مرۆڤ و پەروەردە

بەشی چوارەم/ هاوسەنگی هزر و جەستە

 مرۆڤ، ئەو بوونەوەرەی كە عەقڵ و هزر و هەست و هۆش و دەروونی، لە(تەن-جەستە-لاشە)یەكدا هەڵگیراوە، ئەو جەستەیە پێویستی بە خزمەتكردن و ئاگالێبوون و چاڵاكییە، پێویستی بە ئامادەیی و ساغڵەمییە بۆ جێبەجێكردن و ڕاپەڕاندنی ئەرك و ئیش و كارەكان.    بۆ ئەوەی بتوانین بە سەركەوتوویی ئەركەكانمان جێبەجێ بكەین, دەبێ جەستەیەكی پڕ لە هێز و وزەمان هەبێت. یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی مامۆستای سەركەوتوو و پەروەردەیی, گرنگیدانە بە تەندروستی و جەستە و لەشولاری خۆی. مامۆستای پەروەردەیی, ئەو مامۆستایەیە, كە سیستەم و پلان و بەرنامەیەكی دروست بۆ خەو و خواردن و پشوودانی دادەنێت. مامۆستا بۆئەوەی بتوانێ بە سەركەوتوویی ئەركە پەروەردەییەكانی جێبەجێ بكات, بۆئەوەی مامۆستایەكی چوستوچاڵاك بێت, بۆئەوەی بتوانێ خزمەت بكات, دەبێ سەرەتا خزمەتی جەستەی خۆی بكات. مامۆستای شلوشێواو و شەكەت و خاو و خلیچ و بێ تاقەت و بێزار, ناتوانێ گۆڕانكاری لە ڕەفتاری قوتابی بكات, قوتابییانیش تاقەتی دانیشتنیان نامێنێت لە بەرامبەر ئەم جۆرە مامۆستایە, ڕەنگە هەر گوێشی لێ نەگرن. مامۆستای ناچاڵاك و ناكارا و ماندوو, ناتوانێ قوتابییەكانی بەرەو ڕێگایەكی ڕاست و دروست ئاراستە بكات. مامۆستای خەوالوو, ناتوانێ قوتابی هۆشیار و هۆشمەند و چاوكراوە پێبگەیەنێت. مامۆستای سەركەوتوو, ئەو مامۆستایەیە كە هاوسەنگییەك لەنێوان جەستە و عەقڵ و هۆشیدا ڕادەگرێت. گرنگیدان بە یەكێكیان و پشتكردن لە ئەوی دیكەیان, مرۆڤێكی لەنگ و لاسەنگی لێ دروست دەبێت.                     

لە بەشی چاڵاكی هزری, باسی ئەوەمان كرد, كە چ شتێك عەقڵ و بیركردنەوەی مرۆڤ چاڵاك دەكات. باسمان لە وەرزشی عەقڵ و بیركردنەوە كرد، باسمان لە پاراستنی مێشك كرد لە پەككەوتن و پووكانەوە. بە هەمان شێوە جەستەی مرۆڤیش, پێویستی بە جووڵە و وەرزشی بەردەوامە, بۆئەوەی پەكی نەكەوێت. ماسولكەكانی جەستەی مرۆڤ, بەردەوام پێویستیان بە ئیشپێكردن و وەرزشە, بۆئەوەی لاواز نەبن. وەرزشكردن, یەكێكە لە پێویستییەكانی ژیانی ڕۆژانەمان. تەنها خەو و خواردن و هەناسەهەڵمژین بەس نییە بۆ ژیانێكی ئاسوودە و ئارام و دوور لە دەرد و نەخۆشی و پیری. گرنگینەدان بەجەستە, جا بە هەر شێوەیەك بێت, چ بە خواردنی و خراپ، چ بە ماندووكردن و كارپێكردنی لە ڕادەبەدەر و تاقەتپڕوكێن, یان بە دانیشتن و نەجووڵان, دەبێتە هۆكاری پەككەوتن و پیری پێشوەختە. وەرزش بە هەموو جۆرەكانیەوە, ڕاكردن و ڕۆیشتن و یاریكردن و مەلەكردن و...هتد, سوودیان بۆ تەندروستی مرۆڤ هەیە. وەرزش, هۆكارێكە بۆئەوەی هەمیشە بە گەنجی بمێنینەوە. مرۆڤی ساغلەم لەڕووی جەستەوە, هەمیشە پڕ چاڵاكییە, پڕ هیوا و ئومێدە, ورەبەرز و خۆڕاگرە, تەنانەت هەستی ژیاندۆستی لەلای زیاتر دەبێت. بەهۆی جەستەیەكی ساغلەمەوە, دەروونێكی ئاسوودە و ئاراممان دەبێت. جووڵە و چاڵاكی جەستەیی, كاریگەرییەكی زۆری هەیە لەسەر ژیانی ڕۆژانەمان. 

گرنگە مامۆستای پەروەردەیی, تەندروستییەكی باشی هەبێت, بۆئەوەی بتوانێ چاڵاكانە و بە تین و تامەزرۆ و شەوقەوە, پەیامە پەروەردەیی و زانستییەكانی بگەیەنێت. زۆر جار قوتابی سەرسامی جەستەی ڕێك و پڕ لە هێز و چاڵاكی و گورجوگۆڵی مامۆستاكەی دەبێت. گرنگە، مامۆستا خۆی بكا بە نموونەیەكی جوان و پێشەنگێكی دیار بۆ قوتابییەكانی. ئەمەش بۆ جۆری بیركردنەوەی مامۆستاكان دەگەڕێتەوە. مامۆستایەك ئەگەر هەستی ژیاندۆستی و گەشبینی هەبێت، گرنگی بەخۆی و ساغلەمی عەقڵ و هزر و هێزی جەستە و هەستی دڵ و ئاسوودەیی دەروونی خۆیشی دەدات.

 

 

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا