ستار ئەحمەد

 

​مێژوو هەمیشە ئەو دەقە نییە کە دەسەڵاتداران و مەلایانی دەربار بۆیان نووسیوینەتەوە، بەڵکوو زۆرجار ڕاستییەکان لەو پەراوێزانەدا شاراونەتەوە کە بە ئەنقەست سڕدراونەتەوە تاوەکوو هەموو شتێک لە خزمەت عەقڵییەتێکی ڕەگەزپەرستی و خێڵەکیدا بێت. کاتێک سەیری ڕەگ و ڕیشەی مێژوو دەکەین، دەبینین چۆن ناسنامەی مرۆڤە مەزنەکان و پێغەمبەرانی دادپەروەری شێوێنراون و خراونەتە ناو قاڵبێکی زمانی و ڕەگەزیی تەسکەوە، لە کاتێکدا زۆربەی ئەو بزاوتە بێدارکەرەوانە لە ناو جەرگەی میزۆپۆتامیا و ناوچە غەیرە عەرەبەکانەوە سەریان هەڵداوە. مێژووی ساختە وا وێنای کردووە کە عەرەبی نەجدی و حیجازی پارێزەری یەکەم و کۆتایی ئایین بوون، بەڵام ڕاستییە شاردراوەکان پێمان دەڵێن کە هەر ئەو عەقڵییەتە خێڵەکییە بوو کە کەعبەی سووتاند و جەنگی دژی ڕووناکی بەرپا کرد و نەوەی پێغەمبەرەکەی خۆی سەربڕی. لایەنی شاراوەی مێژوو لای ئەو ژنە ئازایانەیە کە لە سەردەمی پێغەمبەردا لە ناو جەرگەی جەنگدا شمشێریان دەوەشاند، بەڵام مەلایانی مێشک وشکی ئەمڕۆ دەیانەوێت بە ناوی شەرعەوە ئەو ڕاستییانە بشارنەوە و ژن لە ناو چوار دیواردا زیندانی بکەن. هەر ئەو مەلایانەی کە ئەمڕۆ دژی کچی شەڕڤان دەوەڕن، درێژکراوەی ئەو دەسەڵاتە ئەمەوییانەن کە ئایینیان کردبووە قامچی بۆ شکاندنی ئیرادەی گەلانی تر و سڕینەوەی ناسنامەی کورد و نەتەوە ئازادەکان. زانست و لێکۆڵینەوەی بێلایەن پێمان دەڵێن کە ئاوەدانکەرەوەی پیرۆزییەکان و هەڵگرانی پەیامی مرۆیی، زۆرجار ئەو مرۆڤە سادە و لێهاتووانە بوون کە لە دەرەوەی بازنەی لوتبەرزیی عەرەبی بوون، بەڵام چونکە مێژوو بە دەستی زاڵمە براوەکان نووسراوەتەوە، هەموو شکۆکانیان داوەتە پاڵ خۆیان. تێگەیشتن لە لایەنە شاراوەکان پێویستی بە هەڵتەکاندنی ئەو بتە فیکرییانە هەیە کە ساڵانێکی زۆرە وەک ژەهرە  نوقڵ، دەرخواردی گەنجانیان داوین، تا وایان لێ بکەن وا بزانن بەبێ کۆیلایەتی بۆ کلتووری بیابان، بڕوایان تەواو نابێت. کاتێک مرۆڤ بە عەقڵێکی کراوە سەیری شوێنەوارەکان و دەقە ڕەسەنەکان دەکات، دەبینێت کە خودا هەرگیز خوازەری ئەوە نەبووە نەتەوەیەک بکاتە ئاغای نەتەوەیەکی تر، بەڵکوو ئەوە مرۆڤە ناپاک و تێنەگەیشتووەکان بوون کە خودایان بە عەگال و عەباوە وێنا کرد. ناسینی مێژووی ڕاستەقینە یانی درک کردن بەوەی کە کورد لە دێر زەمانەوە لە سەنتەری بڕوا و ئاوەدانی و بەرگریدا بووە، نەک پاشکۆیەکی بێدەسەڵات وەک ئەوەی لە کتێبە خوێندنگەکان و لەسەر مینبەری هەندێک لە مەلا نەزانەکاندا دەگوترێتەوە. پێویستە ئەمڕۆ بە پێنووسێکی تیژ، ئەو تاریکستانەی مێژوو ڕووناک بکەینەوە کە تێیدا ژن وەک عەورەت و کورد وەک بیانی و ئازادی وەک فیتنە وێنا کراوە. لایەنی شاراوەی مێژوو پێمان دەڵێت کە هەرکەسێک ناوی خوای بۆ زوڵم بەکارهێنابێت، لە کۆتاییدا بووەتە هۆی وێرانیی نەتەوەکەی، و ئەمەش ئەو یاسایەیە کە ئێستا لە ناوچەکەدا دەیبینین. مرۆڤی وشیار ئەو کەسەیە .. ڕێگە نادات ڕیش و عەبا مێژووی بۆ دروست بکەن، بەڵکوو خۆی دەچێتە ناو خەڵوەتگای لێکۆڵینەوە و لەوێدا ڕاستییەکان لە ژێر خۆڵی چەواشەکاری دەردەهێنێت. تەنها بەم شێوەیە دەتوانین گەنجان لەوە ڕزگار بکەین کە ببنە بەبەغای مەلایەک ، بۆ داگیرکەران دەوەڕێت و بۆ نەتەوەکەی خۆی ژەهر دەڕێژێت. مێژوو لای ئێمە دەبێت ببێتە وانەیەک بۆ بونیادنانی داهاتوویەکی ئازاد، کە تێیدا هیچ کەسێک نەتوانێت بە ناوی پیرۆزییەوە بازرگانی بە خوێن و ناسنامەی گەلانەوە بکات.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا