سەدیق سەعید ڕواندزی

جارێكیان لە كەناڵی ئاسمانی جەزیرەی دیكۆمێنتاریدا، دیمانەی جوتیارێكی تەمەن هەفتاساڵەم لە گوندێكی سەختی ناوچەیەكی شاخاویی و دووردە دەستی وڵاتی چین بینی، گوتی: تەمەنم هەفتا ساڵە و پەنجا ساڵە، بە گاجووت دەكەم و كەرستەی سەرەتایی و هێزی دەستی خۆم بۆ كشتوكاڵكردن بەكاردێنم وگەرچی ماندووم، بەڵام ئاسوودەم كە لە سەر هەمان نەریتی باو و باپیرانیم دەڕۆم  و كشتوكاڵ دەەم. كاتَێ پەیامنێرەكە پرسیاری ئەوەی لێ كرد، بۆچی بە ئامێری سەردەمیانە كشتوكاڵ ناكەیت وگوندەكەتان شەقامی نییە؟ جوتیارەكە لە وەڵامدا پێی گوت: ئێمە نامانەوێت ژینگە و جوگرافیای سرووشتی و جوانی گوندەكەمان بشێوێت و ڕەز و باغەكانمان تێك بچن، بۆیە بەو شێوەیە كار دەكەن و بەلایانەوە كێشە نییە گەرچی ماندووش دەبن. كەچی لە هەرێمی كوردستاندا، لە پێناو بەرژەوەندی وەبەرهێنەرێك و سەرمایەدارێك، شارێك لافاو دەیبات، وەك ئەوەی باس لەوە دەكرێت كە بەهۆی پڕۆژەیەكی نیشتەجێبوونەوە، خاوەنی كۆمپانیایەك ڕێڕەوی سرووشتییانەی ڕۆیشتنی ئاوی تێكداوە و كردوویەتییە پڕۆژەیەكی نیشتەجێبوون، ئیدی بەو هۆیەوە لە چەمچەماڵ لافاو دروست بوو،  بێگومان ڕێگەش لە ئاو ناگیرێت ! لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا، بە تایبەتیش لە سەردەمی كابینەكانی پێشوو، چونكە ئێستا تا ڕادەیەك ئەو بوارە ڕێكخراوەتەوە و چاودێری لە سەرە، كەرتی وەبەرهێنانی خان و بەرە و پڕۆژەی نیشتەجێبوون، دیارترین كەرت بووە، كە بووە هۆی دروستبوونی دەیان و سەدان كەسی خاوەن كۆمپانیا و سەرمایەداریی چاوچنۆك، كە هەموو ئامانجیان لە ژیان، كەڵەكەكردنی پارە و سەرمایەی زیاترە. لە ماوەی ئەو بیست ساڵەدا، بە زەوی خەڵك و حكومەت، بە پاڵپشتی دارایی و دابینكردنی خزمەتگوزارییە گشتییەكانی وەك: ئاو، كارەبا، شەقام، پارك و بگرە پێدانی بڕێك سەرمایەش، حكومەت بە ناوی وەبەرهێنانەوە زۆرترین ئاسانكاریی بۆ ئەو سەرمایەدار و وەبەرهێنەرانەكردووە و سەرەنجام لە سەر حسابی داهاتی حكومەت و دەیان زەوی كشتوكاڵی و میریی، بە داخەوە بوونە ملیۆنێر و ملیاردێر، ئەوەی لەو نێوەندەدا بەدەست مایەی زەبەلاح لەو بە ناو كەرتی وەبەرهێنانەوە هاتە دەرە، تەنها وەبەرهێن و خاوەن كۆمپانیاكان بوون. پڕۆژەكانی وەبەرهێنان، بە تایبەتیش كەرتی نیشتەجێبوون، وێرای ئەوەی زۆرینەیان بە تەواونەكراوی مانەوە، هاوكات لە ڕووی كواڵیتیشەوە، لە ئاستی ستانداریی جیهانی نین، كەچی بە هەموو جۆرێك پاڵپشتی دەكرێن. حكومەت هەربەوەندە نەوەستاوە، خەریكە هەرچی گرد و شاخ و دیمەنی سرووشتی جوانی كوردستان هەیە، لە پێناو بەرژەوەندی كەسی و تایبەتی ، بە ناوی پڕۆژەی گەشییارییەوە، دەداتە بەر چڕنووكی ئاسنی شۆفڵەكان و گوایا دەكرێنە ناوچەی گەشتیاریی، بەڵام نەك ناوچەی گەشتیاریی نین، بەڵكو ئەوەی ڤی ئای پی نەبێت، ناتوانێت پشووێك لەو شوێنانە بدات، چونكە قاوەیەك و ئاوێك، نرخەكەی لە پێنچ هەزار دینار كەمتر نییە. لە وڵاتانی دنیادا، وەبەرهێنەر و سەرمایەدارەكان، بە تەرخانكردنی سەرمایەی خۆیان و زەوی خۆیان، بە پێدانی باج و پێشینە و دروستكردنی قوتابخانە و پارك و نەخۆشخانە و باخچەی منداڵانیش، ئەو كات ڕێگەیان پێ دەدرێت پڕۆژەیەكی نیشتەجێبوون، یان گەشتیاریی دروست بكەن، كەچی لای ئێمە حكومەت هەموو ئاسانكارییەك دەكات، تا سەرمایەدارێكی چاوچنۆك پڕۆژەیەك بكات، جا گەر شارێكیش لافاو بیبات كێشە نییە، كە ئەمە دەرهاوێشتەی سیستەمی بەناو بازاڕی ئازاد و دنیای پووچی سەرمایەدارییە.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا