هیوا عومەر 

ژیانمان لەناو قەیرانە ناوخۆیی و جیهانییەکاندا تا دێت قورستر دەبێت؛ ئەم قەیرانانە ئەگەرچی جیاوازن و تایبەتمەندیی خۆیان هەیە، بەڵام لە جەوهەردا پێکەوە گرێدراون. سەرهەڵدانی جەنگ، نەبوونی سەقامگیری و قەیرانە ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، نەک هەر ژێرخانی وڵاتانیان هەژاندووە، بەڵکوو ناسەقامگیرییەکی قووڵی دەروونیشیان لەگەڵ خۆیاندا هێناوە.


قەیرانە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان مێژوویەکی درێژیان هەیە و دەمێکە چوونەتە قۆناغی "قەیرانی گشتگیر"ەوە. کێشەکە تەنها لە هەڵکشانی جیاوازییە چینایەتییەکان و نادادپەروەریی کۆمەڵایەتیدا نەماوەتەوە، بەڵکوو لەم ساڵانەی دواییدا، هەنگاو بە هەنگاو هاوتەریب لەگەڵ لاوازکردنی پەرلەمان، بەتەواوی دامەزراوە نیشتمانییەکان  پەکخران و متمانەیان لای هاووڵاتییان لەدەست دا.

ئەو تەنگژانەی ئەمڕۆ ڕووبەڕوومان دەبنەوە، بەرهەمی عەقڵییەت و فیکری سیاسیی باڵادەستن. لەوەش خراپتر، دنیای سیاسەت لە کایەیەکی مەعریفی و خزمەتگوزاری و گرێدانی بە ژیانی ڕۆژانە و شوێنی کارەوە، گۆڕدراوە بۆ مەیدانی درۆکردن و بڵاوکردنەوەی گوتاری ڕق و کینە. لە ئاستی جیهانیدا، "ترەمپ و ترەمپیزم" نوێنەرایەتیی ئەو ئایدۆلۆژیا ڕاستڕەوە پۆپۆلیستییە سەرمایەدارییە دەکەن؛ لە ئاستی ناوخۆشدا، بەڕوونی هەمان عەقڵییەت لەناو هێزە ڕاستڕەوەکانی دەسەڵات و دەرەوەی دەسەڵاتیشدا دەبینین.

ئەگەر وردتر لە دۆخی ناوخۆیی بڕوانین، دەبینین بەشداریی سیاسیی هاووڵاتییان و ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆن کورت کراوەتەوە تەنها بۆ "ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانی". دەرەنجامەکەی دروستبوونی ئەو باوەڕە کوشندەیەیە کە دەبێت چوار ساڵ جارێک، تەنها بۆ چەند خولەکێک بچینە سەر سندووقی دەنگدان و دواتر بگەڕێینەوە ماڵەوە و بێدەنگ بین. کاتێک ئۆپۆزسیۆنبوون کورت دەکرێتەوە بۆ "قیرەقیر" و دروشمبازى و هێزێکی داماڵدراو لە جیاوازیی فیکری، ئەوا بێدەسەڵاتی و ئەو نائومێدییەی ئەمڕۆ دەبێتە بەرهەمەکەی، کە تەواوی فەزای گشتی و تایبەتیی داگیر کردووین.

لێرەدا مرۆڤ لە "سوبێکت"ێکی کاراوە دەبێتە "ئۆبێکت" و پاشکۆی سیستەم؛ تەکنەلۆژیای زانیارییش لەبری هۆشیاری، مرۆڤی لەناو جەنجاڵییەکی بێمانادا سڕ کردووە. وەک "ژیژەک" دەڵێت: "کاتێک ڕۆژ لە دوای ڕۆژ چینە پەراوێزخراوەکان زیاتر دەچەوسێنرێنەوە و سیستەمی سیاسی و ئابووری لە ژیانی هاوبەشی  ماددی و مەعنەوی ودەیان خاتە دەرەوە و بێبەشیان دەکات، ئەوا ئەوانیش لە ڕێگەی هێزە پۆپۆلیستەکانەوە تۆڵەی خۆیان دەکەنەوە".
 ئەم دۆخە هاوکاتە لەگەڵ قەیرانی خۆتازەنەکردنەوەی هێزە چەپەکان، کە وای کردووە زەمینەی گەشەکردنی هێزە پۆپۆلیستەکان فراوانتر بێت و چینە هەژارەکان ببنە نێچیری گوتارە ڕاستڕەوەکان.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسیfgdsgsdgsdfgsdgعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا