەی بازنەی خێزاندا بەرجەستە دەبێت. نوقمبوونی بەردەوام لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، خەریکبوونی زۆرلەپێویست بە پەیوەندییە دەرەکییەکان، یان تەرخانکردنی هەموو سەرنج و خۆشەویستی تەنها بۆ منداڵەکان بە شێوازێک کە هاوسەرەکە لە پەراوێزدا بهێڵرێتەوە، جۆرێکە لە پشتگوێخستنی ناڕاستەوخۆ. کاتێک پیاو هەست دەکات لە دوا تەوەری لەپێشینەکانی هاوسەرەکەیدایە، ناخی تووشی برینێکی بێدەنگ دەبێت. ئەم بارودۆخە وا دەکات ناوماڵ لە شوێنی حەوانەوە و هەستکردن بە ئارامییەوە بگوێزرێتەوە بۆ ژینگەیەکی سارد کە هەر یەکە لە هاوسەران تێیدا هەست بە تەنیایی دەکەن، هەرچەندە لە ژێر یەک بنمیچدان .
جگە لەمە، ڕەهەندی نادیدەگرتنی بارودۆخی دەروونی و دارایی پیاو، یەکێکی ترە لە هۆکارە شاراوەکانی قووڵبوونەوەی ناکۆکییەکان. ئارامی ناخی مرۆڤ تا ڕادەیەکی زۆر بەندە لەسەر ڕێکخراوەیی و سرەوتنی لەو ژینگەیەی تێیدا دەژێت. دروستکردنی گوشاری دارایی لەڕێگەی داواکارییە ناپێویستەکان، چاولێکردنی ڕووکەشانەی خەڵکی تر، و گوێنەدان بە توانای ئابووری هاوسەرەکەی، دەبێتە هۆی دروستکردنی بارگرانییەکی سەخت ،کە ورە و وزەی پیاو بەتاڵ دەکاتەوە. ئەم فشارە بەردەوامانە هۆکارن بۆ دروستبوونی تەقینەوەو هەڵچوون لەسەر شتی بچووک، کە لە ڕاستیدا دەرئەنجامی ئەو کەمتەرخەمییە کۆکراوانەی ڕابردوون.
ئەنجامە شاراوەکانی ئەم کەمتەرخەمییە تەنها لە سنووری پەیوەندی نێوان ژن و پیاوەکەدا نامێننەوە، بەڵکوو ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆیان لەسەر باری دەروونی منداڵەکان و سەقامگیری گشتی خێزان دەبێت. پیاوێک کە لە ماڵەکەی خۆیدا ڕێز و بایەخی پێ نەدرێت، بەرە بەرە ڕوو لە بێدەنگیەکی خنکێنەر دەکات؛  کە نیشانەی ڕازیبوون یان ئارامی نییە، بەڵکوو نیشانەی کۆڵدان و داڕمانی بنەما هەستییەکانی پەیوەندییەکەیە. ئەم بۆشاییە زۆرجار وا لە پیاوەکە دەکات بەدوای بەدەستهێنانی ڕێز و هاوسۆزیدا بگەڕێت لە دەرەوەی چوارچێوەی خێزانەکەیدا، کە ئەمه‌ش درز دەخاتە سەر بڕوا و شیرازەی خێزانەکە بەرەو هەڵوەشاندنەوە دەبات.
هەڵماڵینی پەردە لەسەر ئەم ڕەهەندە شاراوانە بە هیچ شێوەیەک بە واتای تاوانبارکردنی تەنها لایەنێک نایەت؛ چونکە هاوسەرگیری ئەرکێکی هاوبەشە و زۆرجار کەمتەرخەمی لایەنێک، ئەنجام یان وەڵامدانەوەیەکە بۆ ڕەفتاری سارد و کەمتەرخەمی لایەنەکەی تر لە ڕابردوودا. بەڵام بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە بێدەنگە و پاراستنی قەوارەی خێزان، پێویستە وشیارییەکی وردتر بێتە ئاراوە؛ هۆشمەندییەک کە تێیدا بایەخدانی هەستی، دەربڕینی سوپاسگوزاری، و ڕەچاوکردنی بارودۆخی دەروونی و مادی ببنە بەشێک لە کلتوری ڕۆژانەی هاوسەران. کاتێک هەردوو هاوبەشی ژیان ڕەهەندە شاراوەکانی ڕەفتارەکانی خۆیان دەستنیشان دەکەن و بە بەرپڕسیارێتییەوە ڕووبەڕوویان دەبنەوە، خێزان دەبێتە چیایەکی بڵند، کە هیچ جۆرە کەمتەرخەمی و ڕەشەبایەکی ژیان ناتوانێت زیانی پێ بگەێنێت.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا