ئەبوكاروان
بەشی یەكەم
ھاوڕێی ئازیزمان موحسن کەریم لە دیمانەیەكداو لە بەرنامەیەکی دیکۆمێناری مێژوویی بەناوی خەرمانی درەو و لە پەیج و سایتی درەو میدیا، باسی ڕووداوەكانی ١٤ ی تەمووزی ساڵی ٢٠٠٠ و كێشەكانی یەكێتی و تاوانكاری شەهیدکردنی پێنچ ئەندامی كۆمەنیستی كریكاری دەكات، لەو دیکۆمێنتاریەدا سێ جار باسی ئەوە دەكات كە حیزبی شیوعی كوردستان ھەڵویستی نەبووە لەو ڕووداوانە، بۆیە بەپێویستم زانی ڕوونكردنەوەو وەڵامێكی بەڕێزیان بدەمەوە لەسەر ھەڵویستەكانی ئێمە وەكو حیزبی شیوعی كوردستان پێش ڕووداوەكەو كاتی ڕووداوەكەو دوای ڕووداوەكەیش.
هەڵبەت نامەوێ چەند ھەنگاوێك بچمە دواوە بۆ وردەکاری ساڵی ١٩٩١ و دوای ڕاپەڕین كە ھاوڕێیانی ڕەوتی كۆمەنیست كە لە بەغداو شارەكانی ترەوە ڕوویانكردە كوردستان و بەشێكیان لە كفری نیشتەجێبوون و ئێمە چۆن شوێنی نیشتەجێبوون و ئازووقەمان بۆ دابین كردن هەڵبەت هەرگیز وەک منتکردن هێمای بۆ ناکەم بەڵکو وەك ئەركێكی ھاوڕێیانە سەرشانمان، هەروەها نامەوێ باسی ڕووداوەكانی دوای ٣١ی ئابی ساڵی ١٩٩٦ بكەم كە یەكێتی ھەڵھات بۆ سنوور و ئێمە دێھاتەكانی گەرمیانمان كردە شوێنی تێكۆشانمان و بارەگای سەرەكیمان لەگوندی چوار شاخ داناو كادرو پێشمەرگەكانمان لە دێھاتەكان و ناوچەكە بڵاوكردەوەو كادرە دیارەكانی حیزبی كۆمەنیست لەگەلمان ھاتن و ھاوڕێیانە مامەڵەمان لەگەل كردن و بەو جۆرە ژیانی هەر هەموو پارێزراو مسۆگەر بوو لە چنگی دڕندانەی بەعس.
بۆ زانیاری خۆێنەران و ھاوڕێیان، ئێمە ھەر لەدوای ڕاپەڕینەوە ، سەرەڕای بوونی دیدو بۆچوونی جیاواز لەبواری فیكری و سیاسی ، پەیوەندییەكی باش و ئاساییمان ھەبووەو پێكەوە كاری ھاوبەشمان ئەنجامداوە و لەھەندێ چالاكی حیزبیماندا بوارمان داوە ئەو ھاوڕێیانە وتاری تایبەتی خۆیان ھەبێت.
ئەو پەیوەندیانەمان لە گەشەی بەردەوامدا بوو، بە جۆرێک گەشەیکرد گەیشتە قۆناغێك كە گفتوگۆبكەین لەسەر ھە ڵبژاردن و پێكەوە بەشداریمان، گەر ھاوڕێ موحسن یادەوریی ھاوكاری بكات بۆ ئەومەبەستە لە ڕۆژی ٢٠٠٠/١/٥ وەفدیكی كۆمەنیستی كریكاری پێكھاتبوون لە خودی ھاوڕێ موحسن و فوئاد سادق سەردانیانكردین و گفتوگۆمانكرد لەسەر بەشداری كردنمان لە ھەڵبژاردنی شارەوانییەكانی سنووری سلێمانی و تەنسیق و ھاوكاری نێوانمان.
پێش ڕووداوەكە ساڵانی ١٩٩٩ و ٢٠٠٠ كاری ھاوبەشی نێوان لایەنە چەپ و شیوعی كۆمەنیستەكان بەتایبەتی لە ٨ ی مارس و یەكی ئایارو چەندین چالاكی تردا گەیشتبوون لووتكە و چەندین خۆپیشاندان و گردبونەوە ئەنجام دەدرا و خودی كۆمەنیستی كریكاری چالاكییەكانیان فراونتر بوو، لەبەرانبەردا ئیسلامییەكان لەپەرەسەندن دابوون و گوڕوتینیان دابووە کارەکانیان كاریگەری فراوانیان ھەبوو ، زانكۆو پەیمانگاكان كاریگەری حیزبە ئیسلامییەكانیان پێووە دیار بوو، ئەمەیش وایكرد یەكێتی موغازەلەی شیوعی و كۆمەنیستەكان بكات و لەژیر ناوی بەرەی عیلمانییەكان.
كۆمەنیستی كریكاری چەندین بارەگای لەسلێمانی و شارەكانی تر ھەبوو، ئێزگەی ڕادیویی یان ھەبوو و بەرنامەكانی پەخش دەكرد بەڕۆژانە، ئیدارەی سلێمانی حکومەتی هەرێم "یەكێتی" پارەی مانگانەی پێدەدان و وەجبەیەك چەكیشی پێدان، كۆمەنیستی كرێكاری كادرە دیارەكانی حیزبی كۆمەنیستی ئێران یان لەدەوری خۆیان كۆكردبوەوە و وتار و لێدوانیان دەدا دژی دەسەڵاتدارانی ئێران.
لە ھەڵبژاردنەكانی قوتابیان و ماموستایان حیزبی كۆمەنیست بەشداریانكرد بەھاوبەشی لە (لیستی عیلمانییەكان) لە سنووری سلێمانی، تەنانەت لە یادمە لە ھەڵبژاردنی ماموستایان ٧ نوێنەریان سەكەوتنی بەدەستھێنا.
چالاكییەكانی حیزبی كۆمەنیست، شێوازی خیتاب و لێدوانەكانیان، بەرنامەی ئێزگەكانیان، ھێرشی تووند بۆ سەر ئیسلام و ئیسلامییەكان بوونە ھۆكار بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتییەكان و ھاتنە سەر ھێڵی دەوڵەتی ئێران و فشار خستنە سەر یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، حكومەتی سلێمانی بەنووسراو ئاگەداری حیزبەكانیانكرد كە لە شار دەربچن و شار چووڵبكەن و حیزبەكان داوایانكرد كە دەبێ خودی یەكێتی ئەو بریارە جێبەجێبكات
فشارەكانی ئیسلامییەكان و ئێران گەیشتبووە قۆناغێكی مەترسیدار ، حیزبی كۆمەنیست بارەگایەكییان بەتەنیشت ماڵی كاك نەوشێروان وە بوو ، یەكێتی لەڕێگای ئاسایشەوە ئەو بارەگایەی بە دەرفەت بۆ ئەوەی فشاریان لەسەربكات و ھێرشیان بكەنە سەر لە ژێر پاساوی ئەوەی پاسەوانەكانیان لە سەربانەوە تەماشای ماڵی نەوشێروان دەكەن ، بەرپرسێكی ئەمنی پێی ووتم كاك نەوشێروان زۆر توڕەبوو و داوای كرد گەر ئەو بارەگایە چووڵ نەكەن و پێتان ناكرێت ئەوا بەم دەمانچەیە پێیان چووڵ دەكەم ، حیزبی كۆمەنیست ھەوڵیدا لە ڕێگای حیزبەكانەوە ئەو بارەگایە چوڵ نەكەن بەبێ ئاگا لەوەی كە یەكێتی بریاری داوە لێیان بدات و بەدوای پاساودا دەگەڕێن
ھاوڕێ فوئاد سادق بەرپرسی پەیوەندییەكانی حیزبی كۆمەنیست بوو ، لەگەلیان كۆبومەوە ، ئەو باسەمان بە دووروو دریژی كردو پێم وووتن :- ئەم جۆرە كێشەو گرفتانە كاتی یە و بۆچەند مانگێكەو دواتر زەمینە گۆڕانكاری بەسەردا دێت و بەم شێوەیە نامێنێ ، باشترە خۆتان دوور بگرن لەم كێشەیەو وەكو یەكگرتووی ئیسلامی ژیرانە مامەڵە بكەن ، كاتێك یەكێتی فشاری دەخستە سەر یەكگرتوو، ھانی خەڵكی گەڕەكەكانی دەدا كەبارەگاكانیان لە گەڕەك نەمێنن و دواتر یەكگرتوو چوڵیان دەكرد و دەچوون لە ھەر شوێنێ بارەگا بكەنەوە سەردانی ئاسایش یان دەكردو ئاگەداریان دەكرد كە بەنیازن لێرە بارەگا دابنێین و پرسیاریان دەكرد كە ئەم شووێنە لە بارە بۆ كردنەوەی بارەگا و دواتر چەندین شوێنیان پیشاندەدان و ئاسایش ناچار دەبوو بە فەرمی موافقەت بكات لەسەر كردنەوەی بارەگا لەو شوێنە ، ئێوەش باشە ئەو بارەگایە چووڵبكەن و ئەو پاساوە مەھێڵنەوەو بزان ئەنجامەكەی چوون دەبێ ، ھەستمكرد ھاوڕێ فوئاد بۆو چوونەكەی منی لاپەسەند بوو بەڵام لە ئەنجام ئەو كارەیان نەكرد