مامۆستا موحسین عەبدوڵلا
ئامادەکردنی: مەغدید حاجی
٭ لە جیاتی پێشەکی:
ــ من خۆم نزیکەی دە ساڵ لەگەل بەڕێز مامۆستا موحسین لە ئامادەیی ڕزگاری مامۆستا بووین، ئەو مامۆستای زمانی ئینگلیزی و ئێمەش مامۆستای مێژوو.
لە نزیکەوە ئەو مامۆستا دڵسۆزو بە تواناو قسەخۆشەم ناسی. هەڵگری بیروباوەڕی چەپی شۆڕشگیڕە. ڕۆشنبیرو خوێنەری نمرە یەکە..
لەم دواییە هەر مانگێک دەبێت و نابێت، زەنگی تەلەفۆنەکەی لێدرا ، دوای چاک و چۆنی ، ووتی مەغدید یەک شتم لێت دەوێت، ووتم فەرموو مامۆستا ئەمرکە، ووتی وێنەیەکی گیڤارام دەوێ!! وێنەیەکی بچووکیش نا، گەورەو جوان بێت لە ماڵ هەڵی دەواسم. ووتم بەسەر چاو. هەر دوو هەفتەی پێچوو داواکارییەکەم جێبەجێکردو کە لەگەل مامۆستا سەرهەنگ سەردانمان کرد وێنەکەمان بە دیاری پێشکەشکردو زۆر خۆشحاڵ بوو.
٭ دوو لە قوتابییەکانی لە کۆمێنتدا لەبارەی مامۆستا موحسین نووسیویانەو دەڵێن:" ڕێزو خۆشەویستی زۆرم بۆ مامۆستای دڵسۆزم مامۆستا موحسن هەیە، بەڕاستی وێنەی مامۆستای دڵسۆزو بە ئەمەک بوو،لە قوتابخانەی ڕزگاری مامۆستام بووە. داوای لەشساغی و تەمەندرێژی بۆ ئەکەم".
ــ خالید سولەیمان ــ
" مامۆستا موحسن نموونەی مرۆڤ و نموونەی مامۆستاو نموونەی شۆڕشگێڕو یاخی و براوبابی قوتابیان بوو.
لە هەشتاکان بە بەڕێوەبەری قوتابخانەکەی گوتبوو: ئەگەر زۆرم لێبکەن ببمەجەیشی شەعبی ، قوتابخانەو مامۆستایی بە جێدێلم وئامادەم بچم لە ناو بازاڕ پێڵاو بۆیاخ بکەم و خۆم و خێزانەکەم بژێنم!!
مامۆستا موحسن پڕە لە شکۆو شانازی"..
ــ فوئاد ڕەحیم ـــ
٭ کورتەیەک لە ژیانی مامۆستا موحسین:
ــ ناوی تەواوی: موحسین عەبدوڵلا مەولود.
ــ لە ساڵی1937 لە شاری هەولێر لە دایکبووە.
ــ خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی ئەربیل ئولا تەواوکردووە.
ــ ناوەندی و دواناوەندیشی لە قوتابخانەی دواناوەندی هەولێر تەواوکردووە.
ــ قۆناغی زانکۆی لە بەشی زمانی ئینگلیزی لە کۆلیجی پەروەردەی زانکۆی بەغدا تەواوکردووە.
ــ لە ساڵی خوێندنی1967-1968 بە مامۆستای زمانی ئینگلیزی لە ناوەندی ئیسکان لە شاری هەولێر دامەزراوە .
ــ لە دوای ناوەندی ئیسکان بۆ ئامادەیی ڕزگاری گوازراوەتەوە. بە یەکێک لە دامەزرێنەرانی ئامادەیی ڕزگاری کوڕان دادەنرێت لە هەولێرو ماوەی زیاتر لە 30 ساڵ وانەی ئینگلیزی تێدا گوتۆتەوە. تاکو لە ساڵی2006 بەگوێرەی تەمەن خانەنشینکراوە.
٭ مامۆستا موحسین لە شەستەکانەوە کە قوتابی قۆناغی دواناوەندی بووە ئاشنایەتی لەگەل بیروباوەڕی شیوعیەت پەیدا کردووە، بۆتە ئەندامی حیزبی شیوعی، بەڵام دوای چەند ساڵێکی کەم پەیوەندی بە ڕێکخستن و حزبایەتی نەماوە،چونکە ڕەخنەی دەگرت، بیروڕای جیاوازی هەبووە، بەڵام تاکو ئێستا لەسەر بیروباوەڕی چەپ ماوەتەوەو بەردەوامیش کتێبی باش دەخوێنیتەوە.
٭ مامۆستا موحسین لە سەرەتای ساڵانی حەفتاکان هاوسەرگیری لەگەل خاتوو ڕوژیدە تەڵعەت ئەحمەد نەجاڕ کردووە. پێنج منداڵیان هەیە؛( ئاڤان، ئاران، جوان، کارزان، کاروان) هەموو تەمەن درێژ بن لەگەل مامۆستا موحسینی بەڕێزو خۆشەویست.