مرۆڤ و پەروەردە
بەشی هەشتەم: ڕێکپۆشى
لەتیف ئەمین
سروشتى مرۆڤ وایە، هەمیشە دەیەوێ بە جوانترین شێوە دەرکەوێ و خۆى نمایش بکات. کاتێک کە لە ماڵ دەچینە دەرەوە، بۆ هەر مەبەستێک بێت، بۆ کار و دەوام بێت یان بۆ پیاسە و گەشت و گەڕان و سەیران، یان بۆ سەردان و میواندارى، هەوڵ دەدەین لە چاوى ئەوانەى کە دەمانبینن، جوان ببینرێین.
جلوبەرگ، تەنها بریتى نییە لە پارچە قوماشێک بۆ داپۆشینى جەستە، تەنها بۆ ئەوە نییە مرۆڤ لە سەرما و گەرما بپارێزێت. جلوبەرگ بەشێکە لە ناسنامەى مرۆڤ. زۆرجار بەهۆى جلوبەرگ و شێوازى پۆشینى جلوبەرگەکان، چینێکى تایبەت دەناسینەوە، نەتەوەیەک دەناسینەوە، تیپ و کۆمەڵە و تاقم و دەستەکان دەناسینەوە. ڕاستە هەڵبژاردنى ڕەنگ و ستایلى جلوبەرگ، ئازادییەکى کەسییە، بەڵام پۆشینى هەموو جلوبەرگێک بۆ هەموو کەسێک شیاو نییە. هەموو جلوبەرگێک بۆ هەموو کاتێک و بۆ هەموو شوێنێک گونجاو نییە. جلوبەرگى خەوتن جیایە لە جلوبەرگى میواندارى. جلوبەرگى یاریکردن جیایە لە جلوبەرگێک کە پێى بچیتە پرسە. جلوبەرگى پیاسە دەبێ جیاواز بێت لە جلوبەرگى دەوام. بۆیە دەڵێم جلوبەرگ ناسنامەیە، چونکە بەشێک لە کەسایەتى ئێمە پێک دێنێت. زۆرینەى چین و توێژەکانى کۆمەڵگە، جلوبەرگى تایبەت بەخۆیان هەیە، هەر لە پزیشک و تەندروستکاران، پارێزەران و دادوەران، ئەندازیاران، ژینگەپارێزان، پۆلیس، قوتابییان...هتد. هەر یەک لەمانە لەکاتى ئەرکى فەرمیدا، جلی تایبەت بەخۆیان دەپۆشن. هەرچەند تا ئێستا جلوبەرگێکى تایبەت و فەرمى بۆ چینى مامۆستایان دیاری نەکراوە، بەڵام ئەوە ماناى ئەوە نییە هەرچى بپۆشن زۆر ئاساییە، بە پێلاو یان بە نەعل و سەندەل، بە قات و چاکێت یان بە فانیلە و بیجامە. مامۆستا دەبێ بەرگێک بپۆشێ، کە شایستەى پیشە و پلە و پایەى مامۆستایەتى بێت. لەبەرئەوەى مامۆستا دەبێ لە هەموو ڕوویەکەوە پێشەنگ و سەرمەشق بێت، هەم لەڕووى هزرى و هۆشیارییەوە ڕابەر و ڕێنیشاندەرێکى باشبێت، هەم لەڕووى جەستەیی. مامۆستا دەبێ سەنگ و سەرکردایەتى و کاریزمایی خۆى بنوێنێ. ڕێکپۆشى و جوانپۆشى، ئارامى و ئاسوودەیی بە مرۆڤ دەبەخشێ، هەستى بڕوابەخۆبوون لەلاى مرۆڤ گەشە پێ دەدات، پۆشتەیی و ڕێکپۆشى، نیشانەى گەشبینى و ژیاندۆستى ئەو کەسە دەردەخات.
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانى مامۆستاى پەروەردەیی و سەرکەوتوو، گرنگیدانە بە جەستە و جلوبەرگ و ڕووخسارى خۆى. مامۆستاى بە زەوق و سەلیقە، مامۆستاى دڵتەڕ و گەنج، مامۆستاى پڕ لە هیوا و ئومێد، گرنگى بە ڕواڵەت و ڕووخسار و پۆشاکى خۆى دەدات، هەمیشە بە جوانى و بە کەشخەیی دەردەکەوێ. مامۆستایەک، تواناى ئاسوودەکردن و ئاوپڕژێنى دڵى خۆى نەبێ، چۆن هیوا و ئاوات و گەشبینى دەبەخشێتەوە؟ مامۆستایەک تاقەتى ئەوەى نەبێ سەروڕیشى چاک بکات، ئەوەندە بێزار و وەڕس و ماندوو و شەکەت بێت، ئەوەندە دڵێکى مردوو و بێ ئارەزووى هەبێت، کە جلوبەرگێک نەپۆشێ، تۆزێک ویقار و شکۆى پێ ببەخشێ و سەرنجى قوتابییەکانی ڕابکێشێ و هێز و تین و تاوى پێ بدا، بەوە ناگوترێ ڕابەرى پەروەردەیی. ئەم جۆرە مامۆستایانە ناتوانن ببن بە پێشەنگ و نموونە بۆ قوتابییەکانیان، قوتابى هەرگیز لاسایی ئەم جۆرە مامۆستایە ناکاتەوە. ڕەنگە بەم هۆیەوە پیشەى مامۆستایەتیشى لەبەرچاو سووک بێت و قەت ئاوات بەوە نەخوازێ ڕۆژێک لە ڕۆژان ببێتە مامۆستا.
مامۆستاى دڵ پڕ لە جۆش و خرۆش و ڕێکپۆش و جوانپۆش و بۆنخۆش، هەمیشە وانەکانیشى گەرموگوڕ و پڕ لە ڕەوشە. قوتابییانیش بێزار و بێتاقەت نابن لە وانەى ئەم جۆرە مامۆستایە. چونکە ئەوە ڕۆناکى و شەوقى ناوەوەیە دەداتە دەرەوە. ئەوە گڕ و کڵپە و بلێسەى ناخ و دڵ و دەروونە، دەپڕژێتە ڕووکار و ڕووخسارمان.