
محمد خۆشکانی
سۆران ئەو دەڤەرە دڵگیر و دلنشینەی کە سروشت خەرمانێک لە جوانی پێبەخشیوە ئەمڕۆ بە دیمەنێکی پێچەوانە و سەیروسەمەرەوە سەرقاڵە ناوچەیەک کە کەنار و دەوروبەری بە سەرچاوەی دەوڵەمەند و ڕووبارەکان و هاوینەهەواری ناسراوی وەک بێخاڵدا دەور دراوە کەچی لە ناو دل و نێو سەنتەرەکەیدا خەریکە لە بێئاویدا دەخنکێت .
ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە ڕووی جوگرافییەوە لە شوێنێکی ستراتیژی و دەوڵەمەنددا هەڵکەوتووە بە شێوەیەک لە نێوان دوو ڕووباری گەورە و هاوینەهەواری ناسراوی بێخاڵدایە کە سێ سەرچاوەی سەرەکیی ئاون بەڵام ئەم سامانە سروشتییە دەوڵەمەندە نەبووەتە هۆی ئارامیی دانیشتووانەکەی چونکە دیمەنی دابەشکردنی ئاو لەم دەڤەرەدا گەیشتووەتە ئاستێکی نائاسایی و پێچەوانەی لۆژیکی ژیان هاووڵاتیان دەبێت بۆ تەنها 1 کاتژمێر ئاو چاوەڕێی ماوەیەکی دوورو درێژی سەرسوڕهێنەر بکەن کە ماوەکەی دەگاتە دوو شەو و دوو ڕۆژ .
یەکێک لە خاڵە هەرە گرنگەکان کە ئیدارەی سۆران کەمتر ڕەچاوی کردووە هەڵسەنگاندنی وردی تایبەتمەندییە کەشووهەواییەکانی ناوچەکەیە هاوینی سۆران پلەی گەرمای بەرزی هەیە و سروشتی ناوچەکە وادەخوازێت لەم وەرزی گەرمایەدا پێداویستیی بە ئاو چەندین هێندە زیاتر ببێت خەڵک لەم وەرزەدا پێویستیی ڕههایان بە ئاو هەیە هەم بۆ پێداویستییە ڕۆژانەکان و خۆشۆردن و هەمیش بۆ کارپێکردن و فێنککردنەوەی ئامێرەکانی ساردکەرەوە کە بۆ کارکردن پێویستیان بە بەردەوامیی ئاو هەیە .
ئەم دۆخە نەخوازراوە لە کاتێکدایە کە لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی تری کوردستان و ناوچەکەدا سیستمی ئاوی 24 کاتژمێری هەیە وە لەهەندێ شارو شارۆچکەی تر ڕۆژانە لانیکەم کاتژمێر و نیوێک بۆ دوو کاتژمێر ئاوی پاکیان پێ دەدرێت ئەمە لە حاڵێکدایە کە سۆران بە بوونی سێ سەرچاوەی دەوڵەمەندی ئاوەوە دەبێت پێشەنگ بێت لە دابینکردنی ئاودا نەوەک لە دواوەی هەموو شارەکانەوە بێت .
بۆ ڕزگارکردنی دانیشتووانی سۆران لەم دۆخە نەگونجاوە چەند هەنگاوێکی خێرا و بڕیاربەدەست پێویستن کە لایەنی بەرپرس دەبێت دەستبەجێ کاریان لەسەر بکات .
پێداچوونەوەی بەپەلە دەبێت ئیدارەی سۆران و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئاو بە زووترین کات پێداچوونەوەیەکی ورد بەم خشتە و کاتە کەمەی دابینکردنی ئاودا بکەن و ماوەکە بۆ ئاستێکی گونجاو زیاد بکەن .
بڕینی زێدەڕۆییەکان بۆ زیاتر بوونی بڕی ئاوی تۆرەکان پێویستە لیژنەیەکی تایبەت و بەهێز پێکهێنرێت بۆ ئەوەی بێ هیچ جیاوازیەک هەموو ئەو ئاوە زێدەڕۆیانەی کە بە سەرپێچیی و ناڕەوا خراونەتە سەر تۆڕی سەرەکیی ئاو ببڕدرێن .
ڕێکخستنی خشتەی گەڕەکەکان بە شێوازێک کە ڕۆژانە کاتژمێرو نیوێک ئاو بە هاووڵاتیان بدرێت تا بتوانن لەو کاتە کەمەی بۆیان دابین دەکرێت زۆرترین سوود بۆ پێداویستییە سەرەتایی و فێنککەرەوەکان وەربگرن .
