شۆڕش / ڕێگای کوردستان
فەلەستین لە ئاسۆی کۆبوونەوەی UNدا
لەم ڕۆژانەدا هەشتایەمین کۆبوونەوەی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان UN لە شاری نیۆیۆرکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە ئارادا بوو. ئەم کۆبوونەوەیە کە ٢٢ی سێپتامبری ٢٠٢٥ دەستپێکی بوو، سەرۆکی زۆرینەی وڵاتانی سەرتاسەری جیهان تێیدا بەشدار بوون و تاقمێک وڵاتی وەکوو فەلەستینیش لەم بۆنەیە بێبەش کران. ئیمپریالیزمی جیهانی بە سەرکردایەتیی ئامریکا کە لە هەوڵی کەلکاوەژۆ لەم کۆبوونەوەیە و قۆزتنەوەی هەلێک بۆ کوتانی زیاتری دۆزی گەلی فەلەستین بوو، هەر لە یەکەم ڕۆژی کۆبوونەوەکە مەبەستی خۆیان ئاشکرا کرد. پێی ڕاپۆرتی BBC، وتەبێژی کۆشکی سپی کارۆلین لیڤات سەبارەت بە شەپۆلی پاڵپشتییە نێودەوڵەتییەکان بۆ بەفەرمی ناسینی دەوڵەتی فەلەستین بە ئاژانسە هەواڵدەرییەکانی ڕایگەیاند: «سەرۆک کۆمار[ی ئامریکا] لەم بڕوایەدایە کە ئەم بڕیارە هیچ یارمەتییەکی ئازادبوونی بارمتەگیراوەکان[ی ئیسڕائیل] نادات کە ئامانجی سەرەکی[مان] لە غەزەیە»! لە درێژەدا بڕیاری بە فەرمی ناسینی فەلەستینی وەکوو «پاداشتێک بۆ حەماس» ناو هێنا. هەر لەم پەیوەندەشدا مەحموود عەباس سەرۆکی دەوڵەتی فەلەستین کە بە مەبەستی بەشداری لەم کۆبوونەوەیەدا خواستی ڤیزەی ئاراستەی ئامریکا کردبوو، لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە بە فەرمانی ڕاستەوخۆی دۆناڵد تڕامپ بە مەبەستی نیشاندانی وەفاداری بۆ هاوپەیمانە ئابووری-سیاسییە زایۆنیستەکانی، ئەم داوایەی ڕەت کردەوە و ڕێگری لە بەشداری ئەم وڵاتە کرد و ناوبراو ناچار کرا بە شێوەی سەرهێل بەشداری بکات. بەڵام ئیمپڕیالیستەکان بە توندی لە پیلانی خۆیان خیت بوونەوە و کۆبوونەوەکە پێچەوانەی پێشبینییەکانیان دەرچوو!
بە پێی ڕاپۆڕتی ڕادیۆی نێونەتەوەیی فەڕانسە FRI، دوو ڕۆژ بەر لە کۆبوونەوەکە ئانتۆنیۆ گۆتێرێش سەرۆکی UN ڕایگەیاند: «پێویست ناکات جیهان لە هەڕەشەکانی ئیسڕائیل بترسێت و دەست لە پاڵپشتیکردن لە فەلەستین هەڵگرێت». ڕۆژێک بەر لە یەکەم کۆبوونەوەی گشتیی UN، ڕێکەوتی یەکشەممە ٢١ی سێپتامبر بڕیتانیا، ئوستوڕاڵیا، کانادا و پۆرتەگال دانیان بە فەرمییەتی فەلەستین دانا. بەدوای ئەواندا لە درێژەی کۆنفڕانسی "چارەسەریی دوو دەوڵەت"دا بەلجیکا دانپێدانانی خۆی بە فەلەستین ڕاگەیاند. هەروەها بەشێک لە وڵاتانیتری وەکوو لۆزامبۆڕگ، ماڵتا، ئاندۆرا و مۆناکۆ پەیوەستی ئەم شەپۆلە بەفەرمیناسینە بوون. بەڵام گرینگترینی نێوانیان وڵاتی فەڕانسا بوو. ٢٢ی سێپتامبر، لە یەکەم ڕۆژی کۆبوونەوەی گشتیی UN لە کاتێکدا کە بە هۆی وتاربێژیی بینیامین نیتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسڕائیل، بەشێکی بەرچاو لە بەشداربووان ژووری کۆبوونەوەکەیان جێهێشت، لە هەمان ڕۆژدا ئێمانۆئێل ماکڕۆن سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتە، لە درێژەی وتاربێژییەکدا دانی بە فەرمیەتی وڵاتی فەلەستین دانا. بە پێی هەواڵی RFI، لە لێکەوتەی ئەم بڕیارە کە پێشوازییەکی بەرفراوانی لە ئاستی سەرتاسەری فەڕانسادا لێکەوتەوە، بە سۆنگەی پارتی سۆسیالیستی فەڕانساوە پتر لە ٥٠ شارەوانی ئەم وڵاتە بەر لە ڕاگەیاندنی بڕیارەکە لە لایەن ماکڕۆنەوە، ئاڵای فەلەستینیان لەسەر بیناکانیان هەڵکرد. پاشان لە ٢٣ی سێپتامبر وێڕای پاشانشینی سعوودیا لە نیۆیۆرک، بە هاوبەشی میواندارییان لە کۆنفڕانسێک لەسەر پرسی فەلەستین کرد، کە ئەژمارێکی بەرچاو لە وڵاتانی لایەنگری فەلەستین تێیدا بەشدار بوون، بەڵام ئامریکا تێیدا بەشداری نەکرد.
ئێران و دەرەنجامی پرسی ئەتۆمی
لە پاش پرسی فەلەستین، پرسی ئەتۆمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕۆژەڤ ترین پرسەکانی کۆبوونەوەی گشتیی UN بوو، کە بە تایبەتی لە لایەن تڕامپ و نیتانیاهۆ تیشکی خرایە سەر. کۆنفڕانسی ئەنجومەنی ئاسایشی UN کە چەند ڕۆژێک بەر لە کۆبوونەوە گشتییەکە بەڕێوە چوو، بە شێوازێک ساغکەرەوەی دواوتەی وڵاتان بوو لەسەر پرسی گوشارەکانی سەر ئێران، کە پاشان لە کۆبوونەوەی گشتیدا بەیان کرا. لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشدا بە وردی سەنج خرایە سەر پرسی ئەتۆمی و ڕای وڵاتان لەسەر پرسەکە ئاشکرا کرا.
"میکانیزمی پەلەپیتکە" یان "سنەپ بەک" کە لە مانگی ڕابردوودا (ئاوت) لەلایەن وڵاتانی بڕیتانیا، فەڕانسا و ئاڵمانیا هەوڵی چالاککردنەوەی درا، بڕیارە سەر لە بەیانی یەکشەممە چالاک بکرێتەوە و لە کۆتایی ئەم مانگەدا (سێپتامبر) گوشارە هەڵپەسێراوەکانی سەر ئێران سەرلەنوێ وەگەڕ بخرێتەوە. هەرچەندە پێشنیاری ڕێگری لەم بڕیارە و درێژەدانی هەڵپەسارتەیی گوشارەکان، لە ئەنجومەنی ئاسایشدا لە لایەن کۆریای باشوورەوە خرایە ڕوو و بووە مژاری سەرەکیی کۆبوونەوەکە، بەڵام تەنیا دوو وڵاتی ئەندامی سەرەکی وەکوو ڕووسیا و چین و دوو وڵاتی ئەندامی ئاسایی وەکوو ئەلجەزائیر و پاکستان دەنگیان دایە درێژەدانی هەڵپەسارتەیی گوشارەکانی سەر ئیران. لە بەرامبەردا سێ وڵاتی ئەندامی سەرەکی وەکوو ئامریکا، بڕیتانیا و فەڕانسا و شەش وڵاتی وەکوو دانیماڕک، یۆنان، پاناما، سۆمالیا و سڵۆڤێنیا دەنگیان بەردەوامیی گوشارەکان بۆ سەر ئێران دەربڕی. وە دوو وڵاتی گۆیان و کۆریای باشوور دەنگی سپییان بە بڕیارەکە دا، کە ئەمانەش لەگەڵ دەنگی زۆرینەدا بە واتای بەردەوامیی گوشارەکان لە ئەژمار دێت. هەروەها لە دوای ئەنجامی کۆبوونەوەکە، ڕووسیا و چین لە دوو هەڵوێستی جیادا ناڕەزایەتیی خۆیان بە نیسبەت بڕیارەکە دەربڕی و خوازیاری پێداچوونەوە لەم بڕیارەدا بوون، کە هەوڵەکەیان ناکام مایەوە.
بە گشتی کۆی بڕیارەکان و دەرەنجامی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایش بۆ ئێران زیانبار بوو، کە ڕاستەوخۆ ئاسەواری بەسەر هەڵوێستی هەنووکەییان دیار بوو و دەربڕینێکی نەرمی لەسەر پرسی ئەتۆمی لە کۆبوونەوەی گشتیدا، لە لایەن ئەم وڵاتە لێکەوتەوە. مەسعوود پزشکیان سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتە لە پەڕاوێزی کۆبوونەوەکە، لەگەڵ سەرۆکی چەندین وڵات لەسەر پرسی ئەتۆمی و دانوستان دیداری کرد. بە وتەی هەواڵدەریی "isna"، ناوبراو لە گفتوگۆ لەگەڵ یۆناس گار ستۆرێ سکرتێری پارتی کرێکار و سەرۆکوەزیرانی نەرویج ڕایگەیاند: «کۆماری ئیسلامی بەپێی بنەما هزری و ڕوانگە ڕوونە سیاسییەکانی، هەرگیز بە شوێن چەکی ئەتۆمیدا نەبووە و ناشبێت» و ئەم زەینیەتەی بە بەرهەمی پڕۆپاگاندای «ڕژێمی زایۆنیستی» زانی. هەروەها بە پێی ڕۆژنامەی "دنیای اقتصاد"، پزشکیان لە دیداری کارین کلێر سۆتێر سەرۆک کۆماری سویسڕا جەختی کردەوە: ئێران ئامادەی تاقیکارییە بۆ بەدەستهێنانی متمانە لە پرسی چەکی ئەتۆمیدا. هەروەها وتیشی لەسەر بنەمای «فتوای ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی» دروستکردنی چەکی ئەتۆمی «حەرامـ»ـە! بەم پێیە، قایمکاری و شێلگیربوونەکانی ڕۆژاوا و ئامریکا لەسەر پرسی ئەتۆمیی ئێران کاریگەر بووە و پێشبینی دەکرێت تا ڕادەیەکی بەرچاو کشانەوەی کۆماری ئیسلامی لەسەر پرسی ئەتۆمی لێی بەرهەم بێت.
کورد لە کوێی مەیدان وەستاوە؟!
ئەگەرچی هەنووکە دوو پرسی گرینگی وەکوو "پرۆسەی ئاشتی ئۆجەلان-تورکیا" و "پرسی کورد لە سووریا" لە ئارادان، بەڵام بەم حاڵەشەوە کورد نەیتوانیوە ئەم پرسانەی خۆی لە ئاستی ڕۆژەڤی جیهانیدا کە نا، تەنانەت لە ئاستی ئەم وڵاتانەی لێی دەژی پەرە پێبدات و دەنگی خۆی لە ڕەهەندی ئەوانەوە بە ژووری نەتەوە یەکگرتووەکان بگەیەنێت. لە حاڵێکدا گەلی کورد لە کوردستانی سووریا بە درێژایی دەیەی ڕابردوو زیاترین خەبات و قوربانی لە پێناو بەرگری لە بەرامبەر تیرۆریزمدا لە ئاستی سەرتاسەری سووریادا نواند و بووە لەمپەری ئاسایشی ناوچەکە، بەم حاڵەشەوە "ئەبو محەممەد جەولانی"ی سەرکردەی "تەحریرولشام"ی دوێنێ و "ئەحمەد شەرع"ی سەرۆک کۆماری سووریای ئەمڕۆ لە نەتەوە یەکگرتووەکان وتاربێژی دەکات و لەسەر داهاتووی سووریا دەدوێت، نەوەک کوردێک! لە بەرامبەردا ئەردۆغان کە دەستی بە خوێنی هەزاران منداڵ و هاوڵاتیی کورد سوورە و هەر ئێستا چەندین پارێزگای کوردستانی سووریا لە چنگی سوپاکەیدا داگیر کراوە، مۆرکی مناڵکوژی و داگیرکاری لە نیتانیاهۆ دەدات و بە «موقەللیدی کاروانی هیتلەر» پێناسەی دەکات! لە هەمان کاتدا تڕامپ لە کۆشکی سپیدا میوانداری لە ئەردۆغان دەکات؛ ستایشی هەوڵەکانی دەکات و بە بەرپرس و ڕاسپاردەی خۆی لە چارەسەری ئاڵۆزییەکانی سووریا پێناسەی دەکات. ئەمانە سەرجەم نیشان دەدەن کە بژاردەی ئیمپڕیالیزم تەنانەت لە نێوان تیرۆریستترینەکانیشدا، بژاردەی کورد نییە و کورد لە دووتوێی پێوەندە سیاسییە نێونەتەوەکاندا ئۆبژەیەکی لە پەڕاوێزخراو نا، بەڵکوو تەواوەن لەبیرکراوە... .
بۆكان