لە مامۆستا تێکۆشەرەکانی کوردستان

 عەلی عوسمان، مامۆستاو نووسەرو وەرگێڕ

 ئامادەکردنی: مەغدید حاجی

 بەشی دووەم و کۆتایی

 

 ٭ مامۆستا عەلی پسپۆڕی زمانی ئینگلیزی، تەنیا بەوە نەوەستاوە وەکو مامۆستا لە ناوەندەکانی خوێندن ئەرکی پەروەردەو وتنەوەی زمانی ئینگلیزی لە ئەستۆبگرێت، بەڵکو بەو پێیەی لە زمانی ئینگلیزی سەرکەوتوو شارەزایە،هەروەها لە زمانی شیرینی کوردی، بۆیە دەستی بە وەرگێڕان کردووە، سەرەڕای نووسین لە بواری ئەدەبی شانۆیی و ڕۆمان. لەم بارەیەوە خۆی بۆی نووسیوم و دەڵێ : " هەڵبەت ئەدەب، بە تایبەتیش وەرگێڕانی ئەدەبی، بۆ من باشترین بوار بوو تیایدا بتوانم شانبەشانی گواستنەوەی ئەزموونی نووسەرە بیانییەکان لە بواری شانۆو ڕۆماندا بۆ خوێنەری کورد هەوڵی پێشخستنی زمانی شیرینی کوردی بدەم. بۆیە لە دوای 1980 وە دەستم بە کاری وەرگێڕان کرد لە زمانی ئینگلیزییەوە. سەرەتا بە وەرگێڕانی چیڕۆکی کورت دەستم پێکرد لە گۆڤارەکانی ئەو سەردەمە.دوای ئەمە خەریکی وەرگێڕانی بەرهەمە ئەدەبییەکان بووم لە شانۆنامەو ڕۆمان لە زمانی ئینگلیزی و هەروەها لە سوێدییەوە بەو پێیەی لە 2001 ەوە نیشتەجێی وڵاتی سوێدم.تا ئێستاش هەر بەردەوامم" .

 ٭  مامۆستا عەلی عوسمان (22) شانۆنامەو ڕۆمانی لە ئینگلیزی و سوێدی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی. یەکەمینیان: یۆلیەس قەیسەر، شانۆنامەیەکی شەکسپیرە لە ساڵی1986 وەریگێڕاوەو چاپی کردووە.

 دواهەمینیش، بێگومان نابێتە دواهەمین، ڕۆمانی(خواوەندەکان تینوون) ئەناتۆلی فرانس ــ پڕۆژەی زنجیرەی  نۆبل، دەزگای سەردەم،2023

 ٭ ئەو کتێبانەش کە خۆی بە زمانی کوردی نووسیونی و چاپی کردوون، بریتین لە:

 1- کۆدی داڤنشی و جوڕئەتی نووسین 2007

 2- ئەکتەرو دروستکردنی ڕۆڵ و سایکۆلۆژیای نواندن : 10 لێکۆلینەوە دەربارەی ئەکتەرو بینەرو ڕەهەندەکانی نمایشی شانۆ 2014

 3- سایکۆلۆژیای کاراکتەر و توانا شاراوەییەکانی نواندن لە شانۆنامەی بە تووڕەیی ئاوڕێک لە ڕابردوو بدەرەوە (لێکۆلینەوەی شانۆیی)2015

 4- ڕۆمان: ژانری تەکنیکە جوانەکان و بابەتە فرە ڕەهەندەکان،بەرگی یەکەم 2019(لێکۆلینەوە)

 5- ڕۆمان: ژانری تەکنیکە جوانەکان و بابەتە فرە ڕەهەندەکان، بەرگی دووەم 2021(لێکۆلینەوە)

 6- تێگەیشتن لە ڕۆمان: گفتوگۆ لەگەل شاخەوان سدیق دەربارەی پرسە ئاڵۆزو تەکنیکە جیاوازەکانی ڕۆمان 2020

 ئەمەو جگە لەو پڕۆژانەی ئێستا مامۆستا عەلی کاریان لەسەر دەکات و ئامادەیان دەکات بۆ چاپ.

 ٭ لە بواری خەباتی سیاسیدا:

 مامۆستا عەلی عوسمان هەر لە کۆتایی شەستەکانی سەدەی ڕابردووەوە تاکوسەرەتاکانی حەفتاکان لە ڕیزی یەکێتی قوتابیانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان خەباتی کردووە. لە دوای دامەزراندنی یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش لە ڕیزەکانی یەکێتی خەباتی کردووە.

 مامۆستا عەلی دەڵێ: " پاشان وازم لە کاری حزبی هێناو زیاتر خەریکی بابەتە ڕۆشنبیرییەکان بووم. بەهۆی خوێندنەوەی کتێبەکانی تایبەت بە بیروباوەڕی مارکسییەوە و نزیکبوونەوەم لە کۆمەڵێ هاوڕێی سەر بە حزبی شیوعییەوە، کەوتمە ژێر کاریگەرێتی بیری چەپ.ئەمەش وایکرد زیاتر متووی خوێندنەوەی کتێبە سیاسییەکان بم لە پاڵ خوێندنەوەی کتێبە ئەدەبییەکان لە ڕۆمان و شانۆنامەو لێکۆلینە ئەدەبییەکان" .

 ٭ لە بارەی ژیانی کۆمەڵایەتییەوە:

 مامۆستا عەلی عوسمان لە ساڵی 1982 هاوسەرگیری لەگەل مامۆستا مژدە جەلال عومەر کردووەو خاوەنی سێ کوڕن(تەمەن درێژ بن):

 1-ڕێبین،قۆناغی ئامادەیی لە سوێد تەواوکردوەو خەریکی کاری سەربەخۆیە.

 2- بەڵێن، خوێندکاری زانکۆیە لە بواری پزیشکی و لە هەمان کاتدا خەریکی کاری تایبەت بەم بوارەیە.

 3- بڵند، خوێندکاری زانکۆیە لە بواری پەروەردەو خەریکی کاری سەربەخۆیە.

 ٭ مامۆستا عەلی لە ساڵی2001 ەوە  دەرفەتێکی بۆ ڕەخساو گەیشتە وڵاتی سوێد، ئێستا بە خۆی و ئەندامانی خێزانەکەی لەوێ نیشتەجێن.

 ٭ مامۆستا لە ساڵی 2013 وەکو مامۆستا خانەنشین کراوە. لە سوێد زیاتر خەریکی کاری نووسین و وەرگێڕانە.

 هیوای هەمیشە تەندروستی باش و داهێنانی بەردەوام و تەمەن درێژی بۆ دەخوازین.

 ٭ زۆر سوپاس بۆ مامۆستا عەلی عوسمان کە کورتەی ژیاننامەی ئەدەبی خۆی بۆ ناردم و وەڵامی پرسیارەکانی داومەتەوە.وێنەی بەرگی کتێبەکانی بۆ ناردووم لەگەل چەند وێنەیەکی خۆی.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە