مامۆستای نیشتمانپەروەرو ڕۆژنامەنووس خەلیل مستەفا(ابو مستەفا)1939- 2009
ئامادەکردنی:مەغدید حاجی
٭ لە جیاتی پێشەکی:
ــ مامۆستا خەلیل مەهدی پەروەردەکارێکی دڵسۆزو ڕۆژنامەنووسێکی بە تواناو تێکۆشەرێکی نیشتمانپەروەری خاوەن بیروباوەڕ بوو.
ئەبو مستەفا هەموو تەمەنی لاوی و جوانی و جوامێری وەکو قوتابییەکی خوێن گەرمی یاخی ، مامۆستایەکی خاوەن پەیام ، زیندانی سیاسی ستەملێکراو و تێکۆشەرێکی کۆڵنەدەر بردۆتەسەر. لە دە پانزە ساڵی کۆتایی تەمەنیشیدا وەکو ڕۆژنامەنووسێکی کارا لە (ڕێگای کوردستان)چاپی عەرەبی کاری دەکردو دەتوانم بڵێم وەکو عاشقێکی دڵسۆز کاری ڕۆژنامەنووسی و ڕۆژنامەکەشی خۆشدەویست و پارێزگاری لێدەکردو وەکو بڕبڕەی پشتی ڕۆژنامەکە وابوو!!
ئەبو مستەفا نموونەی مرۆڤی پاک و ڕاستگۆ، دڵسۆزو دەستپاک، ڕۆشنبیرو نێونەتەوەیی، دۆستی دڵسۆزی مەسەلەی کوردو گەلی کوردستان بوو بە هەموو پێکهاتەکانی.
٭ کورتەیەک لە ژیانی ئەبو مستەفا:
ــ ناوی تەواوی: خەلیل مستەفا مەهدی ساڵح.. ناسراو بە (ابو مستەفا)
ــ لە ساڵی1939 لە شاری بەعقوبە لە دایک بووە.
ــ لە ساڵی1944 لە قوتابخانەی بەعقوبەی ئولای کوڕان چۆتە بەر خوێندن و لە ساڵی 1950 قۆناغی سەرەتایی تەواو کردووە.
ــ لە ساڵی 1953 لە دواناوەندی بەعقوبە قۆناغی ناوەندی تەواوکردووە. لە دوای تەواوکردنی ناوەندی لە بەشی زانستی هەمان دواناوەندی بەعقوبە وەرگیراوەو دەستی بە خوێندن کردووە، بەڵام بە هۆکاری سیاسی لە1-1-1955 لە قوتابخانە دەرکراوە دوایی گیراوە تاکو ساڵی1957 .. لە دوای ئازادکردنی خوێندنی ئامادەیی تەواو کردووە.
ــ لە دوای شۆڕشی چواردەی تەمموز خولی هاوینەی مامۆستایانی تەواوکردووەو بە مامۆستای سەرەتایی دامەزراوەو بۆ یەکەمجار لە قوتابخانەی نەفتخانە لە خانەقین، لە ڕێکەوتی 26-11-1958 دەستبەکار بووە، تاکو ڕێکەوتی30-6-1959 لەم قوتابخانەیە ماوەتەوە .
ــ دووەم قوتابخانەی ، ئەلنەهزە بووە کە لە سەرەتای ساڵی خوێندنی(1959-1960) تاکو 9-2-1963 دەوامی تێدا کردووە ،بەڵام دوای کودەتای هەشتی شوباتی1963 گیراوە،فەسڵکراوە،تاکو 1-10-1968 ئینجا گەڕاوەتەوە بۆ پیشەی مامۆستایی و گوازراوەتەوە بۆ شاری سلێمانی و لە قوتابخانەی ئەلوەتەن دانراوە ، دوای بەیانامەی11 ی ئاداری 1970 ناوی قوتابخانەکە گۆڕاوە بۆ حەمدی.
ــ لە سەرەتای تشرینی یەکەمی1978 گوازراوەتەوە بۆ شاری هەولێر و لە قوتابخانەی (البکر)دەستبەکابووە، دوایی گوازراوەتەوە بۆ قوتابخانەی (الاخوە)و(الوحدە)و لە پاشان گەڕاوەتەوە بۆ قوتابخانەی (البکر) و لەوێ بەردەوام بووە لە وانە وتنەوە تاکو لە ساڵی1986 لەسەر داوای خۆی خانەنشینکراوە.
٭ کورتەیەک لە ژیانی سیاسی:
ــ مامۆستا خەلیل هەر لە تەمەنی زووی لاوییەوە ،کە قوتابی قۆناغی ناوەندی بووە کەوتۆتە ژێر کاریگەریی بیرو باوەڕی دیموکراسی و مارکسی..دواتر پەیوەندی بە یەکێتی گشتی قوتابیان و حیزبی شیوعی عیراق کردووە.
ــ بە هۆی چالاکی جەماوەری و سیاسی لە1-1-1955 گیراوە تاکو17-10-1957 .
ــ دووەم جاریش لە دوای کودەتای بەعسییە فاشستەکان لە 21-4-1963 دەستگیرکراوە بۆ ماوەی سێ ساڵ ونیو لە زیندانەکانی فاشست و دیکتاتۆرەکانی بەغدا ماوەتەوە. لە ساڵی1968 گەڕێنراوەتەوە بۆ پیشەی مامۆستایی.
ــ وەکو ئەندام و چالاکوانێکی پیشەییش لە سەندیکای مامۆستایان لە خانەقین و بەعقوبە کاری کردووە، لە سێ خولی هەڵبژاردنەکانی مامۆستایاندا پاڵێوراوی لیستی پیشەیی بوو، لەدوا هەڵبژاردن بەشداری تێداکرد لە کۆتایی ساڵی1962 و سەرەتای1963 بەرپرسی لیستی پیشەیی بوو لە پارێزگای دیالە.
٭ ئەبو مستەفای نووسەرو ڕۆژنامەنووس:
ــ ئەبو مستەفا سەرەتا خوێنەرێکی چاک بوو، تەنانەت کە لە زیندانی نوگرەسەلمان بووە هەموو کتێبە ئەدەبی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی کتێبخانەی زیندانی خوێندۆتەوە.
ــ کە قوتابی قۆناغی دواناوەندی بووە بە چیڕۆک نووسین دەستی بە نووسین کردووە. هەندێ لە چیڕۆکەکانیشی لە ڕۆژنامەکان بڵاوکردۆتەوە.
ــ لە دوای ڕاپەڕین کە دەرفەتێکی باش ڕەخساوە بۆ ئازادی ڕۆژنامەنووسی ،هاوڕێیانی حیزبی شیوعی پەیوەندیان لە گەلیدا نوێ کردۆتەوە و داوایان لێی کردووە لە دەرچواندنی ڕێگای کوردستان چاپی عەرەبی هاوکارییان بکات. ئەویش بێ دوو دڵی دەستی بە کاری ڕۆژنامەنووسی کردەوە هەر لە ساڵی1993 تاکو نەخۆشکەوتنی لە هاوینی ساڵی2009 ڕۆژنامەنووسی سەرەکی بوو لە ڕۆژنامەکەو بەو پەڕی دڵسۆزی و لە خۆ بوردوویی خزمەتی ڕۆژنامەکەی دە کردو دەتوانم بڵێم (عەموودی فەقەڕی) ڕێگای کوردستان چاپی عەرەبی بوو.. ژمارەیەک لە ڕۆژنامەنووسی دڵسۆزیش هاوکاری بوون.
٭ باری کۆمەڵایەتی:
مامۆستا خەلیل لە ڕێکەوتی1-7-1970 لە شاری سلێمانی هاوسەرگیری لەگەل خاتوو(فاتیمە عەلی مەعروف شەقڵاوەیی) کردووە.
سێ کوڕو دوو کچیان بووە بە ناوەکانی:
1- مستەفا ،1971 ( تەمەن درێژ بێت).
2- هەڤاڵ،1974( بە داخەوە ساڵی 2020 کۆچی دوایی کرد).
3-هشام، 1980( تەمەن درێژ بێت).
4-بەناز،1984(تەمەن درێژ بێت).
5- ندی،1992(تەمەن درێژ بێت)
٭ هاوڕێمان ئەبو مستەفا لە ئەنجامی نەخۆشی لە ڕێکەوتی20-9-2009 لە شاری هەولێر کۆچی دوایی کردو لە گۆڕستانی شێخ ئەحمەد بە خاک سپێردرا.
ــ دایکی مستەفاش لە ساڵی2019 کۆچی دوایی کرد.. یادیان بەخێرو هەزاران دروود بۆ گیانی پاکیان.
سەرچاوە:
ژیاننامەی ئەبو مستەفا بە پێنووسی خۆی، لە ڕێکەوتی21-8-2005 تایبەت بۆ ئێمەی نووسیوە.
ــ کاک مستەفای کوڕی وەڵامی چەند پرسیارێکی داومەتەوە، سوپاسی دەکەم.