بە ڕوونی
كاوە مەحموود
سەرەڕای ناكۆكی و ململانییە ئاڵۆزەكان لە جیهانی ئەمرۆدا، پەرەسەندنی ئامرازەكانی گەیاندن و لەیەكتر حاڵیبوون و، تێكەڵبوونی شارستانییەكان و ئەگەری كۆكبوون لەسەر بەرژەوەندییە گشتییەكان و، پێداویستی كاری بەكۆمەڵ وگشتگیری مرۆڤایەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەكان، كە تێكرای ئەمانە بابەتی هاوبەشی جیهانی ئەمرۆن، وای كردووە كە سەدەی بیستویەكەم بە سەدەی بەیەكەوە ژیانی ئاشتیانە ناوببرێت.
بنەمای سەرەكی بابەتی بەیەكەوە ژیان، باوەڕبوونە بە فرەكەلتووری لەسەر ئاستی جیهان و مامەڵەكردنە لەگەڵ بەرامبەر لەسەر ئەم بنەمایە.
لایەنێكی دیكەی ئاراستەی كاركردن لەسەر ئاستی جیهانی كە تەواوكەرە بۆ چەمكی بەیەكەوە ژیان، ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە كار و تێكۆشانە لەسەر ئاستی هەر وڵات و نیشتمانێك بۆ وەدیهێنانی ڕەوشی بەیەكەوە ژیان، كە پێویستی بە كۆمەڵێك مەرج و پێداویستی هەیە و، بێ دابینكردنیان، بەیەكەوە ژیانی ڕاستەقینە دابین ناكرێت.
لە كوردستاندا زۆر جار ئاماژە بە بابەتی بەیەكەوە ژیان و شانازیكردن بە بوونی دەكرێت. لە بواری دانانی یاسای تایبەت بە مافی پێكهاتەی نەتەوەیی و ئاینی هەرچەندە بە هۆی پابەندبوونی هەندێ یاسا وەك باری كەسێتی بە دەقی ئاینی زۆربە، كەلین لە بواری یەكسانی نێوان تاكەكان بە هۆی جیاوازی لە نەریتە ئاینییەكانهەیە، بەڵام لە چوارچێوەی تێڕوانینێكی تەقلیدی بە چاوی قایلبوونەوە تەماشای پێگەی یاسایی ئەم بابەتە دەكرێت، هەرچەندە ئەگەر دوور لە تێڕوانین و بۆچونی نەریتییەوە بڕوانینە چەمكی بەیەكەوە ژیان لە كۆمەڵگای هاوچەرخی كوردستاندا، ئەوا ڕەوشی كۆمەڵێك بابەتی گرنگ خۆی بەسەر ڕواڵەت و بەرجەستەبوونی بابەتی بەیەكەوە ژیان دەسپێنێت، لەسەرووی هەموویانەوە چەمكی هاووڵاتیی كوردستانییە.
لە هەرێمی كوردستاندا بە هۆی بوونی كوردستانی باشور بە هەرێمێكی لكێنراو بە دەوڵەتی عێڕاقەوە،پاسپۆرت وەك بەڵگەنامەی فەرمی لە سەردانی دەوڵەتانی دیكە و،بەڵگەی ناسنامە لە بەڕێوەبردنی كاری تاك لە فەرمانگەكانی حكومەتدا بە شێوەیك فەرمی ناسنامەی عێڕاقییە، بەڵام جیاوازی لە نێوان دوو چەمكدا هەیە كە هەندێ جار بە هەند وەرنەگیراوە. چەمكی ناسنامە وەك بەڵگەنامەیەكی فەرمی، كە ئێستا ناسنامەی عێڕاقییە، جیاوازە لە چەمكی شوناس، كە بەنیسبەت ئێمەوە شوناسی كوردستانییە.
بەیەكەوە ژیان بە هەڵگرتنی ناسنامەی دەوڵەتێك مسۆگەر نابێت و بنیات نانرێت. سەقامگیربوونی بەیەكەوە ژیان لە كۆمەڵگای كوردستاندا بە شوناسی هاووڵاتیی كوردستانی گەڵاڵە دەبێت، كە بنیاتنانی ئەم شێوازە هاووڵاتیبوونە وەك ماف و ئەرك و هەست و، پێویستی بە كۆمەڵێك فاكتەری هەمەجۆرە، كە پەروەردەی تاكی كوردستانی پێ بكرێت و، ئەمەش وا دەخوازێت كۆمەڵێك میكانیزم و ئاراستەی كاركردن پەیڕەو بكرێت و لە ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتی و كەلتوری كوردستاندا ڕِەنگبداتەوە و، پەیوەندی تاك بە ناكی دیكە و بە كوردستانەوە پەیوەندی تاك بێت بە نیشتمانەوە.
ئەم هاوكێشەیەی ئاماژەمان پێكرد، چەمكی هاووڵاتی كوردستانی درووست دەكات و، شوناسی كوردستانی بوون لەسەروو شوناسی لۆكاڵی و ناوچەیی و نەتەوەیی و ئاینی و ئاینزایی دەبێت.
هاووڵاتیبوون وەك بنەمایەكی هاوچەرخی بەیەكەوە ژیان لە كوردستاندا پێویستی بە داننانە بە كەلتووری جیاواز و بەكردەوە پەیڕەوكردنی، بە جۆرێك پەیوەندی بەردەوامی تاكی ئەم هەرێمە لەگەڵ تاكی بەرامبەری خۆی لە نیشتمانەكەیدا ببینێت و بەدەر لە جیاوازی پێكهاتە و شوناسی لۆكاڵی و جیاوازی ئاینییەوەبێت.
بەیەكەوەژیان و هاووڵاتبوونی كوردستانی دوو توخمی گرێدراوە بەیەكتر و، پێویستی بە ئاراستەیبەردەوامبوونی شێوازی عەقلانیزمە ڕەفتار و پەیوەندی تاك لەگەڵ یەكتربە مەبەستی درووستكردنی زەمینەی دیالۆگ و لەیەكتر تێگەیشتن. ئەم شێوازە دیموكراسییە لە پەیوەندی تاك لەگەڵ یەكتردا كە یەكێك لە بیرمەندەكانی قوتابخانەی فرانكفۆرت لە فەلسەفەدا، هابرماس باسی دەكات بە فراوانتر لە بابەتی دیموكراسی پەرلەمانی دایدەنێتكە لەسەر بنەمای نوێنەرایەتی كەسێك بۆ گروپ و ژمارەیەك درووست بووە.
كاتێك ڕەوشی پەیڕەوكردنی دیموكراسی بكرێ بە نەریت و بەها و ڕەوشتی گفتوگۆ لەگەڵ یەكتردا، بنەمای مامەڵكردنی كۆمەڵگایی لەگەڵ یەكتر دابین دەكرێت و هەنگاوەكان بۆ بنیاتنانی بناغەی سەقامگیری كۆمەلایەتی و پاراستنی ئاسایشی ناوخۆیی كۆمەڵگاسەركەوتووانە ئەنجام دەدرێت و، زەمینەی دیالۆگی هاوبەش و كاری بەكۆمەڵ و بەشداریی لە دانانی نەخشەڕێگای پێویستی پاراستنی كیانی هەرێمی كوردستان و دەسكەوتەكانی بزوتنەوەی رزگاریخوای نیشتمانی كوردستانی و، كۆكردنەوەی هێزی كۆمەڵایەتییەلە ئاراستەی تێكۆشاندا بۆ وەدیهێنانی ئەركی نیشتمانی، دابین دەكرێت.
بەشێك لە بنەماكانی چەمكی بنیاتنانی هاووڵاتی كوردستانی پەروەردەكردنی تاكە لە كوردستاندا بە ئاراستەی هەڵسەنگاندنی ڕەخنەگرانەی سەرجەم ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە ژیان و چارەنووسی خۆی و كۆمەڵگای كوردستانەوە هەیە. پەروەردەكردن بە میتۆدی ڕەخنەگرانە پێویستی بە دابینكردنی سەرجەم ئازادییەكانی بیركردنەوە و بیروباوەڕ و ڕادەڕبڕین هەیە كە ئەمانەش سادەترین مافەكانی مرۆڤە و ڕێگای بنیتنانی تاكی ئازادە.
كاتێكیش دیالۆگی هۆشمەندانە و ئامادەبوون بۆ هەڵسەنگاندن و پێداچوونەوە و ئاراستەی ڕەخنە و ڕەخنە لەخۆگرتنبنەمای ڕەفتار و هەڵسوكەوتی پرۆسەی سیاسی لە نێو كۆمەڵگادا بێت، ئەوا ئاسۆی هەنگاوەكان بۆ هاووڵاتیبوونی كوردستانی و پاراستنی بەیەكەوە ژیان ڕوونتر دەبێت و، زەمینەیەكی بتەوەی پێشكەوتن و گەشەسەندن بۆ نەوەی داهاتوو دابین دەكرێت و، نەریتی ئاشتی و پابەندبوون بە ڕاستی و قایلبوون بە عەدالەت و لێبوردەیی شوێنی ناسەقامگیری و ناتەبایی و ئاژاوە دەگرێتەوە.
درووستبوونی ڕایەڵەی عەقلیەتی بەردەوامبوونی گوێگرتن لە یەكتر و تەفاعل كردن لەگەڵ بۆچونەكانی بەرامبەردا، مایەی رزگاربوونە لە خولیای پابەندبوون بە عەقلی شمولی و قۆرخكردنی ڕاستی، كە ئاكامەكەی داخستنی بازنەی هەڵسوكەوتی كۆمەڵایەتی لە نێو پانتایی گشتی دەبێت.
بنیاتنانی چەمكی هاووڵاتی كوردستانی پێویستی بە تاكە كوردستانی ئازاد و زەمینەی دیالۆگی تاكەكانە بە ئاراستەی گەیشتن بە مەبەستی دەستنیشانكراو لە بابەتی دیالۆگەكە، بەو جۆرەی قایلبوونێكی گشتگیر بەرهەمبهێنرێت و، لە هەمان كاتدا توانای پێداچوونەوە و رەخنەگرتن و ڕاستكردنەوەی بابەتەكان هەبێت و، زمانی لۆجیك و واقیعبینی پێوەری هەڵسەنگاندن و پێداچوونەوە بێت و، خستنەڕووی بۆچونەكانیش لە هەموو شێوازەكانی فشار بەدوور بێت.
هەرچەندە ئەزموونی تێكۆشانی بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلەكەمان لە قۆناغەكانی ڕابووردوودا گرنگی هەستی كوردستانیبوون و ڕەنگدانەوەی ئەم بابەتەی لە ڕەفتار و كاری سیاسی و تێكۆشاندا خستۆتە ڕوو، لە هەلومەرجی ئێستای كوردستانی باشوردا كاركردن بۆ بنیاتنان و كاركردن بە چەمكی هاووڵاتی كارا یەكێكە لە پێداویستییەكانی بەرەنگاربوونەوە، كە تاكێكی هۆشمەند بە بەرژەوەندی نیشتمانەكەی و چارەنووسی گەلەكەی لە دەرەوەی بازنەی بەرتەسكی حزبایەتی و بەرژەوەندی كاتی بنیات دەنێت.