مامۆستاوتێکۆشەری سیاسی عەبدولئەحەد شابۆ(۱۹۳۷-۲۰۱٤)

 ئامادەکردنی:مەغدید حاجی

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

 ٭ لە جیاتی پێشەکی:

 دوو  لە تایبەتمەندییە جوانەکانی عنکاوا، ئەوەیە لە سەدەی بیستەمدا زۆر مامۆستای دڵسۆزو سستەری میهرەبانی بە پارێزگای هەولێر بەخشیوە، هەموومان قەرزاریانین..کەم قوتابخانە هەبوو لە سەنتەری هەولێرو لە شارۆچکەو هەندێ لە گوندەکانیش یەک دوو مامۆستای کریستیانی عنکاوای لێنەبێت..

  دووەم تایبەتمەندیش ئەوەیە هەرزوو بیروباوەڕی شیوعییەت لە عنکاوا بڵاوبۆتەوەو قبوولکراوبووە، چونکە حیزبی شیوعی حزبێکی چینایەتی و نیشتمانی و نێونەتەوەییە ،جیاوازی لە نێوان ئاینەکان و نەتەوەکان ناکات و بەرگری لە مافی ڕەوای هەموان کردووەو دەکات.. بێگومان تایبەتمەندی دیکەی جوانیشی هەیە کە کراوەن، حەز لە ڕۆشنبری دەکەن..هتد

 ٭ کورتەیەک لە ژیانی مامۆستا عەبدولئەحەد شابۆ:

 ــ ناوی تەواوی: عەبدولئەحەد شابۆ حەننا حکیم.

 ــ ساڵی۱۹۳۷ لە عنکاوا لە دایک بووە.

 ــ  لە ساڵی ۱۹٤٤ چۆتە بەرخوێندن و قۆناغی  سەرەتایی لە قوتابخانەی عنکاوای سەرەتایی کوڕان تەواوکردووە.

 ــ ناوەندی لە شاری هەولێر خوێندووە.

 ــ خانەی مامۆستایانی لە بەعقوبە (پارێزگای دیالە) تەواوکردووە.

 ــ لە ساڵی۱۹٥۹ بۆ یەکەمجار بە مامۆستا لە گوندی زیارەتی خۆشناوەتی دامەزراوە.

 ــ ماوەی(۲۷) ساڵ وەکو مامۆستا خزمەتی پرۆسەی پەروەردەو خوێندنی لە قوتابخانەکانی گوندەکان و ناوشار کردووە.

 ــ لە ساڵی۱۹۸٦ لەسەر داوای خۆی خانەنشین کراوە.

 ٭ کورتەیەک لە ژیانی سیاسی:

ــ لە کاتی قوتابێتی پەیوەندی خەباتگێڕانەی بە یەکێتی گشتی قوتابیان کردووە.

ــ پێش ئەوەی خانەی مامۆستایان تەواوبکات چۆتە ڕیزەکانی حیزبی شیوعی عیراق. سەرەتا لە ڕێکخراوی عنکاوا دەستی بە خەباتی سیاسی کردووە.

 ــ کە وەکو مامۆستا لە زیارەت دامەزراوە، نەقلی حیزبی چۆتە کۆیە تاکو لەگەل هاوڕێیاندا بەشداربێت لە خەباتی حیزبی و جەمەوەری.

 ــ بە هۆی چالاکی حیزبی و جەماوەری لە۱۹٦۲ گیراوە ، لە زیندانەکانی هەولێرو کەرکوک و بەغداو کوت چوارساڵی ژیانی بەسەربردووە.. هەروەها ماوەی دوو ساڵی بە دوورخراوەیی لە ڕمادی پارێزگای ئەنبار بەسەربردووە.

 ــ لە ساڵی۱۹٦۹  گەڕاوەتەوە بۆ پارێزگای هەولێر..

 ــ لە هەموو بارودۆخێکدا بەردەوام بووە لەسەر چالاکی و حیزبی و جەماوەری .. لە لای هاوڕێ و دۆستانی لە عنکاوا خۆشەویست بووە.

 ٭ مامۆستا عەبدولئەحەد لە ساڵی ۱۹٦۸ پرۆسەی هاوسەرگیری لەگەل مامۆستا شوکریە عیسا ئەنجامداوە. سێ کوڕو کچێکیان بووە، تەمەن درێژ بن:

 ــ فەرهاد، ۱۹٦۹، پزیشک، لە ئەڵمانیا دەژیت.

 ــ شێرزاد،۱۹۷۰، پزیشک، لە هەولێر دەژیت.

 ــ شیرین،۱۹۷۲ ،دەرمانساز، لە ئەڵمانیا دەژیت.

 ــ سروود ،۱۹۸۰پزیشکی ددان لە هەولێر دەژیت.

 بەداخەوە مامۆستا عەبدولئەحەد  لە ڕێکەوتی۱۰-۷-۲۰۱٤ لە هەولێر لە ئەنجامی نەخۆشی گورچیلە دڵە گەورەکەی  لە لێدان وەستاو کۆچی دوایی کردو لە عنکاوا بە خاک سپێردرا.. یادی بەخێر و هەزاران دروود بۆ گیانی پاکی.

 ٭ تێبینی: سوپاسی مامۆستا ئەکرەم کلیانا دەکەم کە ژیاننامەی مامۆستای بە زمانی عەرەبی بۆ ناردم، هەروا وەڵامی پرسیارەکانی دەدامەوە، بۆ تەواوکردنی ژیاننامەکە.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە