رێواس بانیخێلانی
سەربەخۆیی ئابووری هەنگاوێکە بەرەو ئازادی
ماوەی سێ ساڵە مێردەکەم ژنێکی کەی هێنا و وازی لە من و سێ منداڵەکەم هێنا، کاتێک دوو منداڵم خاوەنی پێداویستی تایبەتیین. خۆم و منداڵەکانی لەو خانووە دەرکرد کە تێدا دەژیاین، هەرچۆنێک بێت خانوویەکم پەیدا کرد و لەگەڵ منداڵەکاندا گواستمانەوە. بەردەوام هەوڵی کار دۆزینەوەم دەدا تا بژێوی کۆڵەمەرگی بۆ منداڵەکانم دابین بکەم. ئەمەش قەینا، ماوە ناماوەیەک دەهات و ئەوەی نەشێ پێیدەکردین، لە لێدان و وشەی ناشرین بە خۆم و منداڵەکانم. دوا جار لە ڕێگەی خێرۆمەندێک لە قوتابخانەی ( ف.م) ناحکومی کاری پاککەرەوەیان دا پێم، کە مامۆستایان زانیان باری ئابووریم خراپە، هەموو مانگێ هەریەک بەپێی توانای خۆی پارەیان بۆ کۆ دەکردمەوە،
ڕۆژێک باری تەندورستیم تەواو تێکچوو، بورامەوە، منیان گەیاندە ماڵەوە، کە ماڵەکەی منیان بینی تەنیا چەند قاپ و مافورێکی تێدابوو، ئاگر لە دڵیان بەربوو، لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا بەیارمەتی مامۆستایان ئەوەی پێویست بێت بۆیان کڕیم. لە سۆپاوە تا مەکینەی جلشۆردن. ئازارەکانم زیاتر و زیاتر دەبوو، داوایان لێکردم کە سەردانی پزیشک بکەم، گرنگ پاش ماوەیەک دەرچوو نەخۆشی شێرپەنجەم هەیە. بۆ ئەمەش پێویستیم بە پارەیەک هەبوو چ بۆ نەشتەرگەریی و چ بۆ چارەسەری کیمیایی. کە ئەندامانی دەستەی کارگێڕی ئەمەیان زانی خێرا کۆمەکی ئابووریان بۆ کۆکردمەوە، تەنانەت خودی قوتابییان و بەخێوکاران بەشدارییەکی چالاکیان لەمەدا کرد. نەک تەنیا ئەمە بەڵکو خێزانێک پزیشکێکی بۆ دۆزیمەوە کە بەبێ پارە نەشتەرگەرییەکەم بۆ بکات. لەو ماوەیەشدا زۆر یارمەتیان دام کە ماوەی نەخۆشییەکەم لە ماڵەوە بم و مووچەکەشم نەبڕن. ئەو یارمەتییە مرۆییەی ئەوان منی کردە مرۆڤێکی تر، لە ڕووی ئابوورییەوە پێویستیم بە یارمەتی مێردەکەم نەبوو، فێربووم بە ڕوویدا بووەستمەوە و ڕێگری لە سوکایەتی و دەستوەشانی بکەم. داوای هیچ یارمەتییەکی لێ نەکەم. خۆم و منداڵەکانم تۆزە تۆزە هۆشمان کردەوە، زانیمان ژیان بێ توندوتیژی و زوڵم چێژێکی تری هەیە، هەرچەندە تا ئێستاش ترسی هاتنی ئەومان لەدڵدایە. بەڵام لەبەرئەوەی داوای یارمەتی مادی لێ ناکەین، بۆیە تا ڕادەیەک وازی لێمان هێناوە.
سەربەخۆیی ئابووری ژنان هەنگاوێکە بەرەو ئازادی ژنان و پشت بەخۆبەستن، ئەمەش متمانە و بڕوابەخۆبوون لای ژنان دروست دەکات. زۆر جار نەبوونی سەرچاوەیەکی مادی، ژنان ناچاردەکات کە قبوڵی هەموو سوکایەتی و کەمسەیرکردن و توندوتیژی جەستەیی بکەن، لەبەرئەوەی توانای خۆبەخێوکردن و مسۆگەرکردنی بژێوی ژیانی خۆیان و منداڵەکانیان نییە. کارکردنی ژنان و سەربەخۆیی ئابووری مانای ئەوە نییە ژنان لە خێزانەکاندا پارەی مووچەی خۆیان بخەنە گیرفانی خۆیان و داوا لە مێرد بکەن هەموو قورسایی بەڕێوەبردنی ماڵ بخاتە ئەستۆی خۆی، بەڵکو پێویستە هاوشانی هاوسەرەکەی بەڕێوەبردنی دارایی ماڵی بکەوێتە ئەستۆ. چونکە ئەوان بەم ڕەفتارە کاریگەری هزری پیاوسالاری زیاتر دەچەسپێنن و هەر گیرۆدەی دەستی پیاو دەبن.
سەربەخۆیی ئابووری دەبێت هەنگاوێک بێت بۆ چەسپاندنی بیرۆکەی یەکسانی هەردوو ڕەگەزەکە، دەبێت ڕێگایەک بێت بۆ بەرزکردنەوەی هۆشمەندی ژنان و دروستبوونی کەسایەتیەکی بەهێزی بڕوا بەخۆ بوو.