لە مامۆستا تێکۆشەرەکانی کوردستان

 عەبدولفەتاح  بۆتانی

 ئامادەکردنی : مەغدید حاجی

 بەشی یەکەم

 وتەی بەرایی :

 پ.د. عەبدولفەتاح عەلی یەحیا بۆتانی سەر به بنەماڵەیەکی ئاینی زانستخوازی کوردپەروەری پێشکەوتنخوازە.

 چاودێر لە بواری ڕۆشنبیری لە  کوردستاندا، بە تایبەتی ئەگەر چاودێرەکە سەر بە توێژی مێژوودۆست یان مێژوونووسان بێت، چاو بە کاروانی ژیانی ئەم مرۆڤە مێژوو نووسە دا بخشێنێت بۆی دەردەکەوێت کە ئەم کەسایەتییە مێژوونووسە زانستخوازە، لە ماوەی نیو سەدەی ڕابردوودا و تاکو ئێستا ، جێ دەست و پەنجەی لە بواری خزمەتکردنی مێژووی کوردستان و عێراقی هاوچەرخدا دیارەو ماوە ماوە کتێبێکی مێژوویی سوود بەخش چاپدەکات و بەردەوامیش بابەتی مێژوویی لە ڕۆژنامەو گۆڤارەکاندا بڵاوکردۆتەوە. سەرەڕای بەجێگەیاندنی ئەرکی پیرۆزی مامۆستایی و ئەکادیمی..بۆیە لە جێی خۆیەتی ئێمەش لە چوارچیوەی پڕۆژەی(مامۆستا تێکۆشەرەکانی کوردستان)دا، ژیاننامەی ئەم مامۆستا تێکۆشەره ماندوو نەناسە بڵاوبکەینەوە.

 ٭ لە بارەی مێژووی بنەماڵەی د. عەبدولفەتاح بۆتانییەوە:

 بەڕێز د. عەبدولفەتاح، بۆ بنەماڵەیەکی ئاینی دێرینی نیشتەجێی (گوندی شاخ) ی بۆتان دەگەڕێتەوە. ئەم گوندە دەکەوێتە یەک لە دۆڵاییەکانی چیای جودی ، دوایی کۆچیان کردووە بۆ شاری جزیرەی پایتەختی میرنشینی بۆتان. لەوێ (محەمەد کوڕی ئیسماعیل) ی باپیرە گەورەیان کە بە نازناوی (محەمەدی قتک) ناسراوە، وەکو زانایەکی ئاینی ، لای میرەکان کە ڕێزیان لە زاناکان ناوە، ئەرکی ئاینی و زانستی خۆی جێبەجێ کردووە. هەر لە شاری جزیرەش کۆچی دوایی کردووەو لەو گۆڕستانە بە خاک سپێردراوە کە نزیکە لە ئارامگەی شاعیری ناسراو مەلا ئەحمەدی جزیری و (مەم و زین) .

 لە ساڵی 1847، میرنشینی بۆتان لەسەر دەستی لەشکری عوسمانی ڕووخا . میر بەدرخان پاشا ( 1803 - 1869 ) بۆ دوورگەی گریت دوورخرایەوە .. لە ساڵی1878 کوڕەکانی میر بەدرخان ویستیان میرنشینەکە زیندووبکەنەوەودەسەڵات بگرنەوە دەست، بەڵام بزووتنەوەکەیان بە شێوەیەکی دڕندانە دامرکێندرایەوە. دوو لە کوڕەکانی (مەلا محەمەد) بە ناوەکانی( عەلی و میرزا) بۆ ئەوەی لەبەردەستی تورکە داگیرکەرەکان ڕزگاریان بێت، بە ڕێگای ڕووباری دیجلە بەرەو شاری موسڵ کۆچیان کرد. دوایی یەکەمیان عەلی زیاتر دوورکەوتۆتەوەو لە گوندی (هوستان)ی ناوچەی بارزان جێگیربووە، لە بنەماڵەی (عارس ئاغا) ژنی هێناوە،کە ناوی (ئاسیا ساڵح ) بوو،دوایی چۆتە گوندی بارزان و لە تەکیەی بارزان خوێندنی زانستی تەواوکردووەو   سێ ساڵ لە تەکیەی نەقشبەندی  بارزان ماوەتەوەو پەیوەندی ڕوحی لەگەل شێخەکانی نەقشبەندی دروستکردووە، لەسەر داوای شێخ ئەبوبەکر کوڕی مەلا محەمەد نەقشبەندی بە خێزانەوە چوونەتە گوندی گردەڕەش و لەوێ بۆتە ئیمام و پێشنوێژو مامۆستای مزگەوتی گوندەکە ، دەوروبەری دە ساڵ لەو گوندە ماوەتەوە. دواجار لە گوندی قادریە ی سەر ڕێگای گوێڕ ــ  هەولێر جێگیربووە، تاکو ساڵی 1900 لەوێ کۆچی دوایی کردووە.

 بەڵام میرزای برای لە شاری موسڵ ماوەتەوەو لەوێ لە بنەماڵەی ( سافیە غزال) ژنی هێناوەو لە گوندی زیناوا کۆچی دوایی کردووە.کوڕو نەوەکانی تاکو ئێستا لە موسڵ دەژین و هەر بە زمانی عەرەبی دەدوێن.

  مەلا عەلی سێ کوڕی لە پاش بەجێماوە (یەحیا و ئەحمەدو عەبدوڵلا)ن ، یەکەمیان باپیری د. عەبدولفەتاحە، زانایەکی ئاینی ناودار بووە لە دەشتی هەولێر، بۆ ماوەی جیا جیا لەم گوندانە ژیاوە:(عەوێنە، ماجیداوە،بەشیریان، پونگینەو گردەپان) . مەلا یەحیا دۆستی جوتیارە هەژارەکان بوو، لە نیسانی1953 لە ڕاپەڕینی جوتیارانی دەشتی هەولێر دژ بە دەرەبەگە چەوسێنەرەکان بەشداربووە، لەسەر ئەمە دەستبەسەرکراوەو ڕەوانەی زیندانی  موسڵ کراوە. دوایی بۆ شاری ڕمادی دوورخراوەتەوە، حکومەتیش ئەندامانی خێزانەکەی  بۆ گوندی ماجداوە دوورخستۆتەوە، لەوێڕا پەنایان بۆ گوندی گردەپانی سەر بە (ئەلعشائر ئەلسەبعەــ بەردەڕەش) لە قەزای ئاکرێ بردووە.

 مەلا یەحیا لە ساڵی 1959 کۆچی دوایی کردووەو لە گوندی گردەپان بە خاک سپێردراوە.

 کوڕی گەورەی مەلا یەحیا، (عەلی)  باوکی د. عەبدولفەتاح بۆتانی، ئیمام و وتاربێژی مزگەوتی گوندەکە بوو.

 دایکی بەڕێز عەبدولفەتاح ناوی (حەلیمە عەلی حەسەن )ە سەر بە بنەماڵەیەکی ئاینی عەشیرەتی شێروانییە و خزمایەتییان لەگەل بنەماڵەی حەمەد ئاغای مێرگەسۆری هەیە. ئارامگەی باپیرەگەورەشی لە دایکی (مەلا ئیسماعیل شێروانی )لە قەزای مێرگەسۆرە.

 بەشی دووەم

 ٭ کورتەیەک دەربارەی ژیانی پ.د. عەبدلفەتاح بۆتانی:

 ــ ناوی تەواوی : عەبدولفەتاح عەلی یەحیا عەلی بۆتانی

 ــ لە ساڵی1949

لە گوندی گردەپان ناحیەی (العشائر السبعە) سەر بە پارێزگای دهۆک لەدایک بووە. باوکی پێشنوێژو وتارخوێنی مزگەوتی گوندەکە بوو.

ــ لە ساڵی 1954 ماڵیان چۆتە شاری موسڵ ، لە گەڕەکی (نعمانیە) لە خانوێک نیشتەجێ بووینە، پێش ئەوەی بچنە موسڵ ئەم خانوەیان کڕیوە.

 ــ عەبدولفەتاح لە ساڵی خوێندنی( 1955 - 1956 ) لە قوتابخانەی (گوگجلی سەرەتایی) چۆتە بەر خوێندن.

 ــ لە ساڵی ( 1962 - 1963 ) قۆناغی سەرەتایی لە قوتابخانەی (الحریە)  تەواوکردووە.

 ــ لە ساڵی خوێندنی ( 1965 - 1966 ) قۆناغی ناوەندی خوێندنی لە ناوەندی ( الچواحی ) تەواوکردووە.

 ــ قۆناغی ئامادەیی لە ساڵی( 1967 - 1968 ) لە (ئامادەیی المستقبل) تەواوکردووە.

 ــ لە ساڵی 1972 بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە بەشی مێژوو، کۆلێژی ئادابی زانکۆی موسڵ بە پلەی نایاب بەدەستهێناوە.

 ــ لە ساڵی خوێندنی (1972 - 1973 ) دبلۆمی باڵای پیشەیی لە شێوازەکانی وانە وتنەوە  لە کۆلێژی پەروەردەی زانکۆی بەغدا بەدەستهێناوە.

 ــ یەکەم دامەزراندن و دەستبەکاربوونی  وەکو  مامۆستا لە ڕێکەوتی 26 - 11 - 1974 بوو، لە قوتابخانەی بەردەڕەش ، سەر بە پارێزگای دهۆک  تاکو تشرینی یەکەمی 1978 لەم قوتابخانە ماوەتەوەو بە ئەرکی پەروەردەو فێرکردن هەڵساوە.

 ــ ماوەی کەمتر لە ساڵێک لە قوتابخانەی (ناوەندی  الگلیعە) لە تلسقوف دەوامی کردووە. دوایی بۆ ناو شاری موسڵ گوازراوەتەوە، تاکو ساڵی 1988 لەم قوتابخانانە بە ئەرکی پەروەردەو وانە وتنەوە خەریکبووە : (  ناوه ندی علی بن ابی گالب ، ناوه ندی الخلیج العربی ، ناوه ندی النعمانیە، ئاماده یی الكندی ).

  ٭ ژیانی ئەکادیمی :

 ــ لە ساڵی 1990 بڕوانامەی ماستەری لە مێژووی نوێ و هاوچەرخ بە پلەی (نایاب) لە کۆلێژی ئادابی زانکۆی موسڵ بەدەستهێناوە.

 ــ لە ساڵی خوێندنی ( 1992 - 1993 ) وەکو مامۆستا لە پەیمانگەی مەڵبەندی مامۆستایان لە هەولێر بە ئەرکی مامۆستایی هەڵساوە.

 ــ لە ساڵی 1995 بڕوانامەی دکتۆرای لە هەمان پسپۆڕی خۆی بە پلەی (نایاب) لە زانکۆی موسڵ بەدەستهێناوە.

 ــ لە 1 - 10ــ 1995 وەکو مامۆستا لە زانکۆی دهۆک دامەزراوە.

 ــ لە ماوەی نێوان ( 1996 - 2002 ) ڕاگری کۆلێژی ئادابی زانکۆی دهۆک بوو.

 ــ لە ساڵی 2007 پلەی زانستی بۆ پڕۆفیسۆر بەرزکراوەتەوە.

 ــ لە ( 2006 تاکو 2014 ) ڕاگری مەڵبەندی دیراساتی کوردی و پاراستنی بەڵگەنامەکان بووە لە زانکۆی دهۆک.

 ــ لە ساڵی 2007 بۆتە ئەندامی کارای ئەکادیمیای کوردی.

 ــ لە 19 - 9 - 2015 کراوە بە سەرۆکی ئەکادیمیای کوردی و تاکو ئێستا بەردەوامە.

 ــ سەرپەرشتی دەیان نامەی ماستەرو دکتۆرای کردووە لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و موسڵ .

 ــ بەشداری لە دەیان کۆنفرانس و کۆنگرەی زانستی کردووە، لە هەرێمی کوردستان و عیراق و دەرەوە.

 ٭ ڕۆڵی لە بواری ڕۆژنامەنووسیدا:

 ــ عەبدولفەتاح بۆتانی هەر لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە تاکو ئێستا، بە سەدان وتارو لێکوڵینەوەی مێژوویی لە گۆڤارو ڕۆژنامە کوردی و عەرەبییەکاندا بڵاوکردۆتەوە ، زیاتر بە زمانی عەرەبی دەنووسێت.

 ــ لە ساڵی 1973 نووسەری لاپەڕەی (دیراساتی کوردی) بوو لە ڕۆژنامەی (التٱخی) کە پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا دەریدەکرد.

ــ لە ساڵی 1997 تاکو 1999 سەرنووسەری (گۆڤاری دهۆک) بوو لە شاری دهۆک.

 ــ لە ساڵی 1988 تاکو 2000 سکرتێری نووسینی گۆڤاری زانکۆی دهۆک بوو.

 ــ لە ساڵی 2015 تاکو ئێستا سەرنووسەری گۆڤاری ئەکادیمیای کوردییە لە شاری هەولێر.

 ماویەتی

 لە بەشی سێیەم و کۆتاییدا ناوی سەرچاوەکان دەنووسین.

 

 

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە