رێبوار سیویلی

کوردستانی پێنجەم:

خەبات لە نێو جەرگەی جیهان و کۆتایی وەهمی دیموکراسی

١. مێژووی کورد زۆربەى کات گێڕانەوەی زنجیرەیەکی هاوسۆزی بووە، کە سنوورە دەستکردەکان نەیانتوانیوە دەستەمۆی بکەن. لە کاتە هەرە سەخت و پڕ لە نەهامەتییەکاندا، کورد وزەی خۆی لە یەکێک لە هەر چوار بەشەکەی نیشتمانەوە وەرگرتووە؛ کاتێک لە باشوور لێی دەقەوما، ڕۆژهەڵات دەبووە ئەو کانییەی ئومێدی پێ دەبەخشییەوە. ئەگەر لە هەولێر و سلێمانی و دهۆک دەبووە خۆشی و هەرا، لە سنە و مەهاباد خەڵک خۆی دەدایە بەر کوتەک و لێدان و زیندان، تەنها لەبەر ئەوەی پشتگیرییان لەو خۆشییە کردووە. ئەم ڕاستییە بۆ هەموو ڕووداوە خۆش و ناخۆشەکان و بۆ گشت پارچەکانی دیکەی کوردستان وەک یاسایەکى نەنووسراو ڕاست بووە. یەکێک لە جوانترین ڕەهەندەکانی کوردبوون، ڕێک لەم پشتگیری و لەگەڵ یەکتربوونەدایە کە مانا بە ناسنامەی نەتەوەیی دەبەخشێت.

٢. ئەوەی لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا بینیمان و ئەوەی کوردانی تاراوگە کردیان و دەیکەن، مژدەی دروستبوونی جۆرێکی دیکە لە کوردبوونە لە دەرەوەی جوگرافیای کوردستان؛ کوردستانێکی نوێ لە نێو دڵی هەر مرۆڤێکی بە ئەمەکدا کە دەکرێت ناوی بنێین پارچەی پێنجەمی کوردستان. ئەم پارچە نوێیە تەنها کۆمەڵێک پەنابەر نین، بەڵکو گواستنەوەی جەوهەری خەباتە لە شاخەکان و شارە گەمارۆدراوەکانەوە بۆ نێو دڵ و شەقام و ناوەندە سیاسییەکانی پایتەختەکانی بڕیار لە جیهاندا. لە ئێستادا ئەم خەباتە کاریگەرترین ئامرازە بۆ پشتگیریکردنی ڕۆژئاوا، چونکە پێویستە چی لە ناوەوە و چی لە تاراوگە، شەڕ لەگەڵ دوژمن و نەیارانی کورد ببرێتە نێو ماڵی خۆیانەوە. دەبێت پایتەختەکان بهەژێنرێن و مافی ڕەوای کورد لە قوڕگی سەرمایەدارییەتی سپڵە دەربهێنرێت، ئەو سەرمایەدارییەی کە پشتگیری سەرەکی سیستەمە داعشی و میلیشیاکانە و لە سەروو هەموویانەوە ئەمەریکاى ترەمپ و ئۆردوگانیزم و هاوپەیمانەکانی.

٣. کاریگەریی ئەم کوردستانە نوێیە تەنها لە دروشمەکاندا نییە، بەڵکو لە بێدارکردنەوەی ویژدانی هاوڵاتیانی ئەورووپا و ئەمریکادایە. کاتێک هاوڵاتییەکی ڕۆژئاوایی لە ناو جەرگەی شارەکەی خۆیدا ڕووبەڕووی ڕاستییەکان دەبێتەوە، فشارێکی جەماوەریی بێ نموونە لەسەر دەوڵەتەکانیان دروست دەبێت کە هیچ لۆبییەکی سیاسی ناتوانێت پشتگوێی بخات. ئەمە ئەو جێگەیەیە کە کورد دەبێت تێیدا کار بکات؛ گۆڕینی هاوسۆزیی مرۆیی بۆ فشارێکی سیاسی ڕاستەقینە کە ڕێگری بکات لەوەی حکومەتەکانی ڕۆژئاوا بۆ بەرژەوەندی ئابووری، چاو لە ئاست تاوانەکانی جۆلانیى و ئۆردوگانیزم بپۆشن.

٤. پێویستە کورد بەو ڕاستییە تاڵە بگات کە چاوەڕوانیکردنی مژدەی دیموکراسی و مافی مرۆڤ لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان، تەنها کات کوشتن و جۆرێکە لە چاوبەستنی سیاسی. دیموکراسییەتێک کە تەنها بۆ سپیکردنەوەی ڕووی بازرگانییەکان بێت و نەتوانێت مرۆڤی کورد لە بەرانبەر درۆن و چەکی کیمیایی بپارێزێت، تەنها درۆیەکی جوانە. کورد دەبێت قۆناغی وەهمی مژدە درۆیینەکان تێپەڕێنێت و بەدوای جێگرەوەی دیکەی سەندنی مافەکانیدا بگەڕێت، جێگرەوەیەک کە لەسەر بنەمای هێز و گوشار بێت نەک تەنها پاڕانەوە و گوتاری لاوازیی.

٥. لێرەدا ئەرکی پارتە سیاسییەکانی کوردستان دێتە پێشەوە. پێویستە پارتە سیاسییەکان سیاسەتی پشتگوێخستنی ئەم هێزە مەزنەی تاراوگە بگۆڕن بۆ گرنگیپێدان و پشتگیرییەکی ستراتیژی. دەبێت پارتەکان لە ڕێگەی نوێنەرایەتییەکانیانەوە کار بۆ یەکبوونی کوردانی تاراوگە بکەن، بێ ئەوەی هەوڵ بدەن ئەم هێزە دابەش بکەن بەسەر ئایدیۆلۆژیا ئێکسپایەر و بەرژەوەندییە حیزبییە تەسکەکانی خۆیاندا. تاراوگە نابێت ببێتە گۆڕەپانی ململانێی ناوخۆیی، بەڵکو دەبێت ببێتە سەنگەری یەکگرتووی نەتەوەیی. ئەگەر پارتە سیاسییەکان ئەم خەبات و بەرخۆدانەی تاراوگە نەبینن و وەک قوڵاییەکی ستراتیژی مامەڵەی لەگەڵ نەکەن، ئەوا بۆ خۆشیان زۆر زەحمەت دەبێت بە ئاسانی دەنگیان بگاتە ناوەندە جیهانییەکان و وەک هێزێکی سیاسی بەهەند وەربگیرێن.

٦. بۆ ڕێکخستنی ئەم پەیوەندییە و گۆڕینی بۆ هێزێکی کاریگەر، پێشنیار دەکرێت کە سەرەتا ئەنجومەنێکی باڵای ڕاوێژکاری لە کەسایەتییە ئەکادیمی و چالاکوانە سەربەخۆکانی تاراوگە دروست بکرێت کە پردی پەیوەندی بێت لە نێوان ناوەوە و دەرەوە. هەروەها پێویستە نوێنەرایەتییەکانی حکومەت و پارتەکان لە نووسینگەی حیزبییەوە بگۆڕدرێن بۆ ناوەندی لۆبی نیشتمانی کە تەنها یەک گوتاریان هەبێت؛ گوتاری مافی ڕەواى کورد و ڕیسواکردنی داگیرکەران. جگە لەوەش، پێویستە سیستەمێکی پەیوەندیی بەردەوام هەبێت بۆ گەیاندنی داتا و بەڵگەنامەکانی ناوخۆ بە ڕەوەندی کوردی، تا بتوانن لە ناوەندە یاسایی و میدیاییەکانی جیهاندا وەک چەکێکی کاریگەر دژی نەیاران بەکاریبهێنن.

٧. کوردبوون لەم سەردەمەدا واتە تێکشکاندنی ئەو بێدەنگییەی کە بە پارەی نەوت و چەک کڕدراوە. پارچەی پێنجەمی کوردستان ئەرکێکی مێژوویی لەسەر شانە، ئەویش ئەوەیە کە چیتر ڕێگە نەدات بکوژانی کورد لە پایتەختەکانی جیهاندا وەک دیپلۆماتکار و بازرگان پێشوازییان لێ بکرێت. جیهان تەنها کاتێک ڕێز لە مافەکانمان دەگرێت کە بزانێت بێبەشکردنی کورد لە مافەکانی، تێچوویەکی زۆر گەورەی بۆ ئەوان و بۆ هاوپەیمانە دیکتاتۆرەکانیان دەبێت. شەڕەکە لێرەوە دەست پێ دەکات، لە ناو جەرگەی ئەو پایتەختانەی کە بڕیار لەسەر چارەنووسی گەلان دەدەن.

 

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا