
زیرەك كەمال
پشیلەیەك مەملەكەتی مشكەكانی كردبووە یەك پارچە لە ترس و تۆقاندن، ئاخر ئەو پشیلەیە شەوبا یان ڕۆژبا، هەركاتێك بۆی بلوابا، دەستوبرد وەكو شەبەیخوون دەهات و پەلاماری مشكێكی دەدا و حەپەلووشی دەكرد.
وایلێهاتبوو هیچ كامێك لە مشكەكان بەتەمای ژیانی خۆیان نەمابوون، بۆیە هەموویان بڕیاریاندا كۆببنەوە، ئیدی وەكو بەشێك لە سیاسییەكانی لای خۆمان كەوتنە تاوتوێكردنی دۆخەكە و ئەنجامدانی چەندان كۆبوونەوە بۆ ڕووبەڕبوونەوەی پشیلەكە، سەرەنجام مشكەكان بڕیاریاندا بەسپۆنسەری تەلەڤزیۆنە درۆزنەكە، بۆ داڕشتنی نەخشەیەك لە دژی پشیلە، كۆنفڕانسێك ڕێكبخەن. بەیانی زوو بە بەشداری سەرجەم مشكەكان كۆنفڕانسەكە دەستی بەكارەكانی خۆی كرد.
ئیدی ڕۆژ ڕۆژی خۆهەڵكێشان بوو، هەر مشكە و دەهاتە سەر مینبەر و پڕبەدەم هاواری دەكرد ئازادی و سەقامگیری بۆ مەملەكەتەكەمان و مردن و ڕووڕەشی بۆ پشیلە. هەبوو دەیگوت شوورەییە بۆ ئێمەی مشك، تا كەی یەك پشیلە ئاوا هەر ڕۆژە ئەندام و برادەرێكی قشتیلەمان دەخوات، یەكێكی تر دەیگوت گوناهی خۆمانە ئەگینا پشیلەیەك چییە بەتەنها ئاوامان لێبكات، كار ئاوا بڕوات قڕانمان دێت.
دواتر مشكێك بە ناز و فیزەوە هاتە سەر مینبەر و گوتی: وا باشە بۆ ئەوەی لە كاتی هاتنی پشیلەكە ئاگاداربین، زەنگۆڵێك بخەینە ملی پشیلەكە، بۆ ئەوەی هەر كاتێك لێمان نزیكبووەوە بە زەنگۆڵەكەی ملی بزانین و ئیدی هەموومان بەرەو كونەكان رابكەین.
بەم پێشنیارە سەراپای ئەندامانی كۆنفڕانس دایان لە چەپڵە و بە بژی بژی پاڵپشتیی پێشنیارەكەیان كرد، بەڵام دواتر مشكێك كە لە هەموویان بەتەمەنتر و دنیادیتەتر بوو، چووە سەر مینبەرەكە و گوتی: خوشك و برا بەڕێزەكان پێشنیارەكە بەجێیە، بەڵام كێیە ئەو مشكە ئازایەی كە زەنگۆڵەكە دەخاتە ملی پشیلەكە؟
دوای ئەم پرسیارە، ئەندامانی كۆنفڕانس سەریان بردەوە ناو قاوغی خۆیان، دواتر نامەیەكی پشیلەكە گەیشتە ژووری كۆنفڕانسەكە، كە پشیلەكە تیایدا نووسیبووی: من بۆیە ڕۆژانە دانەیەك لە ئێوە دەخۆم، بۆ ئەوەی لە ڕێوی بتانپارێزم. بەم قسەیە سەرجەم ئەندامانی كۆنفڕانس بەدەم هاڕەی چەپڵە و بژی پشیلەی دڵسۆز، پێشوازییان لە نامەكە كرد، نەك هەرئەوە بەڵكوو دواتر كۆنفڕانس بڕیاریدا بەناوی هەموو مشكەكان، میدالیای ئاشتی ببەخشنە پشیلەكە.
هەڵبەت لای ئێمەی مرۆڤەكانیش هەروایە، عاشق بە جەللادی خۆمانین. لە چەپڵەلێدان ئازاین و خۆشباوەڕین، ئاخر سمەڕاوچی باشترین ڕاوچی مەملەكەتەكەمان بوو، جارێك لەجیاتی كوشتن بە تفەنگ، بە دەست مامزێكی گرتبوو، خەڵك وایانزانیبوو دۆستی ئاژەڵانە و ئێستا كردوویانە بە بەڕێوەبەری بەرگریكردن لە مافی باڵندە و ئاژەڵەكان.