
خوێندنەوەیك بۆ ستراتیجی ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا
كاتێك ستراتیجی دەوڵەت شوناسی مافیاگەری وەردەگرێت!
كاوە مەحموود
بەشی سێیەم
لە بەشی دووەمی ئەم وتارەم، ئاماژەم بۆ ڕیزبەندی گرنگی ناوچەكانی جیهان لە ڕوانگەی گرنگییەوە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە زیندووكانی ئەمەریكا كرد، كە لە بەڵكەمانەی ستراتیجی ئاسایشی نەتەوەیی بەم جۆرە ریزبەندی كراونو، تایتڵی ئامانج خراونەتەڕوو:
1ـ نیوەی ڕۆژئاوای گۆی زەوی: پاشكۆی ترامپ بۆ پرنسیپی مۆنرۆ.
2ـ ئاسیا: بردنەوەی ئایندەی ئابووریو، ڕێگرتن لە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی.
3ـ بەهێزكردنی مەزنیبوونی ئەوروپا.
4ـ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست: گواستنەوەی ئەركەكانو بنیاتنانی ئاشتی.
5ـ ئەفریقیا
لە بەشی دووەمی وتارەكەم ئاماژەم بە هەڵویستی ئەم ستراتیجە سەبارەت بە (نیوەی ڕۆژئاوای گۆی زەوی: پاشكۆی ترامپ بۆ پرنسیپی مۆنرۆ) كردو، نموونەی زیندووی كردەیی، دەستدرێژی سەربازی بەسەر فنزویلابوو.
هەرچەندە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕیزبەندی چوارەمی ناوچە گرنگەكانی بەڵگەنامەی ئەم ستراتیجە دێت، بەڵام پێم باشە پێش ناوچەكانی دیكە بە ڕچاوكردنی ڕووداوە سیاسییە هەنووكەییەكان ئاماژە بە هەڵوێستی ئەم ستراتیجە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بكەم، بەتایبەتی ئاڵۆزیو تێكرژانێكی سەخت لە ڕەوشی ناوخۆیی ئێرانو توركیاو عێڕاقو سوریاو لوبنانو یەمەن لە ئارادایە، جگە لە كاردانەوەو دەرئەنجامەكانی شەڕی غەزەو، ناكۆكیو ململانییە هەرێمایەتییەكانو بەرژەوەندییە دژبەیەكەكانی ئەو دەوڵەتانەو، كارتێكردنیو كاردانەوەیان بە شێوەیكی گشتی لەسەر مەسەلەی كوردستان.
لە بەڵگەنامەی ستراتیجیدا هاتووە، كە ئەمەریكا بە درێژایی نیو سەدە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لە پلەی یەكەمی ناوچەكانی جیهان لە ڕووانگەی گرنگیو بایەخەوە دانابوو. هۆكارەكانی ئەم بایەخدانە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە بە دەیان ساڵ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرنگترین سەرجاوەی هاوردەكردنی وزە لە جیهاندا بوو. بەم پێیەش گۆڕەپانی سەرەكی ململانێی زلهێزەكان بوو، جگە لەوە ناوچەیەكی پڕ لە ململانی ناوخۆییو هەرێمایەتی بوو، كە مەترسی ئەوە دەكرا ئەو ململانییە لە جیهاندا فراوانبێتو، تەنانەت بگاتە كەناری دەریاكانی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا. بەڵام ئەو بەڵگەنامە نوێیە پێی وایە، كە لە ڕوانگەی چەند هۆكارەوە ئەم ڕەوشە گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، لەوانە: فرەبوونی سەرچاوەكانی وزەو، "ئەم پێشبڕكێیەش نێوان زلهێزەكاندا هەبوو گۆڕانكاری بەسەردا هاتووەو، بۆتە شێوازی خۆهێنانەپێشەوەی تواناكان، كە لەمەشدا بە سەرسامییەوە تەماشای پێگەی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دەكرێتو، سەرۆك ترامپ لە زیندووكردنەوەی هاوپەیمانی لەگەڵ وڵاتانی كەنداوو، لەگەڵ هاوبەشەكانی عەرەبو ئیسرائیل سەركەوتووبوو".
هەرچەندە بە بۆچوونی ئەم بەڵگەنامەیە، ململانییەكان لەم ناوچەیدا جۆرێك لە بێزاری بۆ وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا درووستدەكات، بەڵام ڕەوشی گشتی ئەم ناوچەیەو ململانییەكان بەو قەوارەیە نییە، كە میدیاكان باسی دەكەن.
لێرەدا پرسیار ئەوەی بۆچی ترامپو ستراتیجییەكەی پێیان وایە قەوارەی ململانییەكان وەكو چاران نییە؟
لە وڵامدا ئەوان پشت بەم داتاو بەڵگانە دەبەستن:
ـ لاوازی ئێران لە ئەنجامی ئۆپڕاسیۆنە سەربازییەكانی دوای حەوتی ئۆكتۆبەرو، لە ئاكامی ئۆپڕاسیۆنی " چەكوشی نیوە شەو" كە لە یۆنیۆی 2025 سەرۆك ترامپ ئەنجامیداو، بە ئەندازەیكی زۆر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانی كەمكردەوە.
ـ ئاگربەست لە غەزەو ڕزگاركردنی بارمتەكان.
ـ لاوازكردنی ئەو لایەنانەی پشتگیریو هاوكاری (حماس)یان دەكرد. لەمەشدا مەبست حزبی اللهو ئێرانو ڕژێمی پێشوی سوریایە، بەڵام لە بەڵگەنامەكە ناویانی نەهێناوە.
بەڵگەنامەكە ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، كە ئەگەری ئەوە هەیە سوریا سەرچاوەیك بێت بۆ درووستكردنی دڵەڕاوكێ، "بەڵام بە پشتگیری ئەمەریكاو عەرەبو توركیا دەكرێ بتوانین سوریا وەك لایەنێكو ڕەهەندێكی كاریگەر ڕۆڵی ئاسایی خۆی لە ناوچەكەدا بگێڕێتو ببێتە مایەی سەقامگیری" وەك لە بەڵگەنامەكەدا هاتووە.
بەڵام ئەگەر بە شێوەیكی ڕوون ڕووداوەكانی ئەم دواییە بخوێنینیەوە، هەڵەبوونی ئەم دەرئەنجامەی ستراتیجییەی ترامپ دەردەكەوێو، ئەو پشتگیرییەی ئەمەریكاو سعودیەو توركیا لە سوریا دەكات، ڕێگای نەگرت لەوەی جولانی شەڕی ئیبادەكردن دژ بە دروزو عەلەوەییەكانو كورد بەرپانەكاتو، دوا نموونەش شەڕی پاكتاوكردنی بوونی خەڵكی سڤیڵی كوردە لە ئەشرەفییەو شێخ مەقسودو، ئەوەش لە بەرچاو بێت كە هەر یەك لەو لایەنە هەرێمایەتییانەی ئەمەریكا .باسی دەكات بە خودی ڕژیمی جولانی ئامانج و سیاسەتو ئەجیندەی تایبەتی خۆیان هەیە.
كڕۆكی دەرئەنجامی سەرەكی ئەم بەڵگەنامەیە سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بریتییە لە پاشگەزبوونەوەی بنەما مێژوویەكانی بایەخدانی ئەمەریكا بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە ئاراستەی گرنگیدان بەو ناوچەیە وەك سەرچاوەیكی وەبەرهێنانی نێودەوڵەتیو، لەو كەرتانەی كە لە دەرەوەی بازنەی نەوتو گاز بێتو، بۆ ئەم مەبەستەش بەڵگەنامەی ستراتیجی ئاسایش ئاماژە بۆ سەردانەكی ترامپ بۆ وڵاتانی كەندا دەكات كە مەبەست لێی كردنەوەی بازاڕی نوێیە، كە بە ناوی "بازاڕی كراوەو دۆستانە" ناوزەندی كرد.
بۆ جێبەجێكردنی ئەم سیاسەتە نوێیەی كە لە ستراتیجییەكە ئاماژەی پێكراوە، وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا وادەبینێت هاوبەشەكانی كە مەبەستی سوریای جولانیو توركیاو وڵاتانی كەنداوە، پابەندی خۆیان بە كاركردن بۆ دژایەتیكردنی توندرەوی ڕاگەیاندووەو، بەرامبەر ئەمەش "دەبی ئەمەریكا واز لەو ئەزموونە هەڵەیە بهێنێت، كە فشارو سەرزەنشتی ئەو دەوڵەتانەی دەكرد ـ بەتایبەتی وڵاتانی پاشانشینەكانی كەنداو ـ كە دەستبەرداری نەریتو شێوازی حوكمرانی مێژوویی خۆیان بن".
لە سەر ئەم بنەمایە سەركەوتنی ئەم سیاسەتەی ئەمەریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پشتدەبەستێت "بە قایلبوون بە ناوچەكەو سەركردەكانیو دەوڵەتەكانی وەك كە هەنو، كاركردن لەگەڵیاندا لە چوراچێوەی بەرژەوەندییە هاوبەشەكان".
تۆم باراك نوێنەر سەرۆكی ئەمەریكا لە سەردانەكانی بۆ سوریاو لوبنانو باسكردنی ڕەوشی عێڕاق، لە ئاخافتەكانیدا ئەم بۆچوونەی دەڕبڕی.
لەسەر ینەمای ئەم ستراتیجەی ئەمەریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاراستەكانی ئەمەریكا بەم جۆریە:
ـ سەرچاوەكانی وزە لە كەنداودا نەكەوێتە ژێردەستی دۆژمنێكی ڕاستەخۆی ئەمەریكا.
ـ گەرووی هرمز بە كراوەیی بمێنێتەوە.
ـ ڕێڕەوی دەریایی سوور بە كراوەیی لەبەردەم بازرگانی جیهانی بپارێزرێت.
ـ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەبێتە داینگەو سەرچاوەی هەناردەكردنی تیرۆر دژ بە بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا.
ـ پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل.
لەسەر بنەمای ئەم خاڵانەی لەم ستراتیجە هاتووە، سیاسەتی ترامپ جەخت لەسەر ڕێكەوتننامەكانی ئەبراهامو، دەستەمۆكردنی ڕەوشی لە ئێران دەكاتەوەو، بە كردەیی سەرجەم ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە مافی مرۆڤو مافی گەلانو مامەڵەكردن لەگەڵا مەسەلەی كوردستان هەیە، كۆمەڵێك بابەتن لە چوراچێوەی دید بۆ ڕەوشی ناوچكە وەك خۆی دەمێنێتەوەو، لای ئەمەریكا گرنگ نییە، كە لەم ناوچەیە بەتایبەتی لە عێڕاقو سوریا قەیرانی دەوڵەت هەیە، یان قەیرانی حوكمرانی لە یەمەنو لوبنان هەن، یان كار بۆ چارەسەری مەسەلەی فەلستین لە چوراچێوەی چارەسەری دوو دەوڵەتو بە پێی بڕیاركانی نەتەوە یەكگرتووەكان بكرێتو، یان مافەكانی گەلی كوردستانو بابەتی مافی نەتەوەو پێكهاتەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر بنەمای ئیرادەی ئازادو سەربەخۆی ئەو گەلانە بڕیاربدرێت، كە ئاشتی ڕەواو بەردەوام لە ناوچەكەدا مسۆگەر بكات.
كۆتا دەرئەنجامی سیاسەتی ئەمەریكا بریتییە لەوەی كە: "ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرنگی نەماوەو، وەكو جاران هۆكاری بەردەوامی گیرەشێوێنیو سەرچاوەی درووستبوونی كارەساتو كێشەیە نییە، بەڵكو ناوچەی هاوبەشیودۆستایەتیو وەبەرهێنانە".
هەڵبەتە ئەم دەرئەنجامەش هەڵەیەكی زەقە لە خوێندنەوەی ڕەوشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە هۆی بوونو پێكدادانی بەرژەوەندییە جیاوازو ناكۆكییەكانی نێودەوڵەتیو هەرێمایەتی لە سایەی بەردەوامبوونی قەیرانەكانی ناوچەكەو، لێكەوتەكانی لە سەرانسەری جیهاندا، ئەمەش وای كردوە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەردەم گۆڕەپانی بارگرژیو پێكدادان بووبێتو، هەردەم مەترسییەكانی تیرۆر، كە تا ئێستا ڕەگو بنەماو سەرچاوەكانی ماونو، ناكرێ تەنیا بە كردەوەی ئەمنیو سەربازی چارەسەر بكرێت.
ئەوەی كە پێویستە لەم ڕەوشە، بارگرژیو شەڕ و قایلنەبوون بە یەكتر لەم ناوچەیەدا لە ئارادایەو، پێویستە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەشداری لە چارەسەرەكان لە ڕوانگەی حەوكەمەی جیهانی بۆ چارەسەركردنی قەیرانەكان بكات، بە ئاراستەی كاركردن بۆ كۆمەڵگای چارەنووسی هاوبەشی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە پێی ئیرادەی ئازادانەی گەڵانی ئەم ناوچەیە.
ماویەتی