لەڕوانگەی چینایەتیەوە

‎خۆپیشاندانەكان بەرەو كوێ

‎بەشی دووەم

‎عوسمان زیندانی

‎ لەماوەی سێ مانگی ڕابردوودا خۆپیشاندانەكانی مووچەخۆران  بەردەوامی هەبووە و بەشێوەیەكی شارستانی دوور لە توندوتیژی بەڕێوەچووە و هەمیشە جەخت لە پێدانی مووچە كراوەتەوە، بەنەفەسێكی درێژ بەردەوامیدراوە بەكار و چالاكی بۆ بەدیهێنانی مافەكانیان، لە ڕاستیدا ئەمە شێوازێكی ڕاستەقینەی تێكۆشانی چینێك یان توێژێكی كۆمەڵایەتییە لە چوارچێوەی ماف و یاسا و ڕێسا دیموكراسیەكان، بەڵام هەردوو دەسەڵاتی هەرێم كوردستان بێدەربەستانە مامەڵەیان لەگەڵ ڕەوشی ناڕەزایەتی و داخوازیەكانی موچەخۆران كردووە كە بە شێوازی مەدەنی كار و چالاكی ئەنجامداوە٠

 

‎لێرە بەدواوە پێویست دەكات خۆپیشاندانەكان گۆڕانگاری بەسەردا بێت لە ڕووی  بەرنامە و دروشم و شێوازەكەیەوە   داواكردنی مووچە بگۆڕێت بۆ نەهێشتن و كەنارخستنی ئەو سیاسەت و بەرنامانەی بوونەتە مایەی قەیرانی ئابووری  و نەدانی مووچە، پێویستە دروشمەكان تەواو سیاسی بن و  دەست بخەنەسەر بڕینی ڕاستەقینەی سەر جەستەی زامداركراوی كۆمەڵگەی كوردستان و بەرفراوانتر لەمووچە داوا بكرێت هەوڵی گۆڕانگاری بدرێت ٠

‎یەكەم: هەوڵ بدرێت سەرجەم چین و توێژەكانی تری ناو كۆمەڵگە بكرێنە هاوبەش لەناڕەزایەتیەكان و  فرسەتیان بۆ بڕەخسێنرێت تا گوزارشت لە مەینەتیەكانی خۆیان بكەن بۆ نموونە (بێكاران )بكرێنە بەشێك لە دروشمەكانی خۆپیشاندەران و هەلی كاری گونجاو بۆ هەموان وەك ئەركێكی حكومەت بخرێتە ڕوو و ببێتە دروشمی دەستی مووچەخۆران ٠

‎دووەم: ئەنجوومەنێك پێك بهێنرێت بۆ دانەمەزراوەكانی زانكۆ و پەیمانگاكان كە زیاتر لە دە ساڵە دانەمەزراون و لەكەرتی تایبەتیش هیچ هەلێكی كار نییە بۆیان كە بەپێی جاڕنامەی گەردوونی مافەكانی مرۆڤ كاری گونجاو بەندێكی سەرەكی و مافێكی بێ ئەملاوئەولای مرۆڤە٠

‎سێیەم: نوێنەرانی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و چالاكوانان بە بەرنامەیەكی داڕێژراو و بەهەڵوێستێكی هاوبەشەوە لەنێوان ڕێكخراوەكانیان دروشمەكان دابڕژن و بێنە مەیدانی ناڕەزایەتیەكان چونكە ئەوانیش بەشێكی گرنگی ناو ململانێكانی كۆمەڵگەن لەهەمان كاتدا بەشێكی قوربانی ئەو بێ مووچەیی و نەهامەتیانەن٠

‎چوارەم: كرێكاران و ڕێكخراو وسەندیكا كرێكاریەكان و ئەندازیاران و تەكنكیكاران  داواكاریەكانیان بكەنە بەرنامەیەك و هاوبەشی و ڕێكیبخەن لەگەڵ داخوازی مامۆستایان و مووچەخۆران ڕێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی ٠

‎پێنجەم:  ڕۆشنبیران و نووسەران هونەرمەندان بەگوتار و لێدوان و بەنووسین و بەرهەمەكانیان فشار دروست بكە لەسەر دەسەڵاتی هەرێم بۆ ئاڵوگۆڕی سیاسەتی حوكمڕانی و ڕوانگەی بەڕێوەبردنی ژیانی سیاسی و نەخشەی ئابووری و كار گێڕی لە هەرێمدا  چوونكە بەڕاستی ڕۆڵی  ئەمان لەمێژووی شۆڕش و ڕاپەڕین و ئاڵوگۆڕەكانی دنیادا ڕۆڵێكی سەرەكی بووە و نابێت لەهەرێمی كوردستانیش ڕۆشنبیران و نوسەران ئابەم  هەڵوێست و دابەش بوون و شێوەی ئێستا بمێنەوە ٠

‎شەشەم: لەنێوان ئەم دەستە و چین وتوێژ وڕێكخراوانەدا سەركردایەتیەك یان ناوەندێكی نوێ دروست بكرێت بۆ سەرپەرشتی ناڕەزایەتیەكانیان و داڕشتنی بەرنامە و دروشم و داخوازی گشتگیر تر لەڕووی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی وكلتوریەوە كەسەرچاوە وبنەما بن بۆ لەبەینبردنی ئەم سیاسەتی برسی كردن وپەراوێزخستنی توێژە كۆمەڵایەتیەكان و چەوسانەوەی كرێكاران و پێشێلكردنی یاسایی مافی مووچە و دەرماڵە و زۆر شایستەی تری ئیداری و ئابووری ، ئەم ناوەندە سەرپەرشتی و بانگەوازی  كاری  جدی بكات بۆ ڕووبەڕووبونەوەی دەسەڵاتداران  ٠

‎حەوتەم: حزب و لایەنە سیاسییەكانی دەرەوەی دەسەڵات پێكەوە و دوور لە و خاڵ وبەرنامە جیاوازانەی هەیانە لەسەر چەند خاڵێكی سەرەكی و گشتی ڕێبكەون كەهاوبەشن تیایدا لە چۆنیەتی ململانێ كردنی دەسەڵات لەسەر شەقام و لەڕاگەیاندن و ناو مەیدانی جەماوەریدا و پشتگیری كردن و هاوبەشی كردنی ناڕەزایەتیەكانی چین و تۆێژەكان و مووچە خۆران ، چوونكە دەسەڵات بەبەرنامە  باڵاترین دامەزراوی یاسادانان وچاودێری كردنی پەك خست و خۆی بەهانەی یاسایی دایە دەستی دادگای فیدراڵی عێراق بۆ لەكار خستنی پەرلەمانی كوردستان  ، دیارە هەموان دەزانین لە ناوەندی عێراقدا نیەت وعەقلیەتی دژ بە قەوارەی  هەرێم هەیە  بەڵام سەرۆكایەتی پەرلەمان كە یەكێتی و پارتین پێكەوە و بەئەنقەست هەڵبژاردنیان دواخست  وئەم مەیدانیەی چاودێركردنەیان پەك خست  ٠

‎لەبەشی سێیەمی ئەم بابەتەدا  باسی شێواز و ئاراستەی و خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەكەین كە نابێت لەم شێواز و ئاراستەیەدا ئێستایدا بمێنێتەوە.

 

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا