
فەرەیدوون سامان
لەو ڕۆژانەی ڕابردوو لەسەر کێشەی یەک واو یان دوو واو، لەسەر کتێبێکی خوێندنی کوردی لە کەناڵەکانی سۆشیالمیدیا، لەلایەن هاووڵاتیان و ڕۆشنبیران، تەنانەت زمانناسانەوە ڕەخنەیەک زۆر گیرا، کە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە چاپ و بڵاوکرابوویەوە، بەڵام ئایا کێشەی زمانی کوردی لە هەرێمی کوردستاندا هەر تەنها کێشەی یەک واو و دوو واوە، یان کێشەکان زۆر لەوە قوڵترن، بۆ نموونە ئایا پشتکردنە زمانی پێوەر و ستاندارد و خوێندن بە هەردوو زاری بادینی و سۆرانی لەو هەرێمەدا کێشە نییە؟ ئایا نەبوونی ئەکادیمیایەکی زمانی کوردی کە تایبەت بێت بە چەتری کۆوەکردنی هەرچی شارەزا و پسپۆری زمانی کوردییە بە هەموو زار و بنزارە کوردییەکانەوە کێشە نییە؟
داخۆ بۆ سەلماندنی ناسنامەی نەتەوەیەک بوونی یەک زمانی ستاندارد بەسە، یان جووتستانداردی باشە(کە لەواقیعدا بوونی هەیە) و لە غیابی زمانی ستاندارد، زارەکان ڕۆڵی زمانی ستاندارد دەگێڕن هەروەک ئەزموونی زاری کورمانجی ژووروو بۆ کوردانی ڕۆژاوا و زاری کورمانجی ژێری- سۆرانی باشووری کوردستان لەبەرچاوە.
زمانی کوردی ساڵانێکە لەسەر خاکی نیشتمانی خۆیدا بە جۆرەها شێوازی ڕەگەزپەرستانە دژایەتی دەکرێت، جاڕێک بە ناوی جیاوازی ئایین و ئایینزاوە و جارێکی تریش بەناوی حاشاکردن لە ناسنامەی نەتەوەیەک، نکۆڵی لە بوونی دەکرێت و بە پلان و بەرنامەی تایبەت ڕووبەڕووی جینۆسایدی کولتووری دەبێتەوە.
زمانى كوردى له نێوان ئهم زار و بنزار و دەڤۆکانە، ئهو ناوچه و ئهم دەڤەرە. ههم پێدانى پایهیهكى بهرزتر دەبێت به زمانى كوردى، به تایبهت له ههلومەرجێکدا کە ههڕهشهكان نهك ههر لهسهر زمانن، بهڵكو كۆمهڵگه و نهتهوهكهمانى خستۆته ترس و دڵهڕاوكێیهكى نائومێدهوه، جا چی زمان به خانهی ههستیی بزانین یان به ئامرازی پێوهندیی نێوان مرۆڤهکان، چی به دیاردهیهکی مێژوویی دابنێین، یان وهکو سیستەمێک له نیشانهکان بیبینین و به شێوهیهکی ههنووکهیی سهیری بکهین، ناتوانین خۆمان لهو ڕاستییه ڕەهایە بشارینهوه که زمان و هزری مرۆڤ به شێوهیهکی ڕاستهوخۆ گرێدراوی یهکدین، به واتایهکی دی، زمان ئامرازی هزرکردنه و هزریش بنهمای زمانه.
بهم پێیه گهرچی ئێستاکه زمانی کوردی له خهمی مهرگ ڕهخساوه، بهڵام سهرلێشیواوی و فرهمهرجهعیی و پاشاگهردانییهکی له ڕادەبهدهری پێوه دیاره، ئهم دۆخه قهیراناوییه بووه به ئاوێنهی باڵانوێنی ژیانی ئاخێوهرهکانی، ههروهها بیر بهرههم هێنراوهکهشی.
دواڕۆژی زمانی کوردی بەم ھەموو زارەکانەوە، بەتایبەتیش ھەردوو زاری کرمانجی ژووروو و کرمانجی ژێری، ئەگەر لە داھاتوویەکی نزیکدا کاری جددی و دڵسۆزانەی بۆ بە یەکگرتووکردنی بۆ نەکرێت و لەسەر ئاستی کەسانی شارەزاو پسپۆر و دوور لە دەمارگیری ناوچەگەریی چی دەبێت و بە کوێ دەگات؟
دیاردەی دوو زمانی، یان فرە زمانی
زمانەکان پایەی سەرەکی میراتی مرۆڤایەتین، نوێنەرایەتی ناسنامەی مرۆڤ دەکەن و ئامرازێکی پێویستن بۆ دامەزراندنی پەیوەندی نێوان مرۆڤەکان، زمانناسان پێیان وایە زمان بنەمای بیرکردنەوە و دەربڕینی جەوهەری مرۆڤە، زمان وەک ئامرازێک بۆ دەرخستنی جیهان دەزانن و پێیان وایە کە گوزارشت لە ئاوەزی ئاڵۆز و ناسنامەی مرۆڤ دەکات، لە ڕاستیدا زمان یەکێکە لەو توانایانەی کە جۆری مرۆڤ لە بوونەوەرەکانی دیکە جیا دەکاتەوە و پەیوەندی بە تایبەتمەندییەکانی وەک زانین و ژیری و کۆمەڵایەتی و ناسنامەی کولتووری مرۆڤەوە هەیە.
دوو زمانی دیاردەیەکی باوە لە جیهانی ئەمڕۆدا لەناو گەلاندا و لە زۆر شوێنی جیهاندا بەدی دەکرێت، بەشێک بووە لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵک لە زۆرێک لە کولتوور و کۆمەڵگەکاندا، دوو زمانەکان ئەو کەسانەن کە توانای پەیوەندی کردنیان هەیە بە دوو زمان یان زیاتر، لەم نووسینەدا هەوڵ دەدرێت پەیوەندی نێوان دوو زمانی مرۆڤ و لێهاتوویی مەعریفی، لەوانەش ژیری و تێگەیشتن و داهێنان ڕوون بکرێتەوە، لەسەر بنەمای ئەنجامەکانی ئەم توێژینەوەیانە، وەڵامی ئەو پرسیارە دەدرێتەوە: "ئایا دوو زمانی کارامەییەکانی وەک ژیری، تێگەیشتن و داهێنان زیاد دەکات؟"
مرۆڤ سیستەمێکی کۆدکراو بەکار دەهێنێت کە پێی دەگوترێت "زمان" بۆ گەیاندنی چەمکە مەبەستدارەکانی بە کەسانی دیکە و پەیوەندی کردن لەگەڵ کەسانی دیکە و بە ئاسانی باس لە ڕووداو و خەون و ئارەزوو و هەستەکانی دەکات (ئۆرتێگا، ٢٠٠٩: ١). بە کەڵک وەرگرتن لە زمان، دەخوێننەوە و دەنووسن؛ بە دەستهێنانی زانیاری و گواستنەوەی بۆ کەسانی تر.
دوو زمانی دیاردەیەکە کە هەرچەندە مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە، بەڵام ڕەوتی گەشەسەندنی لە سەدەی ڕابردوودا وای کردووە کە ببێتە یەکێک لە ئاڵنگارییە سەرەکییەکانی سیاسەتی پەروەردەیی وڵاتان، زۆر کەس لە جیهاندا دوو زمانە یان فرە زمانن و جگە لە فێربوونی زمانی زگماکی و ناوخۆیی خۆیان، ناچارن زمانی فەرمی وڵاتەکەیان یان زمانێکی نێونەتەوەیی فێربن.
پرسی جیهانگیریی، پێویستیی ئەم دیاردەیەی زیاتر کردووە. ئەوەندە کە زۆرجار خۆیان بە پێویستی فێربوونی زمانی زیاتر دەزانن بۆ ئەوەی بتوانن لە پەیوەندی کردن و خوێندن و بازرگانی و ژیانێکی باشتردا سەرکەوتوو بن.
کاتێک منداڵ لەدایک دەبێت هەوڵی پەیوەندی کردن دەدات، سەرەتا بە پشتبەستن بە ژینگەی ژیانی فێری زمانێک دەبێت کە زمانی زگماکی خۆیەتی. هەروەها ڕەنگە لە تافی منداڵیدا یان لە تەمەنی گەورەییدا بە هۆی هەلومەرج و پێداویستییە کۆمەڵایەتییەکانەوە زمان یان زمانێکی دیکە فێربێت و دیاردەی "دوو زمانی" بەم شێوەیە ڕوودەدات.
پێناسەکردنی دوو زمانی، لە یەکەم نیگادا، ئاسان دەردەکەوێت، بەڵام کاتێک هەوڵ دەدەین بگەینە پێناسەیەکی هەمەلایەنە و بێلایەن کە هەموو ڕەهەند و ئاستەکانی لەخۆ بگرێت و سنوور و سنوورەکانی دیار بکات، تێدەگەین کە ئەمە ئاسان نییە و کێشەی تایبەتی خۆی هەیە.
پێناسەکانی دوو زمانی کە دراون لە چڕی و لاوازی و ئاستی دوو زمانەوانیدا جیاوازن و پێیان دەگوترێت "جیاواز". بۆ نموونە بەپێی فەرهەنگی وێبستەر (١٩٦١)، کەسێکی دوو زمانە، کەسێکە کە بتوانێت بە دوو زمان بە شێوەیەکی ڕەوان قسە بکات، وەک قسەکەرێکی ڕەسەن، بەپێی ئەم پێناسەیە دوو زمانی یەکسانە بە توانای قسەکردن بە دوو زمان بە شێوەیەکی ڕەوان و تەواو.
دیاردەی دوو زمانی یان فرە زمان لەناو کۆمەڵگەی کوردستاندا بە زەقی بەدی دەکرێت، لەبەر ئەوەی کۆمەڵگەی کوردستانیش وەک هەموو کۆمەڵگەکانی تری سەر زەوی، فرە ئیتنیک و فرە پێکهاتەی نەتەوەیی و کەلتوورییە، بۆنموونە کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئیراندا زمانی دووەمیان فارسییە، کە زمانی فەرمی دەوڵەتە، هاوکات دەبینین ئەو ناوچە کوردییانەی کە تێکەڵەیەکن لە تورکی ئازەری لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوا، هەروەها ئەو کوردانەی خۆراسان فرەزمانن بە حوکمی تێکەڵبوونیان لەگەڵ گەلانی فارس و تورکە مەغۆڵەکان، تەنانەت لە هەندێ ناوچەی ئوستانی خوزستانیش ژمارەیەکی زۆر کورد عەرەبی زانن، ئەم دیاردەیە لە باکووری کوردستان و تورکیاشدا بە ئاشکرا بەدی دەکرێت، تەنانەت لە ناوەندی شارە گەورەکاندا زۆرجار زمانی تورکی زمانی یەکەمە و زمانی کوردی بۆتە زمانی دووەم، لە باشوور و ڕۆژاوای کوردستاندا دەبینین چونکە زمانی فەرمی دەوڵەتی عیراق و سوریا عەرەبی بووە، هەر بۆیەش زۆر بەدەگمەن کورد هەیە جگە لە زمانی دایکی کە زمانی کوردییە، زمانی دووەم نەزانێت کە زمانی عەرەبییە. کەواتە پەیوەندی نێوان توانا مەعریفیەکان و دوو زمانی یەکێک بووە لە بابەتە سەرنجڕاکێش و مشتومڕاوییەکانی دوو زمانی و بیروباوەڕی پسپۆڕان و تەنانەت ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوە لەم بوارەدا جیاوازن.