عەدنان ساڵح

 

بەلای هەمووانەوە ئاشکرایە لەپاش ڕوخاندنی ڕژێمی بەعس، هەرێمی کوردستان ڕۆڵێکی بەرچاو و کاریگەری هەبوو لە دووبارە بونیادنانەوەی عێراق و پێگەیەکی بەهێزی هەبوو ئەتوانین بڵێین  باڵانسی هێز تەواو نایەکسان بوون لە عێراق بەقازانجی هەرێمی کورستان و هەولێر ناوەندێکی گرنکی بڕیاردانی سیاسی  بوو تا ئەو ڕادەیە، کە دوابڕیار لەسەر چارەنووسی هەر کابینەیەکی وەزاری لە پایتەختی هەرێم دیاریدەکرا..، هەتا کۆتاییەکانی ساڵی 2014، کە دەتوانین ناوزەندی بکەین بەوەی سەرەتای دەسپێکی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا یان ڕونتر بڵێین قووڵبوونەوەی کێشەکانی نێوانیان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوکاتەی، کە بودجە و مووچەی هەرێمی  کورستان بەبڕیارێکی نوری مالیکی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی ئەوکات عێراق بڕدرا، ئەمەش بەهۆی هەنگاوێکی شکستخواردووی حکومەتی هەرێم، کە خۆی لەفرۆشتنی نەوتی سەربەخۆ و  گرێبەستێکی پەنجا ساڵە بەبێ ئاگایی پەرلەمان و خودی ئەنجومەنی وەزیران، کە بەشێک لە هێزە سیاسییەکان تێیدا بەشداربوون بەبیانوی ڕاگەیاندنی بیدعەی ئابووری سەربەخۆ، کە دواجار ئەو سیاسەتە بوو بە هۆکاری برسیکردنی خەڵکی کوردستان و دەوڵەمەندکردنی زیاتری کۆمپانیا حزبی و بنەماڵەییەکان و هەم وەک دیارییەک پێشکەش بە هەندێک وڵاتی ناوچەیی و هەرێمایەتی کرا بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی هەردوو بنەماڵە و حزبەکانیان.

هەربۆیە لەئێستادا یەک لەهۆکارە دیارەکان کە وایکردووە بەغدا بیانوو بە هەرێمی کوردستان بگرێت و هەرجارە و بەپاساوێک مافە یاسایی و ئاساییەکانی هاووڵاتییانی هەرێم، کە خۆی لە مووچەی مانگانەی فەرمانبەراندا دەبینێتەوە دوابخات، یان وەک کارتی فشار بەرامبەر بە حکومەتی کاربەڕێکەر لەهەرێمی کوردستان (پارتی و یەکێتی) بەکاربهێنێ.

هۆکاری دەستبردن بۆ بەکارهێنانی ئەو کارتی فشارەش دەگەڕێتەوە بۆ پەرتەوازەیی نێوماڵی کورد و فرەئاڕاستەیی لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان لەبەغدا و نەبوونی یەکهەڵوێستی و یەکگوتاری سیاسی و نیشتمانی کورد،  کە بێگومان بەپلەی یەک پارتی و یەکێتی کە خاوەن دەسەڵات و بڕیارن لە هەرێمی کوردستان و نوێنەرایەتی دەسەڵاتی سیاسی هەرێم دەکەن، بەرپرسن لەو بارودۆخەی هاتووەتە گۆڕێ، بەتایبەت سیاسەت و ئەجێندای کابینەی "نۆی"ی حکومەت، کە مەسرور بارزانی سەرۆکایەتی دەکات و حزبەکەی جەنابیان خاوەن دەسەڵاتی ڕەهایە لە زۆنی زەرد و بەرپرسیارێتی پلە یەکی دەکەوێتە ئەستۆ و پاشان جێگرەکەی (قوباد تاڵەبانی)، کە حزبەکەیان فەرمانڕەوایی لە زۆنی کەسکدا دەکەن.

ئەتوانین بڵێین هەر لەبنەڕەتدا ئەو کابینەیە نەیتوانی نوێنەرایەتییەکی ڕاستەقینەی هاووڵاتییان و جەماوەری خەڵکی کوردستان بکات و بێلایەن بێت لە پێشکەشکردنی خزمەتگوەزارییە گشتییەکان بەیەک مەودا و بوەستێت لەنێوان هێز و لایەنە سیاسییەکانی بەشداربوو لە حکومەت و دەرەوەی کابینە وەزاریەکەی جەنابیان، ئەوانەی پێیاندەوترێ (ئۆپوزسیۆن).

بۆیە گومانی تێدانییە بەهەموو پێوەرێک حکومەتێکی شکستخواردوو بەرهەمهێنی قەیرانەکانی لێهاتە بەرهەم، کە هەنووکە لەقووڵترین قەیراندا ڕۆژەکانی بەسەردەبات، کە توانای پێدانی مووچەی یەک مانگی فەرمانبەرەکانی خۆی نییە.

ئەمە جگە لەوەی لەماوەی شەش ساڵی حکومڕانیدا سڵیاننەکردووەتەوە لە تەخشان و پەخشانپێکردنی سامانی ئەو هەرێمە و داگیرکردنی موڵکی گشتی و پاشان بەخشینەوەی بە کۆمپانیا حزبی و بنەماڵەییەکانیان لەژێر تایتڵی کەرتی تایبەت و فڕۆشتنەوەی کەرتە خزمەتگوەزارییە کشتییەکان بە کەرتی تایبەت وەک بەشێک لەئەجێندا و ستراتیژی سیاسەتی کابینە وەزاریەکەی کاک مەسرور و قوباد تاڵەبانی لە پەیڕەوکردنی نەزمی لێبڕاڵیزمی نوێ، کە خزمەت بە سیستمی سەرمایەداری جیهانی دەکات، بەبێ گوێدانە ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییان لەهەرێمی کوردستاندا.

ئەم سیاسەتەی دەسەڵات وایکردووە جیاوازییەکی چینایەتی بەرچاو  دروستببێت لە کۆمەڵگەدا بەقازانجی دەستەبژێرێکی مەڵتی ملیۆنێری دەسەڵاتدار و دەیان ملیاردێر لێهاتووەتە بەرهەم.

کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، ململانێ هەرێمایەتییەکان و دەستێوەردانی ئاشکرای وڵاتانی هەرێمایەتی لەنێوخۆی هەرێمدا، دوورکەوتنەوەی هاووڵاتییان و هێزە سیاسییەکان لە حکومەت و هێزە دەسەڵاتدارەکان کە بەتۆبزی خۆیان سەپاندووە بەسەر جەماوەردا، تەنانەت لەئێستا دامودەزگا فەرمی و یاساییەکان لەهەرێم پەکیانکەوتووە و هیچ شەرعیەتێکی یاساییان نییە.

بەحزوری پەرلەمانێکی هەڵبژێڕدراوی بێبەرهەم و بێئەرزش، کە نزیكەی زیاتر لەهەشت مانگ تێپەڕدەبێت بەسەر هەڵبژاردنیدا نەیتوانیوە تەنانەت سەرۆک و جێگرێک بۆ خوی دیاریبکات لەوکاتەی هەرێمی کوردستان بەقووڵترین قەیراندا گوزەر دەکات، بۆیە گشت ئەو کێشانە بەبێ چارە ماونەتەوە.

بەدێوێکی تردا هەردوو حزبی دەسەڵاتدار و بەرپرسە باڵاکانی ئەو حزبانە وەک دەڵێن نە بایان دیوە نە باران ئەوان لە دۆڵێک، هاووڵاتی ئاسایی لە دۆڵێک، بەجۆرێک شەڕی بەرژەوەندی کۆمپانیا کەسی و حزبییەکانیان دەکەن، کەوتوونەتە ململانێیەک لە ئارەزوو بۆ کۆکردنەوەی سامان و تاڵانکردنی وڵات تەواو مەست و بێهۆشی کردوون وا خەریکە سەری خۆیان و میللەتەکەیش دەخۆن.

ئەزمونێکی لێوانلێوان لە قوربانیدان و خەباتی دەیان ساڵەی میللەتەکەمان وابەستەکراوە بە پاراستنی بەرژەوەندی و قازانجی بانكە ئەهلی و کۆمپانیا نەوتییەکانی خۆیان.

بەداخەوە شەڕی ئێستای پارتی و یەکێتی لەگەڵ بەغدا بەتەواوی شەڕی بەرژەوەندی حزبییە لەسەر حیسابی خەڵکی کوردستان.

شەڕی هەڵمەتی پێشوەختەی  پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنە لەنێوانیاندا،

بژێوی خەڵکیش کراوە بە کاڵای ئەو شەڕە ناشیرینە لەپێناو مانەوە و پاراستنی بەرژەوەندییە حزبی و بنەماڵەییەکان چ لەلایەن هێزە عێراقییەکان (سوننە، شیعە) یا جووت حزبی حکومڕان لەهەرێمی کوردستاندا.

خولاسەی کەلام باشترین هەنگاو لەئێستادا بۆ پارتی و یەکێتی ڕاگەیاندنی حکومەتێکی ڕزگاری نیشتمانییە، کە هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکان تێیدا بەشداربن بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان و پاشان ئەکتیڤکردنی پەرلەمان بۆ پێکهێنانی کابینەیەکی نوێی وەزاری، کە بانگهێشتی گشت لایەنە سیاسییە براوەکانی هەڵبژاردن بکات بۆ بەشداریکردن تێیدا، بۆ ئەوەی لانیکەم هەمووان شان بدەنە بەر بەرپرسیارێتی ئەو قۆناغە و بەیەکگوتاری کوردستانی بچنە بەغدا بۆ چارەسەری کیشەکان و هاوکات بەشداریکردن لەهەڵبژادنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، کە بڕیارە لە تشرینی دووەمدا بێتە ئەنجامدان.

بەم هەنگاوە پارتی و یەکێتی دەرگای گفتوگو بۆ یار و نەیاری حکومەتەکەیان و هێز و لایەنە سیاسییەکان دەکەنەوە، دۆزینەوەی ڕێگاچارەش ئاسانتر دەبێت لەبەردەمیاندا بۆ چارەسەری کێشە کەڵەکەبووەکان و بەدیاریکراوی چارەسەری کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم.

خاڵێکی زۆر گرنگتر ئەوە..؟ زۆر شەفافانە مامەڵە لەگەڵ پەرلەمان و هێزە سیاسیە کوردستانیەکان بکەن لەدۆسیەی داهات ونەوتداو متمانە بگەڕێننەوە بۆ هاووڵاتی و گەوهەری کێشەکان وەک خۆی بخەنەڕوو.

مخابن ئەوە ڕوونە کە هیچ ئومێدێک لەسەر ئەو دەسەڵاتە و حزبە خۆسەپێنەکان هەڵناچنرێت چون چارەسەری کێشەکان لەبەرژەوەندی حزب و بنەماڵەکانیان نییە، بۆیە نە کێشەیان پێ چارەسەر دەکرێت و نە دەتوانن بەگیانێکی وەرزشییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆستەکانیان بکەن،

دەنا بەغدا لە دۆخێکی وەهادا نییە بەغیلی پێببرێت و بتوانێت هەموو مەرجەکانی بسەپێنێت بەسەر هەرێمدا، بەڵام بەسوودوەرگرتن لە پەرتەوازەیی نێوماڵی کورد و لاوازیی هەڵوێستی هەرێمی کوردستان بەو هۆکارانەی لەسەرەوە ئاماژەمان پێکردووە، لە ئەمڕۆدا لەبری  هێزە حکومڕانەکان، سزای خەڵکی کوردستان دەدڕێت و حکومەتی هەرێمیش دەستەوەستان وەستاوە لەبەرامبەر چارەسەری کێشەکان، چون لەڕابردوودا هەموو کارتەکانی فشاریان لەدەستی خۆیاندا سوتاند و هێزە عێراقییەکانی نزیك لە ئێرانیش زۆرباش ئەو هەقیقەتە دەزانن.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا