
هۆشیاری عەبدولعەزیز
3 لە 3
كاتێك حزب هەموو سێكتەرە حكومیيەكان دەخاتە ژێر هەژموونی خۆی و خودی حزب دەبێتە ئیدارەدەری دەوڵەت، سەروەری یاسا و پرسی دەسەڵات دەكەونە ژێرپرسیارەوە و پایەكانی حوكمڕانی و دەوڵەتداریش بەگەندەڵی و قاچاخچێتی دەورەدەدرێت و هیچ دەرچەیەك نامێنێتەوە بۆ چاكسازی و پاككردنەوەی خەڵت و خەوشی دەسەڵات و لەگەڵ خۆیشیدا دەبێتە كۆگایەكی بێساحێب و كەسانێكی زۆر دەكاتە بازرگان و ساحێب سەروەت و سامانی بێ ئەژمار و ئیتر ئەوان یاری بە دەوڵەت و حوكمڕانی دەكەن، لەم جۆرە كۆمەڵگایەدا كە دەوڵەت هیچ نرخ و بەهایەكی نیيە و حزب ئاراستەی دەكات، دەیان و سەدان دەستە و گرووپی مافیايی دروستدەبن و پڕۆژە و پلانی خۆیان جێبەجێی دەكەن و ئەوان دەبنە دەمڕاستی سیاسەت و بڕیاردەری كۆمەڵگا و هەڵە تێگەیشتن لە كایەی سیاسی دەكەنە ڕەوتێكی جیاواز و لەپەنایدا جگە لە تاڵانكاری و تێكدانی ژێرخانی ئابووری و شێواندنی شیرازەی كۆمەڵایەتی گۆمەڵگا، چەواشەكاری و گەمژاندنی خەڵك و درۆكردن دەكەنە بابەتی ڕۆژ و دەرئەنجام ئاڵۆزی سیاسی و سەرهەڵدانی دەیان جۆر لە قەیران و تێكدانی ژینگەی دەوڵەتداری و پرۆسەی حوكمڕانی لێ بەرهەمدێنن كە ڕێگەخۆشكەرە بۆ درێژبوونەوەی مەودای تەمەنی دەسەڵاتدارێتی و جۆری ئەو حوكمڕانیيەی كە ئەوانە دەیانەوێ. لەم پرۆسەیەشدا ئەحزابی دەسەڵاتدار زیاتر ئەو زمانە میدیايی و سیاسیيە بەكاردێنن كە رۆژانە كۆمەڵگای پێ لەقاوئەدا، زمانی كۆنترۆڵكردن و سەیتەرەكردنە بەسەر خەڵكدا و بەردەوام دەیانەوێ لەو ڕێگایەوە كۆمەڵگایەكی حزبیی دەستەمۆ و ناهوشیار بەرهەمبێنن كە هیچ ڕۆڵێكی كاریگەری لەئاست بیركردنەوە لە گۆڕانكاری و كۆتايیهێنان بەو دەسەڵاتە نەبێ.
گرتنەبەری ئەم میكانیزمی حوكمڕانیيە و دەستبردن بۆ ئەم جۆرە سیاسەتە لەم قۆناغ و هەلومەرجەدا بۆخۆی گەورەترین و مەترسیدارترین پرۆسەی حوكمڕانی كوردە و زۆرترین زیانی مەعنەوی و ماددی و سیاسی بە كۆمەڵگای كوردی گەیاندووە و كوردی تووشی مەترسیدارترین شكست و داڕمان و هەڵوەشاندنەوە كردووە، بەجۆرێك كە تەواوی پرسە نەتەوەيی و نیشتمانیيەكانی تێكشكاند و خەون و خەیاڵی كوردی هەڵوەشاندەوە.
جەوهەری پرسیارەكە ئەوەیە، ئەحزابی حوكمڕانی كورد چۆن توانیان لەرێگەی دیموكراسیەتەوە كۆمەڵگا بگەوجێنن و پرۆسەی دەوڵەتداری ساختە بەرهەمبێنن ؟ لە كاتێكدا پرۆسەی دەوڵەتداری بریتیيە لە جۆرێك رێكخستنی سیستەمی سیاسی و دامودەزگاكانی دەوڵەت لەسەر بنچینەی پاراستنی ماف و كەرامەتی كۆمەڵگا و دەشێ لێپرسینەوە و شەفافیەت لە بریاردان و بەكارهێنانی سەرچاوەكانی داهات و هێز بۆ بەرژەوەندی گشتی بێت. گەر دەوڵەتداری ڕاستەقینە كە لەسەر بنەمای دیموكراسیەت و ئازادی گشتی بونیادنرابێ بریتيیە لە پاراستنی حورمەت و خواست و مافی هاووڵاتی، هەروەك دیموكراسیەت بریتيیە لە كۆتایيهێنان بە دەسەڵاتی چەكداری و گەرانەوەی دەسەڵات بۆ خەڵك و پاراستنی سیستەمی دەستاودەستكردنی دەسەڵات بەشێوەیەكی ئاشتيیانە، و ناكرێ كەس لەپەنای دیموكراسیدا زیانی مەعنەوی و جەسەدی بەركەوێ .
لەو سەرەتایەوە كە تەماشای ئەزموونی دەسەڵاتدارێتی هەرێم و پرۆسەی حوكمڕانی كورد دەكەین، دەبینین ئەزموونی دەسەڵاتدارێتی كورد گەلێك خەسڵەت و تایبەتمەندی جیاوازی بێهاوشێوەی هەیە و زەحمەتە لە شوێنێكی تر بدۆزرێتەوە، لێرە و لەچوارچێوەی ئەم ئەزموونەدا حزب حكومەتی سێبەرە و دیموكراسی و ئیدارەدانی دەوڵەتی لە دوو فێڵدی جیاوازدا كۆكردۆتەوە و كەس تێناگات كورد لە بازنەی چی پرۆسەیەكی دەوڵەتداریدا دەخولێتەوە. بەڕووكەش یەك حكومەت و داموودەزگای دەوڵەتی دەبینین كەچی لەپشتەوە دووئیداری و بەقاچاخبردنی نەوت و بێسەروبەری ئیداری بە سیستەمی دامەزراوەییكراوە و هەرچی تەزویر و گاڵتەكردنە بە كۆمەڵگا و ئیدارەكەی دەوڵەت بەڕێوەدەبرێت و لەولاشەوە ستەمكاری و قۆرخكردنی ئازادی و كوشتنی بەئەنقەستی خەڵك بووەتە دیاردە و كەس ناوێرێ هیچ بڵێ.
تێگەیشتنە هەڵەكە لە سیاسەت لێرەدایە كە هەمووان وادەزانن كوشتن و هەڕەشە و نانبڕین بەشێكە لە پرۆسەی دەوڵەتداری دیموكراسیيانە و دەبێ بە هەموومانەوە بیپارێزین، بەڵام كەس ناپرسێ لەكوێی دنیای دیموكراسیدا ئەوە دەبینرێ كە دەمكوتكردن و خۆسەپاندن تەواوكاری پرۆسەی دیموكراسی بێ و چۆن میكانیزمی ئەم دژانە پێكەوە گرێدەدرێن ؟ بەچی لۆژیكێك دەوڵەت بێبەريیە لەو هەموو هێزە میلیشیا حزبیيە و چۆن دەبێ دوو ئاسایش و دوو ئیدارەی جیاواز لەیەك كابینەی وەزاریدا لەیەكبدرێن، لە كوێی دنیا بووە حزبێكی دەسەڵاتدار لەماوەی حوكمڕانیدا گەورەترین غەدری لە كۆمەڵگا كردبێ و خاوەنی دەیان هەڵەی ستراتیژی سیاسی بێت لە هەڵبژاردنەكاندا دەنگی پێویست بەدەستبهێنێتەوە و متمانەی پێببەخشرێ.
بۆیە لەڕاستیدا كۆی ئەو پرسانە راماندەگرێت بەرامبەر ئەوەی چی دەگوزەرێ لێرە، ئەوەی ڕوودەدا كێ لێی بەرپرسە و چۆن چارەسەر دەكرێ و دواجار مێژوو چی دەبەخشێتە ئایندەی ئەم كۆمەڵگایە، ئایە ئەم جۆرە مۆدێلی حوكمڕانیيە كە بە نەزانی خەڵك و تێنەگەیشتن لەهەڵەی سیاسی هاتۆتە كایەوە، كورد بەچی ئاراستەیەكدا دەبات و كێ بەرپرسە لە شكست و داڕمانی نەتەوەيی و نیشتمانی و چۆن لەو فەوزایەدا ئەم ئەزموونە دەپارێزرێ كە فەزا و مەودا و ئاستی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئایینی و پەروەردەیی و زانستی كۆمەڵگای كوردی لەخۆیدا هەڵگرتووە و بووەتە چەترێك بۆ هەموو كورد.