هۆشیاری عەبدولعەزیز
توركیا وەك هەرهێز و دەوڵەتێكی هەرێمایەتی و بە پشتبەستن بەهاوپەیمانێتی ناتۆ و ئەو هەوڵە هەژموونگەریانەی كە لە ناوچەكەدا كاری لە سەردەكات بەهەموو شێوەیەك لەهەوڵی ئەوەدایە كێشەی كورد لە عێراق چارەسەر نەبێت و بەردەوام یەكێك بوە لەو فاكتەر و هۆكارانەی كە ڕۆڵی كاریگەری گێڕاوە لە دروستكردنی گرژی و ئاڵۆزی نێوان كورد و دەوڵەتی عێراق و بەردەوام لەهەوڵی تێكدانی پێكەوەژیانی گەلانی عێراقدا بووە، بەتایبەت لە ناوچە كێشە لە سەرەكان و بەشێكی سەرەكی بوە لە دروستكردنی نیفاق و دووبەرەكی لە نێوان نەتەوە هاوبەشەكانی ناوچەكەدا و بە ڕوونی ئیستغلالی ئەو دۆخەی ناوچەكە و عێراق و ئەو ناكۆكی و دووبەرەكیانەی كوردی كردوە
ئەمەشی وەك دەرفەتێك قۆستۆتەوە بۆ دەستێوەردان و خۆسەپاندن و ئاراستەكردنی رووداوەكان بەگوێرەی بەرژەوەندییە ستراتیژییەكانی خۆی و هەوڵی داوە لە تەواوی پرۆسەی گۆڕانكاریەكانی ناوچەكەدا جێپێی خۆی قایمكات و لە گەڵ ئەوەشدا خۆی وەك دۆستێكی ستراتیژی هەرێم نیشان دەدا و هەوڵیدا ببێتە هێڵێكی گرنگی بە بازاڕكردنی نەوتی هەرێی كوردستان و لە ڕەوتی ڕووداوەكاندا كاریگەری خۆی دانا ، لە كاتێكدا توركیا بە درێژای مێژوو وەك دەوڵەت و حكومەت نەیاری سەرسەختی كورد و دۆزە ڕەواكەی بوە و هەمیشە دۆستێكی وەهمی و دووژمنێكی ستراتیژیی بوە لە ناوچەكەدا بەرانبەر هەر جۆرە پێشكەوتنێكی كورد و ئەو هەوڵانەی بە ئاراستەی پاراستنی كیانی كوردی دراوە لە خۆرهەڵاتی ناویندا
لە دوای ڕاپەڕینی ئاداری 1991 یەكیشەوە توركیا لە گەمەیەكی چڕوپڕدایە لە گەڵ ئەحزابی دەسەڵاتداری هەرێمدا و هەمیشە و هەرجارە و بەبیانوویەك هێرش و پەلامارەكانی خۆی بۆسەر سنورەكانی هەرێم و بەپێی بەرنامە و پلانی نەخشە بۆ كێشراو ئەنجامداوە و ویستویەتی وێڕای دۆزینەوەی دەرەچەیەك بۆ خۆ قورتاركردنی لە قەیران و تەنگەژە ئابوری و سیاسی و كۆمەڵایەتی و دیبلۆماسییەكانی خۆی ناوچە ستراتیژی وگرنگەكانی هەرێمی كوردستان لەرووی سەربازیەوە داگیر بكات و بگاتە دواخاڵی هەژموونی خۆی، و كۆتا پێگەی خۆی داكوتێ
لە بەرانبەریشدا عێراق ئەو هێرش و پەلامارانەی دەوڵەتی توركیای پێ قەڵس نیە و بەجۆرێك لە جۆرەكان بەدوای قوتبیكردنەوەی دەسەڵاتەوەیە و دەیەوێ لەو ڕێگایەوە دەسەڵاتی هەرێم لاواز و نادیدە بكات و بە دنیای دەرەوەی بسەلمێنێ كە كورد ناتوانێ ئاسایش و ئارامی ناوچەكە بپارێزێ و مەترسین لە سەر هێڵی پەیوەندیە هەرێمایەتیەكان، هەرچەندە خودی حكومەتی عێراقیش خۆی حكومەتێكی لاوازو بێسەروبەرە و توانای هیچ كاردانەوەیەكی كرداری نییە و بوەتە مۆڵگەی دەستێوەردانی وڵاتانی ناوچەكە
هێرش بۆسەر پەكەكە و هەرێمی كوردستان بە پاساوی بەرگری لە ئاسایش و ئارامی سنورەكانی، تەنها گۆشەیەك و هۆكارێك لە ئامانجەكانی توركیایە ، بەڵام ئامانجە ستراتیژیەكە پەیوەستە بە دروستكردنی فشارێكی بەهێزتر لە سەر عێراق تا لەو ڕێگایەوە پاراستنی سنورەكانی هەرێم، بسپێردرێت بە دەسەڵاتی ئەمنی و سەربازی بەغدا و ڕۆڵ و كاریگەری كوردی پێ لە قاڵب بدات
هەرچەندە لەم پرۆسەیەشدا ئەحزابی دەسەڵاتداری هەرێم خۆیان هاوكار و چاوساغی لەشكركیشی و ملهوری دەوڵەتەكانی توركیا و ئیرانن و دەمێكە دەسەڵاتی ئەم دوو حزبە دەسەڵاتدارە، دابەشی سەر ئەم دوو دەوڵەتە داگیركەرە بوون و بەپێی بەرژەوەندیەكانی خۆیان و وەك هۆكارێك بۆ مانەوەیان لە دەسەڵات كار لە سەر ئەو هەماهەنگیە دەكەن و بوونەتە سوری بەر لەشكر و تەنها چاویان لە پاراستنی بەرژەوەندیەكانی خۆیانە و هیچیتر ، بەمەرجێ خۆشیان دەزانن كە ئەو هێرش و پەلامارانەی هەریەك لەو دوو وڵاتە بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان چی مەترسیەكی گەورەیە و چەن كاریگەری نەرێنی دەبێ لە سەر ئایندەی باری جوگرافی و جیوپۆلۆتیكی هەرێم و پرسی پاراستنی قەوارەكەی
بەكورتی چۆن عێراق هەر كات بیەوێت هەرێمی كوردستان لەناو دەبات. بەڵام دەرفەت و پاساوی ئەوەی نییە. توركیاش هەموو كات دەیەوێت هەرێم لەناو ببات، جگە لە بوونی پەكەكە هیچ دەرفەت و پاساوێكی لۆژیكی نییە ، كەچی بە بیانووی دابینكردنی ئاسایشی خۆی و دورخستنەوەی پەكەكە و بەدەر لە پێشێلكردنی سەروەریی عێراق، دۆخێكی دژواری هێناوەتە پێشەوە، ئەحزابی دەسەڵاتداری هەرێمیش بەرژەوەندییە ئابورییەكانی خۆیان دەوێت و باكیان بە ئاسایش و سەقامگیری كۆمەڵگا نیە و ئەوەی زیانی پێدەگات و كەوتووەتە مەترسییەوە، تەنها خەڵك و كۆمەڵگای كوردیە وهیچیتر.