ئەلەند نەجات

 

یەکێک لە گرفتەکانی کۆمەڵگەی کوردی کێشەی پەروەدەی خێزانییە، کە هۆکاری زۆرێک لە کێشە دەروونی و کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی کۆمەڵگەی کوردیییە. پەروەردەی خێزانی کوردی، جۆرە پەروەدەیەکە  ڕووح و ماتەوزە و خەونی منداڵەکانیان لە ڕێگەی سەپاندنی حەز و خولیاکانی خۆیانەوە دەکوژن.

خێزانی کوردی  دەیەوێت، منداڵەکانیان ببنە ئەوەی خۆیان دەیانەوێت، نە ئەوەی منداڵەکانیان دەیانەوێت. زارۆی بەستەزمان حەزی لێیە ببێتە میۆزیکسیان، یەکێکی دی حەزی لێیە ببێتە یاریزان، یەکێک مامۆستا و یەکێک ئەندازیار و یەکێک نووسەر. وەلێ هەر زوو دایبابی کوردی ئەم خەونە منداڵیانەیان دەکوژن دەبنە ڕێگر لەبەردەم بەدیهێنانی خەونی منداڵاکانیان، لە ڕێگەی فشار بۆ هێنانی زۆر و هەڕەشەکردن و چاولێسورکردنەوە و ئەشکەنجەدانەوە وەک ئامێرێک مامەڵە لەگەڵ منداڵان دەکەن و داوایان لێدەکەن باشترین نمرە و بڕوانامەی بەرزی وەک (دکتۆر) بەدەستبهێنن لەداهاتوودا، وەکوو ئەوەی هەموو کۆمەڵگا نەخۆش بێت، ئەی هەمووان دکتۆر بن، کێ نەخۆشەکەیە؟ 

سەیرە کەس بە منداڵەکەی ناڵێت ببە مامۆستا و نەوەیەک پەروەدەبکە. کەس ناخوازێ  ببێتە ئەندازیار و وڵات ئاوەدان بکاتەوە، ئەوە پیشەکانی دیکە هەر مەپرسە و بووە بەعەیبە لە کۆمەڵگەدا.

بە دیدی کۆمەڵناسەکان هۆکارەکانی سەرهەڵدانی ئەم دیاردەیە بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە یەکێک لەو هۆکاری باوانە  کۆمەڵایتیەکانە، بەپێی ئەوەی کۆمەڵگای کوردی هێشتا لەژێر کاریگەری هۆکاری کۆمەڵایتیدایە و خێزانی کوردی باب سالارە و  منداڵ وەک میراتی خانەوادەکەی تەماشادەکرێت، کە دەبێت شکۆی خانەوادەکەی بپارێزت. جا گەر باوکی  پزیشک یان بەرپرسێکی سیاسی گەورەی وڵات بوون دەبێت ئەم منداڵاش بەهەمان شێوەی ئەوان ببێتە پزیشک یان بەرپرسێکی گەورە و بەپێی نەریت و تەقەلیدی کۆمەڵگا  ڕەفتار بکات.

 خۆ خوانەکردە گەر منداڵێک بیەوێت پرسیارێک یان ڕایەکی جیاوازی هەبێت وەک کەسێکی بێڕێز تەماشا دەکرێت، ئەمەش وا دەکات منداڵانی کۆمەڵگای کوردی هەمیشە بێدەنگ بن و نەتوانن ئەو پرسیارانەی بە مێشکیان دێت و دەڕوا بپرسن و لە داهاتووشدا ببنە کائینێکی گوێڕایەڵ و کزۆڵە و کوێرانە هەرچیان بە گوێدا بچپێندرێ دەڵێن: وایە. 

یەکێکی دیکە لە هۆکارەکان هۆکارە دروونناسیەکانە، زۆرێک لەدایباب دەیانەوێت خۆیان بەچی شێواز و جۆرێک پەروردەکراون، منداڵەکانیان بەهەمان شێواز و جۆر پەروردەبکەن، خافڵ و بێئاگا لەوەی ئەو ژینگە و سەردەمەی ئەوانەی تێیدا ژیاون جیاوازە لەم ژینگە و سەردەمەی ئێستا.

هۆکارێکی دیکە هۆکارە ئابورییەکانە، ئەو دۆخە ئابورییەی لەکۆمەڵگادا هەیە، وایکردوە دایک و باوکان بەردەوام وا لە منداڵەکانیان بکەن و فشارێکی یەکجار زۆر بکەنە سەریان بۆ ئەوەی لە باشترین بەش وکۆلێژ وەربگیرێت و لەداهاتوودا بتوانێت لەڕێگای ئەو بەشەی تەواوی دەکات داهاتێکی باشی دەستبکەوێت. ئەمە بۆچوونێکی هەڵەیە لەلایەن خێزانەکانەوە بەشەکانی زانکۆ و پەیمانگاکان وەک سەرچاوەی بەدەستهێنانی دارایی تەماشا دەکرێن نەک وەک ناوەندێکی فێربوون و وەرگرتنی زانیاری.

 هەروەها ئەم دیاردەیە کاریگەری خراپ لەسەر منداڵان دروستدەکات لەچەند ڕوویەکەوە وەک کاریگەری دەروونی دەبێتە هۆی کێشە دەروونیەکان وا لەمنداڵ دەکات هەستی بەکەمی خۆی و نەبوونی متمانە و لەدەستدانی کەسایەتی و نرخی خۆی و نیگەرانی و ڕاڕایی بن. وە لایەنی فێربوون و داهێنان کاریگەری نەرێنی لەسەر منداڵان دەبێت بە شێوەیەک بەهۆی داواکاریەکانی دایباز منداڵ تەنها فێری جێبەجێکردنی فەرمان دەبێت، تەنها ئەوەی فێرکراون وەک تووتی دوبارەی دەکەنەوە! وە ناتوانن بەباشی بیربکەنەوە و بەشێوەیەکی ئەکادیمیانە ڕەخنەبگرن و داهێنانی نوێ ئەنجامبدەن. 

سەرەڕای ئەم دوولایەنە کاریگەری خراپشی لەسەر لایەنی کەسی منداڵان دروستدەبێت بەوەی منداڵان ناتوانن ببنە خاوەن بڕیاری خۆیان و خاوەن خۆیانبن، خۆیان بناسن، هەمیشە چاوەڕوانی کەسانی دیکە دەکەن. ئەمانەش دەبنە هۆی دروستبوونی نەوەیەکی ناچالاک و بێتوانا لەداهاتوودا، کە نەتوانن بەباشی بڕیاربدەن و ڕابەرایەتی بکەن، بەهۆی ئەم منداڵانەوە کۆمەڵگا لەگەشەکردن و بەرەوپێشچوون ڕادەوەستێت و بەچەقبەستوویی دەمێنێتەوە. هەروەها ئەم منداڵانە لەداهاتوودا کەدەبنە دایک و باوک منداڵەکانیان بەهەمان شێوەی خۆیان پەروەردە دەکەن و ئەمەش کۆمەڵگا بەرەو داڕمان و کۆتاییهێنان دەبات بەتەواوەتی.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە