زیرەك كەمال

كەس لە ناسكە تێناگات و دەم و جەمی نیە، هەندێك جار ڕوخساری هێندە شیرین و كۆك و دەنوێنێت، دەڵێی پەلكەزێڕینەی پاش بارانی زۆرە و، هەندێك جاریش دەڵێی پیرەژنێكی دۆ لێڕژاوە. جاریش هەیە دەڵێی مانگی چواردەیە و خەرمانەی داوە، زۆرجاریش دەڵێی باوەژنێكە و خۆی لە دڵڕەقیدا لوول داوە. ماوەیەك پێش ئێستا ئەو وتەیەی پیروپێشینیانم هاتەوە بیر، كە دەڵێت: شەو قەڵای مێردانە، لە دڵی خۆم گوتم بۆچی ئەو پەندە لەسەر ناسكە تاقی نەكەمەوە؟! بۆیە شەوێك لە شەوان بڕیارمدا هەموو گلەیی و گازاندەكانی خۆم و زوخاوی ناوهەناوم بەرامبەر ناسكە، بەوپەڕی خۆگیڤكردنەوە و تووڕەییەوە هەڵڕێژم. لە ڕاستیشدا وامكرد، كە قسەكانیشم تەواو كرد، وەك ئەوەی ئاهەنگی سەركەوتن لە شەڕ بگێڕم، بە دەنگێكی زوڵاڵ، گوتم: بەڵێ بەڵێ، شەو قەڵای مێردانە.

ناسكە هیچ خۆی تێك نەدا و هەڵسا ڕۆیشت، منیش لە خۆشیان باڵم گرت و خەریك بوو بە وێنەی باڵندەیەكی لە قەفەز ئازادبوو بۆ قووڵایی ئاسمان بفڕم، گوتم ئۆخەی قوربانتان بم پیروپێشینیان، بەڕاستی شەو قەڵای مێردانە، لەو خەیاڵانەدا بووم، لەپڕ هەرئەوەندەم زانی ناسكە بە هەموو هێزی خۆی هەتا توانی كەوگیرێكی لە تەپڵی سەرمدا. بڕوا بكەن ئاسمانی سەقفی ژوورەكەمی بە ملەوەنی نیشان دام، ویستم ڕاكەم لە دەستی، ئەوجارە بەهێزی ڕۆستەمی زاڵ سەری بە دیواردا دام، بڕوا بكەن بە جۆرێك  وڕو كاس بووم دەتگوت لە خەرەندی ڕواندز سەربەرەوخوار فڕێیان داوم.

 جا ڕاستیتان دەوێ خۆ منیش هێندە دەست و پێ سپی نیم، بەڵام ئاگام لە خۆم نەبوو،  چونكە لەپڕ ناسكە وەكو شەبەیخوون پەلاماریدام، بۆیەش دەرفەتی دەست كردنەوەم نەبوو، ئەگینا ناسكە هیچ نییە، تكایە بەترسنۆك تێم مەگەن، چونكە كاتی خۆی من هێدە ئازا بووم  بە منداڵی وەكو سمۆرە دەچوومە سەر تۆقەرانی بەرزترین درەختی ئاوایی!

پاش كەمێ لە شەڕەكە، ناسكە هاتە تەنیشتم و بە وێنەی جوانی و شیرینی فەرهاد و شكۆی خانزادی میری سۆران كەوتە قسە و گوتی: پیاوەكە با من پێت بڵێم شەوقەڵای مێردانە، كەریمی عەلەكە كاربەدەست بوو لە حوكمڕانی مەلیك مەحمود، لە بیستەكانی سەدەی ڕابردوو میللەتێكی لە مردنی ساڵی گرانی ڕزگار كرد، نەك ئەو چاوچنۆكەی حەسوودی بە كاسەی بەتاڵی هەتیوانیش دەبا. ناسكە بەردەوام بوو لە قسەكردن و  گوتیشی: شەو قەڵای ئەو مێردانەیە، كە لە زیندانە تاریك و ترسناكەكانی بەعس بە هاواری ئەی ڕەقیب، بەگژ جەلادەكاندا دەچوونەوە، نەك ئەو سیاسییانەی لە سایەو سێبەری خۆڕاگری ئەوان هەڵتۆقین و لە بۆنە گشتییەكانیش بۆ سروودی توركی و ئێرانی و مەوتنی عێڕاق یەك پێ  هەڵدەستەنەوە، بەڵام لەبەردەم شكۆی ئەی ڕەقیب هەڵناستنەوە. پیاوەكە شەو قەڵای ئەو مێردانە بوو خوێنی خۆیان كردە كاسەی نیشتیمان، نەك ئەو پیاوانەی بەربوونە گیانی یەكتری و جوانی و ئازادی و ڕاپەڕینیان كوشت. ناسكە گوتی شەو قەڵای ئەو مێردانە بوو لە پێناوی نیشتیمان گیانیان بەخت كرد، نەك ئەوانەی لە ڕێگای پیادەكردنی سیاسەتی نادادپەروەری و گەندەڵی نیشتیمانیان كردە دوورگەی هەزاران مرۆڤی خەمبار و نائومێد و دڵشكاو. پیاوەكە شەو قەڵای ئەو مێردانە بوو كەنیشتیمان لای ئەوان سەنگەری بەرگریكردن بوو لە نەتەوە و جوانی و ڕاستی و بەرخودان، نەك ئەوانەی نیشتیمان و تورێكی قوڕاوی لایان وەكو یەكە. شەو قەڵای ئەو مێردانە بوو، كە ڕاستگۆبوون لەگەڵ ژنەكانیان، نەك ئەوانەی بە دزییەوە و لەژێرەوە دوو ژن و سێ ژنیان بەسەر هاوسەرەكانیان دەهێنن. دواتر ناسكە بەدەنگی بڵند و بە پەنجەڕاوەشاندنەوە پێی گوتم، فێرنەبی جارێكی تر هەر لە خۆتەوە پەندی پێشینان بگێڕیتەوەپێت وایە من دەترسێنیت، ئێستا تێگەیشتی شەو قەڵای مێردانە یانی چی؟!

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا