شیڤان شێرزاد

لایڤ یان میوزیک و گۆرانی ڕاستەوخۆی سەر شەقام بەشێکە لەو لاسایی و کارە تەقلیدیانەی ساڵانێکی زۆرە لە وڵاتانی ڕۆژئاوا بوون بە هونەرێکی باو، کە هەندێ جار "نان" و بژێوی بۆ ئەو هونەرمەندانە دابین دەکەن، کە نە حکومەت نە کەرتی تایبەت پشتیوان و هاوکاری کار و پڕۆژەکانی ئەو هونەرمەندانەن، کە حەز و خەونی زۆریان بۆ هونەر و گۆرانیی و تابلۆی شێوەکاری هەیە!.

لە ئەستەنبوڵ تا ئەمستردام دەگەڕام بۆ بینینی داهێنانی نوێ لەوانەی، کە ئەمڕۆ گۆڕەپانی هونەرییان داگیر کردووە و دەیانەوێ بڵێن ئێمە "وارسی" ڤانکۆخین لە هێلی لاپەکانی دەست و "بتهۆڤن"ـی مەزنین لە مۆسیقادا، بەڵام هەر هەموویان بەدیدی من، ئارەزوومەندێک بوون بۆ هونەر و هیچ داهێنان و نوێگەرییەکیان لێ نەدەبینرا، تەنیا کارێکی "تەقلید"ـی بێ مانا و بگرە کرچ و کاڵی بەرهەمەکانیان خەریک بوو "مۆنالیزا"ـی نازداریش بخەنە گریانێک بۆ گیرسانەوەی شەڕەکەی نێوان ئیتاڵیا و فەرەنسا و شاکارەکەی "داڤینشی" مەزن!.

تا ئێرە باسەکەم لە دەرەوەی هونەری کوردی بوو، بەڵام خەریکە دێمەوە ئەو بڕوایەی لە کوردستانی خۆمان شتێک نەماوە بە ناوی گۆرانیی، مەگەر لایڤەکانی "هەرێم سەڵاح" نەبێت، کە پڕن لە بەرهەمی جوان و هەڵسانەوەیەک بۆ هونەری گۆرانی و پڕکردنەوەی شوێنی "زەکەریا عەبدوڵا و زیاد ئەسعەد"ـی هونەرران، کە کۆڵێک خەم و ئازاریان لەگەڵ دابڕانیان لە هونەر بار کردووە و هەموومان چاوەڕێی نوزەیەک لە دەنگی ئەوانەین، کە فێری عەشقی نیشتمان و دڵدارییان کردین و تەواو بێ هیوا بووم!.

بێ هیوا بووم لەوەی ئەو چەند شەوەی ویستم تاوێک بە دیار گۆرانیبێژە نوێیەکانی ئەو سەردەمە گوێ لە لایڤ میوزیکییەکانیان بگرم و نەڵێم ئیتر سەردەمی گۆرانی کوردیش بەسەرچوو، کەچی هەرچی گوێم بۆ شل کرد، گۆرانی "ئەرەبێست" و تورکی و فارسی و عەرەبی بوون!.

چاوەڕێ بووم لەسەر ستەیج و گۆرانیبێژی میوانی میوانخانەکە گۆرانیەک بڵێ، خۆم بگەیەنمە ئەو "قەناعەتە" حەسەن زیرەک و سیساوە و شەماڵ سائیب و فوئاد ئەحمەد، گەر بشمرن دەنگیان زیندووە، بەڵام هونەرمەندی ئەم سەردەمە بوونەتە درێژە پێدەری هونەرەکەیان.

مخابن هیچم نەدیت تا بیگێڕمەوە، بەڵکو یەک دوو گۆرانی سەقەت و دەنگێکی نەشاز، کە سەری ساڵ و لایڤ میوزیکەکەی ئەو شەوەی لێ تاڵ کردم.

چەند شەوێکیش پێش سەری ساڵ، میوانی "هەرێم سەڵاح"ـی نازدار بووم، یەک لەو وشە جوانانەی دەریبڕی ئەوە بوو، کە ئەوەی ئەمڕۆ گوێبیست دەبین هونەرێکی نوێ لە نێو لایڤە کوردییەکان، کە پێی دەگوترێت "بەبەغا"!!.

گوتم ئەمەیان مانای چیە؟

گوتی: قـوربان واتە هونەرمەندی ئەمڕۆ لە داهێنان و بەرهەمی نوێ ڕادەکات، یەخەی گۆرانی ڕەسەن دەگرێت و لە لایڤەکاندا بە سەقەتی دەیچڕێتەوە و بە تۆی گوێگری دەفرۆشێتەوە و وا دەکات ڕقت لە هونەری کوردی ببێتەوە.

بەڵێ، "هەرێم" ڕاستگۆ بوو لەو دەربڕینەی بۆ گۆرانیبێژی ئەمڕۆ، چونکە نە "ڕێدوان سنجاوی" نە "کارمەند ڕواندوزی" نە ئەوانی تر نەیانتوانیووە ببن بە میراتگری زیاد و خاڵە تاهیر و فەرهاد زیرەک و سەڵاح داودە و عەلی مەردانی مەزن، بەڵکو وەک بەبەغایەک گۆرانیەکانی ئەوان بە سەقەتی دەهۆننەوە و وا دەکەن ڕقمان لە گۆرانی کوردی ببێتەوە.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا