مەغدید حاجی

 بەشی دووەم و کۆتایی

 

 ٭ (شەڕی هەندرێن لە سەرچاوە کوردی و عیراقییەکاندا)ناونیشانی یەکەمین تەوەری توێژینەوەکەی بەڕێز(د. فرسەت مرعی)یە، لە سەرەتای ئەم تەوەرەدا نووسیویەتی:" زانیاری بەردەست دەربارەی شەڕی هەندرێن لە سەرچاوە کوردی و عیراقییەکاندا کەمە(1)".

 ئەمە نیشانەی ئەوەیە توێژەر خۆی ماندوو نەکردووە بە دوای سەرچاوە کوردی و عیراقییەکاندا بگەڕێت، چونکە دیارە لە سەرچاوە کوردی و عیراقییەکاندا تەنیا پشتی بە چەند سەرچاوەیەکی کەم بەستووە، بە تایبەتی سەرچاوەکانی نزیک لە پارتی دیموکراتی کوردستان ، وەکو کتێبەکانی:(کاک مەسعود بارزانی(2)، شەکیب عەقراوی(3)، فارس حسن کورد مارکی دۆسکی(4)، عسمت دینۆ(5، د. مەحمودعوسمان(6)..

 لە کاتێکدا لە ماوەی 30 ساڵی ڕابردوودا لە زۆر کتێبی مێژوویی و نامەی ئەکادیمی ، لە کتێبی بیرەوەریەکان، لە ڕاگەیاندنەکان گۆڤارو ڕۆژنامە..لەسەر شەڕی هەندرێن نووسراوە. ئێمە لە بەشی یەکەمی ئەم نووسینەماندا ناوی هەندێک لە سەرچاوەکانمان خستنە ڕوو. بەڵام کە بەڕێز د. فرسەت زیاتر پشت بەو سەرچاوانە دەبەستێت کە لە پارتی نزیکن، بەداخەوە توێژینەوەکەی لە مۆرکی زانستی و بێلایەنی دوور دەکەوێتەوە.

 لەم تەوەرەدا توێژەر دەقی چەند دێرێک لەسەر شەڕی هەندرێن و زیانەکانی دوژمن دووبارە دەکاتەوە،لە(بەرایی)توێژینەوەکەیدا  ئەوەندە دێرەی لە کتێبەکەی کاک مەسعود گواستۆتەوە هاتووە لەم تەوەرەشدا دووبارە بە زیادەوە دایناوەتەوە(7).

 بێگومان دووبارەکردنەوە لە یەک توێژینەوەدا کارێکی پەسند نییە.

 لەم تەوەرەدا توێژەر ئاماژە بە وەڵامی کاک مەسعود دەکات سەبارەت بە سەرچاوە ئیسرائیلییەکان کە لەسەر شەڕی هەندرێنیان نووسیوە. بە تایبەتی کتێبەکەی(شلومۆ نکدیمون) لێرەدا منیش هاوڕام لەگەل ئەم وەڵامەو لە کاتی خۆشی لە وتارێکی سەربەخۆدا وەڵامی تەواوی ئەم کتێبەم داوەتەوە((8. ئەوەی جێگای سەرسوڕمانە بەشێک لە نووسەرو توێژەرانی کورد پشت بەم سەرچاوەیە دەبەستن ، کە ناوەرۆکەکەی دەربارەی داستانی هندرێن دوورە لە ڕاستی، هەروەکو لە نووسینەکانی پێشووترم بە بەڵگە ڕوونم کردۆتەوە.

 توێژەر لە ل(461)دا هەندێک ڕاستی پێکاوە کە نووسیویەتی و دەڵێ:" سەبارەت بەو هێزەی بەرپرس بووە لە بەرگریکردن لە چیای هەندرێن ،هەروەکو لە کتێبەکەی شەکیب عەقراویدا هاتووە، هێزی جەنگاوەرانی حزبی شیوعی عیراق بوون لەژێر سەرکردایەتی تێکۆشەر فاخیر محەمەد ئاغا مێرگەسۆری کە بەرپرس بوون لە پاراستنی شاخی هەندرێن" کەواتە ئەمە دەیسەلمێنێ کە هێزی حیزبی شیوعی هێزی سەرەکی بووە لە شەڕو داستانی هەندرێندا.

 لەم لاپەڕەیەدا(461) هاتووە:" بارزانی (مەبەستی ڕەوانشاد  مەلا مستەفا بارزانییە)ڕۆژی4ی ئایاری1966 هاتۆتە گوندی بەرسرین کە پردێکی بەناوبانگی لێیە بە ناوی (پردی حافز) لە ناوچەی باڵەک. سەرکردایەتی سەربازی حیزبی شیوعی لەم گوندە بووە،کە ڕائد کەمال نعمان سەرکردایەتی دەکردو  بارزانی پرسیاری لێکردووە کە چۆن فورسانە زێبارییەکان توانیویانە چیای هەندرێن بگرن ؟! فەرمانیشی دەرکردووە کە سەر لە نوێ دەسبگرنەوە بەسەر چیای هەندرێن(9)"!!

 یەکەم پردی حافز لە گوندی بەرسرین نییە، دووەم گوندی بەرسرین لە ناوچەی باڵەک نییە، بەڵکو سەر بە قەزای ڕواندزە، سێیەم تەنیا فورسانە زێباریەکان نەبوون کە شەوی2/3 -5 لایەکی شاخی هەندرێنیان گرت بەڵکو جاشی دیکەی زۆرو لە دواوەشیان  لیوای چواری سوپای عیراق بوو..چوارەم بە گوێرەی نووسینەکانی دوو فەرماندەی داستانی هەندرێن(عزەت سلێمان بەگ)و (ملازم خدر) مەلا مستەفا لە 4ی ئایار 1966 نەچۆتە بەرسرین  تاکو لەگەل فەرماندەکانی (حشع) کۆببێتەوە. ملازم خدر لە دەستنووسێکیدا بە ناونیشانی ( ڕۆژژمێری داستانی هەندێن) لە لەپەڕە 10 و 11 دا نووسیویەتی:"لە1966-5-4) سوپا دەستی کرد بە بۆردومانکردنی پێگەکانمان لە هەندرێن و بەرزێوە ،لە یەک خولەکدا 10 قونبلەی تێدەگرتین ،بۆردومانی فڕۆکەش بەردەوام بوو،بۆردومانی گوندەکانیشی دەکرد و خەڵکی مەدەنیش دەبوونە قوربانی". بێگومان لەو بارودۆخەدا مەلا مستەفا نەچۆتە بەرسرین  تاکو لەگەل فەرماندەکانی حزبی شیوعی کۆبێتەوە. بەڵام هەروەکو ملازم خدر دەڵێت:" ئیدریس بارزانی بارەگای سەرکردایەتی لە (کۆسپێ سپی)لە نێوان وارەکۆن و بەرسرین دانا، شەو سەردانم کرد داوام لێی کرد زیاتر نەیەتە پێش (10)" ..

 عزەت سلێمان بەگیش کە یەک لە فەرماندە مەیدانییەکانی داستانی هەندرێن بوو، چەند جار لە ژیانی خۆی لەسەر شەڕی هەندرێنی نووسیوە ، ئێمەش لە ساڵی2016 چاوپێکەوتنێکی تۆمارکراومان لە گەلی ئەنجامداوە، لە بارەی هەمان بەروار4 ی ئایار1966  دەڵێ:" لەو کاتەدا ئاگادار کراینەوە کە کاک ئیدریسی جوانەمەرگ تەخویلکراوە لە لای بارزانی ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی ئەوبەرەیە بکات.بۆ ئەو مەبەستە بنکەیەکی دێتە کۆسپێ سپی(11)". لێرەش (مام عزەت)هیچ ئاماژەیەکی بۆ چوونی مەلا مستەفا لە1966-5-4 بۆ گوندی بەرسرین و کۆبوونەوەی لەگەل فەرماندەکانی هەندرێن نەکردووە.دیارە ئەوەی لە کتێبەکەی شەکیب عەقراوی لەمبارەیەوە تۆمارکراوە وردو دروست نییە، دەبوو د. فرسەت لەمەی بکۆڵیبایەوە ئینجا وەکو سەرچاوە بەکاری بهێنابا.

 لە ل461 توێژەر بە پشت بەستن بە کتێبەکەی شەکیب عەقراوی زیاتر باسی ملازم خدر دەکات کە لەو کات و لەناو فەرماندە سەربازیەکانی حیزبی شیوعی لە ناوچەکە ناوی دەرکرووە.بەڵام بۆ دروستی بابەتە مێژووییەکە جگە لە ملازم خدر فەرماندە سەربازیەکانی حیزبی شیوعی لە هەندرێن ئەمانە بوون:(ڕەئیس کەمال نعمان، فاخر مێرگەسوری،ملازم عەبدولرەحمان، ملازم عەزیز، شێخ عەتا تاڵەبانی،شەهید عەریف یونس، مام سدیق کاولۆکەیی)..هتد 

 سەبارەت بە هۆکارەکانی سەرکەوتن و شارەزایی و کارامەیی تۆپ هاوێژەکان لە داستانی هەندرێن جگە لە ملازم خدر کە هەر لە بەرزێوە بە شێوەیەکی کاریگەر تۆپەکانی ئاراستەی بنکە سەربازیەکانی دوژمن دەکرد، هەردوو پێشمەرگەی شارەزا (عەزە ڕەش و محەمەد مەگتوف) بە سەرپەرشتی و ڕەسەدی فاخر مێرگەسۆری و ڕەئیس کەمال.  بە دوو تۆپ لەسەر هەندرێن لەڕۆژی1966-5-12 سەنگەرەکانی لیوای چواریان خاپوور کردو ڕێگایان خۆشکرد بۆ هێرشی پاڵەونانەی پێشمەرگە فیدائییەکان.

 دەبوو لێرەدا توێژەر پشت بە سەرچاوەی دیکەی بەشداربوو لە شەڕەکە ببەستێت ، وەکو کتێبی بیرەوەریەکانی زرار دەرگەڵەیی و نووسینەکانی عزەت سلێمان بەگ و یاداشتەکانی شێخ عەتا تاڵەبانی و چاوپێکەوتن لەگەل ملازم خدر کە بارەگای لە شاری هەولێرە.

 لە هۆکاری سەرکەوتن کە باس لە سەرکردایەتی دەکرێت دەبێ یەکەمجار ناوی ڕەئیس کەمال بهێنرێت چونکە نەخشەداڕێژەرو بەرپرسی یەکەمی هەموو فەرماندەکانی هەندێن بوو.

 دەبینین لە لاپەڕە461 دا بە پشت بەستن بە کتێبەکەی شەکیب عەقراوی هاتووە کە:" تێکۆشەر فاخر مێرگەسۆری لەسەر چیای هەندرێن لە 12ی ئایار سەرکردایەتی هێرشەکەی کردووە، هێزەکەی لە100 جەنگاوەر لە شۆڕشگێڕە کوردەکان زیاتر نەدەبوون ، زۆرینه شیان  ئەندام و لایەنگری حیزبی شیوعی عیراق بوون(12)" .

 دەبوو توێژەر بەدوای سەرچاوەی تردا بگەڕێت بزانی ڕاستە کەمتر لە100 پێشمەرگە ئەم داستانەیان تۆمارکرد.

 لە کتێبی(شانێک بە بن باری نیشتمانەوە، ژینواری عیزەت سلێمان بەگ )هاتووە:" هەموو هێزەکانی ئێمەو شیوعی 200 پێشمەرگە زیاتر نەبووین(13)". 

 (ملازم خدر)یش نووسیویەتی و دەڵێ:" دەوروبەری 150پێشمەرگە لە پرۆسەی هێرشکردندا بەشداربووین، بە پلەی سەرەکی پێشمەرگەکانمان بوون لەگەل کۆمەڵێک لە پێشمەرگەی دۆستەکانمان لە هێزی عزەت سلێمان بەگ لەگەل پەلێکی سەعیدی حەمەدئاغای مێرگەسۆری(14).

 من زیاتر ژمارەکەی ملازم خدرم پێ لە ڕاستی نزیکترە،چونکە لە سەرەتای حەفتاکان لە دەستنووسێکدا تۆماری کردووەو پاراستوویەتی و تاکو ئێستا خۆی لە ژیاندا ماوەو ڕۆڵی سەربازی کارا دەبینێت وەکو سەرۆکی کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکای حیزبی شیوعی عیراق.

 جارێکی دیکە د. فرسەت بە پشت بەستن بە کتێبەکەی عەقراوی  ژمارەی کوژراوو بریندارەکانی دوژمن به 1000 کەس دەخاتە ڕوو، هەروەکو پێشتر ڕوونمان کردۆتەوە ئەم ژمارەیە تەخمینێکی وورد نییە.

 لە ل 462 توێژەر لە نێوان  هەردوو سەرچاوە ،1- کتێبەکەی مەسعود بارزانی 2- کتێبەکەی شەکیب عەقراوی سەری لێ تێک چووە کامەیان سەرکردەی داستانی هەندرێن بوون:( ڕەئیس کەمال)یان (فاخر مێرگەسۆری)؟ دەبوو نووسەر خۆی ماندوو بکردایەو بیزانیایە کە بەرپرسی سەربازی هەموو هێزی هەندرێن ڕەئیس کەمال بووە، یەکەم پلان داڕێژەری داستانەکەش بووە. فاخر مێرگەسۆریش لە داستانەکەدا 12ی ئایار فەرماندەی یەکەم بوو. لەسەر پێشنیازی حزبی شیوعی فاخر کراوەتە فەرماندەی هێرشەکەو ئیدریس بارزانی بەناوی سەرکردایەتی شۆڕش فەرمانی بۆ دەرکردووە.

 ٭ توێژەر باس لە سەرچاوە عیراقییەکان دەکات ،کە تەنیا پشتی بە کتێبی بیرەوەریەکانی چەند فەرماندەیەکی سوپای عیراق بەستووە وەکو( نزار خەزرەجی)و(سەعید حەمۆ).. بێگومان ئەم فەرماندە سەربازیانە هەندێ زانیاری سەربازی گرنگیان خستۆتە ڕوو، بەڵام بەلای ئەوەدا ناچن کە بڵێن شیوعییەکان لە شەڕی هەندرێن دژ بە سوپای عیراق ڕۆڵی هەرە سەرەکیان بینیوەو هەرەسیان بە لیوای چواری فرقەی دووی سوپای عیراق هێنا.

 بێگومان سەرچاوەی دیکەی عیراقی و نامەی ئەکادیمی دەست دەکەون کە باسیان لە شەڕی ناوداری هەندرێن کردووە.

 ٭ توێژەر سێیەمین تەوەریشی بۆ سەرچاوە شیوعییەکان تەرخان کردووە، لێرەدا تەنیا زانیاری لە کتێبی بیرەوەریەکانی بە هائەدین نوری و شەپۆل فاخر مێرگەسۆری وەرگرتووە،لەوکاتەی شەپۆڵ هیچ پەیوەندی بە حیزبی شیوعی یەوە نییەو کتێبەکەشی بە سەرچاوەیەکی شیوعی دانانرێت. 

 توێژەر دەبوو خۆی ماندوو بکات و بە دوای زۆرترین کتێبی بیرەوەریەکانی سەرکردەو کادیرە شیوعییەکان بگەڕێت کە لەسەر ئەم داستانەیان نووسیوە. هەروا ڕاگەیاندنەکانی حیزبی شیوعی عیراق و کردستان بە تایبەتی هەفتەنامەی ڕێگای کوردستان کە چەندین وتارو چاوپێکەوتنی گرنگی لەسەر شەڕی هەندرێن بڵاوکردۆتەوە.

 ٭ توێژەر لە دوو تەوەری دیکەدا باس لە شەڕی هەندرێن دەکات لە سەرچاوە ئیسرائیلی و ڕۆژئاواییەکاندا. لە سەرەتادا ئاماژەم بۆ ئەوە کرد کە ئەم دوو تەوەرە دەرچوونە لە ناونیشانی توێژینەوەکە. هەروەها سەرچاوە ئیسرائیلی و ڕۆژئاواییەکان لە بنچینەدا ڕۆژنامەوانین دوایی کراونەتە کتێب و بۆ سەر زمانی عەرەبی وەرگێڕدراون. لە کاتی خۆی من لە چەند وتارێکدا کە لە ڕێگای کوردستانیش بڵاوکراونەتەوە وەڵامی ئەم سەرچاوە ئیسرائیلی و ڕۆژئاواییانەم داوەتەوەو سەلماندوومە کە زۆرینەی زانیاریەکانیان زێدەڕۆییان تێدایەو دوورن لە ڕاستی.

 لە کۆتاییدا سەرەڕای سەرنج و ڕەخنەکانم دەستخۆشی لە پ.د. فرسەت مرعی دەکەم کە بایەخی بە شەڕی هەندرێن داوە و ئەم توێژینەوەیەی لەسەر نووسیوە. دیارە شەڕی ناوداری هەندرێن وەکو ڕووداوێکی گرنگی مێژوویی و داستانێکی کەم وێنە لە مێژووی شۆڕشەکانی کورد بۆتە جێگای بایەخی نووسەرو توێژەرانی کوردو بیانی.

 ٭ پەراێزەکان:

(1) پ.د فرست مرعی، شەڕی هەندرێن لە سەرچاوە کوردی و عیراقییەکاندا، چالاکێین کۆنفرانسێ نیڤدەولەتی سێی کۆمەکا ڤەکۆلەران ، شۆڕشا ئەیلولێ وەرچەرخانەک ددیرۆکا سیاسی یا کوردیدا،ل459 ( بە زمانی عەرەبی نووسراوە)

(2) مەسعود بارزانی، بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد،(چاپی عەرەبی)

(3) شەکیب عەقراوی، ساڵە ناخۆشەکان لە کوردستاندا  گرنگترین ڕووداوی سیاسی و سەربازییەکان لە کوردستانی عیراقدا  لە1980-1958(بە عەرەبی نووسراوە)

(4) بیرەوەریەکانی فارس کورمارکی ــ ڕەوتی تێکۆشان لەگەل بارزانیدا، (چاپی عەرەبی).

(5)  عسمت دینۆ، بیرەوەریەکانی عسمت دینۆ سندی(بە زمانی عەرەبییە)

(6) لێدوانی د. مەحمود عوسمان بۆ گۆڤاری ئەلوەسەتی لوبنانی.

(7) پ.د. فرسەت مرعی، سەرچاوەی پێوو،ل 46

(8 مەغدید حاجی، خوێندنەوەو هەڵسەنگاندنێک بۆ کتێبی(مۆساد لە عیراق و وڵاتانی دراووسێ)گۆڤاری مێژووناسی،ژمارە4 و 5، ساڵی دووەم2023 ل 163.

(9) د. فرسەت مرعی سەرچاوەی پێشوو.

(10) ملازم خدر، ڕۆژژمێری داستانی هەندرێن،  دەستنووسەو بە زمانی عەرەبییە.

(11) شێرزاد عەبدولرەحمان، ژیان و بەرخودان عزەت سلێمان بەگ .. چ1، 1995 ل52.

(12)د.فرست مرعی،سەرچاوەی پێشوو ،ل 461

(13) عزەت سلێمان بەگ ،شانێک بە بن باری نیشتمانەوە، ئامادەکردنی کرمانج عزەت،ل144.

(14) ملازم خدر،سەرچاوەی پێشوو،ل16

(15) بڕوانە هەفتەنامەی ڕێگای کوردستان، ژمارە1324 لە2023-1-10 ، ژمارە1326 لە 2023-1-24 ، ڕێگای کوردستان ڕۆژی2023-1-31

 وێنەکە: عەبدوڵلا تۆفیق هەولێری بە پاڵەوانی هەندرێن ناوبانگی دەرکرد.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە