
ستار ئەحمەد
زۆرجار مێژووی گەلان بە داستان و سەروەری دەنووسرێتەوە، بەڵام لێرە لەم خاکەی پێی دەوترێت عێراق، مێژوویەک نووسراوەتەوە، تەنها دەکرێت ناوی بنرێت تۆماری بێشەرمییەکان. ئێمە لەبەردەم کلتوورێکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی نوغرۆداین، لەسەر بنەمای دووفاقی و بێشەرمی بونیاد نراوە؛ کلتوورێک ، تێیدا مرۆڤەکان دەمامکەکانیان لە پێستی ڕاستەقینەی خۆیان خۆشەویستترە. ئەم وتارە هەوڵێکە بۆ دڕاندنی ئەو پەردە ئەستوورەی، کە دەسەڵاتداران و بەشێک لەم کۆمەڵگەیە ساڵانێکی درێژە خۆیان لە پشتەوەی شاردووەتەوە.
ئەم دەردە کوژەرە لەو دووفاقییە، قووڵ و بێ بنچینەدا، دەست پێدەکات کە وای کردووە دووڕوویی ببێتە ناسنامەی سەرەکیی ژیانی ڕۆژانە. لوتکەی ئەم بێپەرواییە، لەو شوێنەدا دەردەکەوێت کە دەبینین دەسەڵاتدارانی عێراق بە دوو چاوی پڕ لە فرمێسکەوە بۆ خەڵکی فەلەستین دەگرین و شەو و ڕۆژ دروشمی ڕزگاریی قودس بەرز دەکەنەوە، کەچی لە هەمان کاتدا خەریکی قڕکردنی میللەتی کورد و سووتاندنی خاکی کوردستانن. ئەمە ئەو لوتکەی نامەردییەیە، کە تێیدا ئابڕوو و ماڵی کورد بەتاڵان دەبەن و لەولاشەوە بانگەشەی مرۆڤدۆستی بۆ بێگانە دەکەن. هەمان ئەو دەسەڵاتدارانەی ، هەتا دوێنێ ئێرانیان وەک نەیاری سەرەکی نیشان دەدا و بە ملیۆنان مرۆڤیان بە کوشتدا، ئێستا بوونەتە نۆکەر و پێ ماچکەری ئەو وڵاتە.
بەڵام ئازارە گەورەکە لێرەدایە؛ ئەم پەتای بێشەرمییە تەنها لە بەغدا نەمایەوە، بەڵکو جەستەی کوردی خۆشی گرتەوە. مێژووی ئێمە ئەمڕۆ لە سایەی دووفاقییەکی ناوخۆییەوە دەنووسرێتەوە کە چۆن ماڵی کورد کراوەتە دوو کەرتەوە. جێگەی نیگەرانییە، دەبینین هەریەکە لەو لەتانە، لەبری ئەوەی ببنە قەڵغان بۆ پاراستنی شکۆی نەتەوەکەیان، بوونەتە دڵسۆز و فەرمانبەری تورک و عەجەم. لە کاتێکدا داگیرکەرانی کوردستان بە ئاشکرا دژایەتی بوونمان دەکەن، لایەنە کوردییەکان لە نێو خۆیاندا خەریکی شکاندنی یەکترن و بۆ مانەوەی خۆیان، پەنا بۆ باوەشی ئەو دوژمنانە دەبەن کە دەستیان بە خوێنی گەنجەکانمان سوورە. ئەم نۆکەرایەتییە بۆ بێگانە و دڵسۆزییە بۆ تورک و عەجەم، گەورەترین خیانەتە کە لە مێژوو و داهاتووی ئەم میللەتە دەکرێت.
ئەم سەرۆک و کاربەدەستانەی کە بە دەمێکی پڕ لە ژەهرەوە کورد بە نۆکەری ئیسرائیل تاوانبار دەکەن، هەر خۆیانن کە کورسییەکانیان دروستکراوی دەستی بێگانەیە. ئەوان لە ژێرەوە پەیوەندییان لەگەڵ هەموو ئەو هێزانەدا هەیە کە لە سەر شاشەکان جنێویان پێدەدەن. ئەم بێوەفاییە بووەتە کلتوورێکی داڕماو؛ لە مێژوودا هەر کاتێک ئەم دەسەڵاتدارانە تووشی تەنگانە بووبن، خاکی کوردستان پاراستوونی، کەچی هەر کە پشتیان گەرم بووەتەوە، یەکەم خەنجەریان لە پشتی کورد داوە. ئێستاش بە هاوکاریی ئەو دەستەو تاقمە کوردییانەی کە پاشکۆی بێگانەن، خەریکی تەواوکردنی ئەو نەخشە شوومەن، کە بۆ لەناوبردنی ڕەسەنایەتیی ئەم خاکە کێشراوە.
لە کۆتاییدا، دەبێت ئەوە بڵێین کە بێشەرمیی سیاسی لەم وڵاتەدا گەیشتووەتە ئاستێک کە چیتر بە دروشم داناپۆشرێت. مێژوو بەزەیی بەو کەسانەدا نایەتەوە، کە بە دەم نزا بۆ دوور دەکەن و بە دەست خەنجەر لە نزیک دەدەن، و بۆ مانەوەی خۆیان پێی ئەو کەسانە ماچ دەکەن کە دوێنێ نەتەوەکەیانیان قڕ کردووە. تا ئەو کاتەی ڕاستگۆیی و نیشتمانپەروەریی پاک نەبێتە پێوەری ژیان، و تا ئەو کاتەی کورد لە باوەشی تورک و عەجەم نەیەتە دەرێ، ئەم کوردستانە، هەر وەک وێرانەیەک دەمێنێتەوە کە تێیدا تەنها دووڕووەکان و نۆکەرەکان دەتوانن هەناسە بدەن. کاتی ئەوە هاتووە ئەم کلتوورە نوغرۆیە لە گۆڕ بنرێت، ئەگەر نا، شەرمەزارییەکی مێژوویی بۆ هەمووان دەمێنێتەوە کە هیچ فرمێسکێکی درۆ ناتوانێت بیسڕێتەوە.