هۆشیاری عەبدولعەزیز

 

لە فەلسەفەی حوکمڕانی و ئیدارەدانی دەوڵەتدا، پاراستنی قەوارە و بونیادنانی گوتارێکی نیشتمانیی بەهێز کە وەک گرێبەستێکی سیاسی ، کۆمەڵایەتی دەرکەوێ زامنی کۆڵەکەی سەرەکیی مانەوەیە لەناو ڕەهەندە سیاسیە ناوچەی و ناوخۆیەکانداو هیچ قەوارەیەکی سیاسیش لە فۆڕمە گشتیەکەی خۆیدا  لەژێر فشاری دەرەکیدا ناڕووخێت، ئەگەر پێشتر "کۆڵەکەی ڕەوایی و یەکگرتوویی ناوخۆیی خۆی تووشی جۆرێک لە داخوران و هەرەس نەبووبێت. چونکە بەپێی زۆر لە شیکاریە سیاسییەکان کێشە و ململانێی ناوخۆیی، پێش هەر مەترسییەکی دەرەکی، فەزای گشتی قەوارەی دەوڵەت تێکدەدات و توانای خۆئەزموونکردنەوە و بەرگری و مانەوە لەناو دەبات و دەرفەتی زیاتر دەداتە نەیار. واتا فاکتەرە ناوخۆییەکە زۆر لەوە ترسناکترە کە لە پرۆسەی بەڕێوەبردنی ململانێدا درکی پێدەکرێ و دەشێ غیابی فیکری سیاسی و تێنەگەیشتن لە ڕەوتی ڕووداووپێشهاتەکان ڕاستەوخۆ لێکەوتەی مەترسیداری بەدوادابێت و ببێتە هۆکاری پووکانەوەی تەواوەتی قەوارەکە ، بۆیە ئەگەر  لەڕوانگەی ئەم ئاماژەیەوە لە پرسی کورد و ڕەهەندە نیشتمانییەکەی بڕوانین، تێدەگەین کە پاش سەدەیەک لە جەنگی شوناس و مانەوە، کورد هێشتا لەبەردەم مەترسییەکی وجوودیی پەرتبووندایە و نەیتوانیوە ئەو سەنتراڵە تێپەڕێنێ کە ئایندەی کورد دەپارێزێ . تێنەپەڕاندنی ئەو سەنتراڵەش ئاسەوار و لێکەوتەی مەترسیداری وەک خۆکوژیی سیاسیی و هەرەسی ستراتیژی دەوڵەتداری .

لێدەکەوێتەوە. 

گەر کەمێک بە دیقەتتر لە کایەی سیاسیی  کوردستان و دەرهاوێشتەکانی وردبینەوە، دەبینین مەترسییەکان لە قۆناغی  کێبڕکێی دیموکراسی و چەسپاندنی دەوڵەتی دامەزراوەیی وەک ئەوەی زۆرجار هێزە حوکمڕانەکان بانگەشەی بۆ دەکەن دەرچووە و چووتە قۆناغی خۆکوژیی سیاسی و شکستی پڕۆژەی دەوڵەتدارییەوە و توانای هیچ هەنگاوێکی جدیان نییە بە ئاراستەی  بەرەو پێشبردنی کۆمەڵگا و گۆڕانکاریەکی ڕیشەیی کە بتوانێ بەر لەو خۆکوژییە سیاسییە بگرێ کە گەیشتۆتە ئاستی تێکدانی فەزای گشتی و شپرزەی سیاسی و ئابوری بەرهەمهێناوە و ، توانای خۆپاراستن و مانەوەی نەماوە .

بەم تێگەیشتنەش دەگەینە ئەو ڕاستییەی کە فاکتەری ناوخۆیی زۆر لە مەترسییە دەرەکییەکان کوشندەتر و بەزەبرترە  و دەتوانێ ڕێگا خۆشکەربێ بۆ کارەکتەرە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکان تا لە ڕێگەی درزە ناوخۆییەکانەوە دەستکاری چارەنووسی نەتەوەیەک بکەن کە سەدەیەکە بۆ چەسپاندنی شوناسی نەتەوەی و  سیاسی خۆی لە جەنگێکی مێژووییدا بووە.

بۆیە ئەوەی لە پەیوەندییە ئاڵۆز و پڕ لە گرژییەکانی نێوان یەکێتی و پارتیدا دەگوزەرێت، وێنایەکی مەترسیداری پاشەکشەی عەقڵی سیاسیی کوردە. گۆڕانی پارادایمی سیاسی و شکستی ئەحزابی  دەسەڵاتدارە لە بازنەی  (ئیدارەی قەیرانەکان) و ئەو ململانێ ناهاوسەنگەی کە لە ئەجیندەی سیاسییاندا ڕەنگی داوەتەوە و هیچ تێگەیشتنێک لە پێشبینی بۆ ڕووداوەکاندا نییە و، پێچەوانەی ئاراستەی هەڵوێستەکانیان لۆژیکی کار و کاردانەوە پەیڕەو دەکەن و لەهەوڵی پاراستنی  بەرژەوەندیی ئۆلیگارشی خۆیان و دارودەستەکانیاندان و خەریکن بێگوێدانە نرخ و بەهای قەوارەکە، گەورەترین هەرەسی ستراتیژی تۆماردەکەن و قەوارەی هەرێم ، دەکەنە قوربانیی عەقڵییەتێکی خێڵەکیی مۆدێرن کە عەقڵیەتی حزب و بنەماڵەیە و وابەستەی هیچ پێوەرێکی نیشتمانی و نەتەوەیی نیە، چونکە ئەم عەقڵییەتە نیشتمان وەک غەنیمەت و کایە سیاسیش وەک ئامرازێک بۆ سڕینەوەی نەیاری ناوخۆیی دەبینێت، نەک وەک پانتاییەک بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەل

یەکێک لە نیشانە هەرە دیارەکانی ئەم خۆکوژییە سیاسییەش، گواستنەوەی کێشە ناوخۆییەکانی هەرێمە بۆ بەغدا. لە بری ئەوەی بەغدا ناوەندێک بێت بۆ گفتوگۆی نەتەوەیی و پاراستنی مافە دەستوورییەکان بە یەکدەنگی، کراوەتە شوێنی "شکاندنی یەکتر" و پەنابردن بۆ نەیارانی قەوارەکە بە مەبەستی لاوازکردنی لایەنی بەرامبەر. ئەم جۆرە لە "خۆکوژیی سیاسییە شەرعییەت لە قەوارەی هەرێم و دامەزراوەکانی دادەماڵێت و دەستی ناوەند و وڵاتانی ناوچەکە واڵاتر دەکات بۆ ئەوەی هەیمەنەی خۆیان بەسەر ئیرادەی سیاسیی کورد و پێکهاتە کۆمەڵایەتیەکەیدا بسەپێنن.

بەکورتی ئەوەی کایەی سیاسی کوردستانی گەیاندووەتە لێواری خاڵێکی مەترسیداری کوشندە، تەنیا چەقبەستووییەکی سیاسیی ناوخۆی نییە کە کاریگەریەکانی کۆمەڵگا بخاتە مەترسی لە نێووچوونەوە، بەڵکو ئەو "داخورانە سیستەماتیکیەیە کە هەموو جومگە سه‌رەکییەکانی هەرێمی گرتووەتەوە. ئەم پاشەکشە گشتگیرە تەنیا لە قووڵبوونەوەی کێشمەکێشی ئەحزابی حوکمڕاندا کورت نابێتەوە وەک ئەوەی هەندێ ڕەوت و هێزی سیاسی ئاماژەی پێدەکەن ، بەڵکو دەستپێکی هەرەسێکی مێژووییە کە هەڵگری کۆمەڵێک ڕەهەندی قوڵە و لە ئێستادا ڕەنگی داوەتەوە و  بەرهەمی سیاقێکی مێژوویی دوور و درێژە و

ڕەگ و ڕیشەی هەموو ئەو دەستکەوتانە هەڵدەکێشێت کە سەدەیەکە قوربانیی لە پێناودا دەبەخشرێ .

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا