مرۆڤ و پەروەردە
بەشی سێیەم: هاوسەنگی هزر و جەستە
لەتیف ئەمین
یەکەم: چاڵاکی هزری
هەستکردن بە نەزانین, وا لە مرۆڤ دەکات هەوڵی بەدەستهێنانی زانست و زانیاری بدات. گەیشتن بەو بڕوایەی کە عەقڵ و بیرکردنەوە, کلیلی چارەسەری کێشە و گرفتەکانن, وامان لێ دەکات چاڵاکییە هزرییەکانمان زیاتر و چڕتر بکەینەوە. تین و تاسە و تێنوێتیمان بۆ پێشکەوتن و گۆڕانکاری, وامان لێ دەکات, هزر و بیرمان ڕاچڵەکێنین, تۆز و گەردی نەزانین و دواکەوتوویی, لەسەر شانی هۆشمەندیمان ڕاتەکێنین.
نەزانی و خۆ بە زانا زانین, ئەوەندەی دیکە مێشکی مرۆڤ پەک دەخات, عەقڵی مرۆڤ سڕ دەکات, وا لە مرۆڤ دەکات قەت هەوڵ نەدا و هەرگیز لە خەوی نەزانی بێدار نەبێتەوە. هەتا دان بە نەزانی خۆماندا نەهێنین، ناتوانین هەنگاو بەرەو زانین باوێین.
نەزانین، سەرچاوەی زۆرینەی کێشە و خراپی و دەرد و دواکەوتوویی کۆمەڵگەکانە. لە هەندێک کاتدا نەزانین نەنگی نییە، بەڵکو داننەنان بە نەزانین و نەبوونی ویست و ئامادەیی بۆ فێربوون و تێگەیشتن و زانین، نەنگی و شوورەیی و مایەی نیگەرانییە. سووربوون و بەردەوامبوون و مانەوە لەسەر هەڵە و نەزانی و تەنها خۆبەڕاستزانین و لووتبەرزی و پێداگری لەسەر یەک ڕا و یەک ڕێگە و ڕوانگە و یەک بۆچوون و یەک تێڕوانین، ئاکامێکی باشی نابێت، دەبێتە ئافاتێکی کوشندە بۆ عەقڵ و هۆشمەندی مرۆڤ و بۆ ئاییندەی کۆمەڵگە. تەمبەڵی و بێتاقەتی و بێزاری و بێزەوق و سەلیقەیی، مرۆڤ بێئاگا دەکات لە پێشکەوتن و گۆڕانکارییەکانی سەردەم. مێشکی مرۆڤ بۆئەوەی پەکی نەکەوێت و خانەکانی تووشی پووکانەوە نەبن, پێویستە مەشق و ڕاهێنانی پێ بکرێت. باشترین مەشق و ڕاهێنانیش بۆ مێشکی مرۆڤ, خوێندنەوە و بیرکردنەوە و تێڕامانە. هەموو زانست و دۆزینەوە و داهێنانەکان, زادەی عەقڵی مرۆڤن، عەقڵی مرۆڤیش بە بیرکردنەوە و گەڕان و خۆماندووکردن چاڵاک دەبێت، بە خوێندنەوەی بەردەوامی کتێبەکان، بە هەڵدانەوەی لاپەڕەی سەرچاوە جۆراوجۆرەکان. مەبەستم لە چاڵاکی هزریی, بەکارهێنان و جووڵاندنی عەقڵە بۆ تێگەیشتن و پەیبردن و دۆزینەوەی ڕێگاچارەی گونجاو بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی دیاریکراو. مامۆستایەتی, ئەگەرچی جەستەش لێی بەشدارە, بەڵام بە پلەی یەکەم کارێکی هزری و هۆشمەندییە, عەقڵ تێیدا باڵادەستە, ژیریی بڕیار دەدات. ئاستی سەرکەوتن و پێشکەوتنی مامۆستا, پەیوەستە بە ڕادەی بەکارهێنانی عەقڵ و بیرکردنەوەکەی, پەیوەستە بە چاڵاکییە هزرییەکانی. بیرکردنەوەی باڵا, سەرکەوتنی گەورە دێنێتەکایەوە.
عەقڵی مرۆڤ، تا پڕ نەبێ و تا پێ نەگات, لێی ناڕژێ. چۆڕێ زانست لە عەقڵێکی بۆش و پووچدا قەت ناتکێ. هیچ پەیامێک بێ هۆشمەندی, بە دیواری ئاییندەدا قەت نالکێ.
مامۆستای پەروەردەیی و ڕاستەقینە, مرۆڤێکی بیرکەرەوەیە. مامۆستای لێهاتوو و سەرکەوتوو, خاوەن عەقڵێکی چاڵاک و هزرێکی ڕۆشنە. مامۆستای بیرتیژ و هزرمەند و چاڵاک و وریا, ئاییندەیەکی گەش چاوەڕێی قوتابییەکانی دەکات. مامۆستایەک, دەستی عەقڵی بۆ قوتابییەکانی درێژ بکات, کۆمەڵگاکەی هەر لە زانا و ژیر و هۆشیار لێوڕێژ دەکات.