ستار ئەحمەد

 

​مێژووی خوێناوی و پڕ لە کارەساتی نەتەوەی کورد، هەمیشە لەژێر سێبەری دەقە ئایینییە شێوێندراوەکان و فەتوا تەکفیرییەکاندا ڕەوایی پێدراوە. ئەوەی ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا دەیبینین، تەنها ڕووداوی کاتی نین، بەڵکو درێژە پێدەری هەمان ئەو عەقڵییەتە شۆفێنی و ڕەگەزپەرستەیە کە دەیەوێت بەناوی پیرۆزیی ئاسمانەوە، مرۆڤایەتی لە کورد دابماڵێت.

​لەم هاوکێشە ناپاکەدا، ئایین کراوەتە کەرەستەیەک بۆ پاکتاوی ڕەگەزی. سەدام حوسێن بە ناوی سورەتی (ئەنفال)ەوە هەڵمەتی سڕینەوەی کوردی دەستپێکرد و خوێنی هەزاران مرۆڤی بە حەڵاڵ زانی. ئەردۆغان بە ناوی سورەتی (فەتح)ەوە هێرش دەکاتە سەر ڕۆژئاوای کوردستان و خاکی کوردان داگیر دەکات. لەو لایشەوە ئێران بە ناوی سورەتی (نەسر)ەوە پەتی سێدارە بۆ گەنجی کورد دەچنێت. لێرەدا پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە: کێ ئیسلامی ڕاستەقینەیە....؟

ئایا ئیسلام ڕێگەی داگیرکاری  ملیۆنەها قوربانییە، یان تەنها کورد کراوەتە قوربانیی تەفسیرە سیاسییەکانی دەوروبەر؟

​ئەم مامەڵە دڕندانەیەی دەوڵەتانی ناوچەکە بەناوی ئیسلامەوە، وای کردووە کە گەنجی کورد ئایینەکەش لەبەرچاوی ببێزرێت. کاتێک دەبینن ئایین تەنها بۆ سەربڕینی ئەمان بەکاردێت، چۆن دەتوانن بە میهرەبانییەکەی باوەڕ بکەن....؟

 ئەم نەتەوە بەناو موسڵمانانە ئەگەر باوەشیان بۆ کورد بکردایەتەوە، کورد هەرگیز پەنای بۆ بیانی و ئەو وڵاتانە نەدەبرد کە بە کافر ناویان دەبەن. کورد تەنها بۆ مانەوەی خۆی هانا بۆ غەیرە موسڵمانان دەبات، چونکە ئەوانەی ناوی برای ئایینییان لەخۆیان ناوە، بوونەتە جەلاد و سەربڕی ئەم نەتەوەیە.

​جێگەی سەرنج و پێکەنینە، ئەو سەرۆکە عەرەبانەی کە بۆ کورد باس لە جیهاد و ئیسلام دەکەن، خۆیان لە باوەشی ئەمریکا و ئیسرائیلدان. زۆربەی ئەو سەرۆکانە یان ژنیان یەهودییە یان دایکیان، کەچی کاتێک دێنە سەر مافی کورد، دەبنە پارێزەری ئایین و فەرمانی کوشتار دەردەکەن. ئەوان بە ناوی ئایینەوە کورد وەک نەوەی شەیتان و جنۆکە وێنا دەکەن، تەنها بۆ ئەوەی ڕەوایی بدەن بەوەی ، ماڵ و سامانی کورد بۆ ئەوان حەڵاڵ بێت و کورد تەنها نۆکەریان بكات. تەنانەت ئەگەر کورد نۆکەریش بێت، لای ئەوان هەر وەک بوونەوەرێکی نزم دەبینرێت.

​لەم نێوەندەدا، جەماعەتی وەک (ئەحمەد شەرع) و ئەمیرەکانی جەهل، پەردە لەسەر ڕووخساری ڕاستەقینەی ئەم فیکرە لادەدەن. کاتێک کچ لە سەربانەوە فڕێ دەدەن و دایکێک ناچار دەکەن سەیری کوشتنی چوار کوڕەکەی بکات، کاتێک ئەمیرەکانیان فەرمان دەدەن تەنانەت منداڵی یەک مانگانەی نێو لانکیش سەرببڕن، دەبێت بپرسین: ئایا ئەمە ئایینە یان وەحشیگەرییەکی بێوێنەیە....؟

​هەر لێرەوەیە کە هاواری کورد بەرەو ئاسمان بەرز دەبێتەوە: بۆچی خودا بەرامبەر ئەم هەموو زوڵمە بێدەنگە؟ بۆچی ڕێگە دەدات بەناوی ئەوەوە ئەم هەموو تاوانە بکرێت...؟

بێدەنگیی ئاسمان تاقیکردنەوەیەکی گەورەیە بۆ ئیرادەی کورد. کورد دەبێت تێبگات ،ڕزگاریی ئەو تەنها لە یەکگرتوویی خۆیدایە، نەک لە چاوەڕوانکردنی میهرەبانیی ئەو جەلادانەی کە ئایینیان کردووەتە چەقۆ بۆ بڕینی ملی بێتاوانەکان. پێویستە ئەم ڕاستییە تاڵە قبوڵ بکەین کە جەنگی ئێمە تەنها جەنگی خاک نییە، بەڵکو جەنگی ڕزگارکردنی مرۆڤایەتییە لە چنگی ئەو کەسانەی کە خودایان کردووەتە هاوبەشی تاوانەکانیان.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا